لاپەڕەی سەرەکی پرسی ئازادی ژنانی ناو ڕێكخراوەكان لەئوتێلی پێنج ئەستێرەدا باسی خەمەكانی ژنانی مافخوراو دەكەن!

ژنانی ناو ڕێكخراوەكان لەئوتێلی پێنج ئەستێرەدا باسی خەمەكانی ژنانی مافخوراو دەكەن!

0 تێبینییەکان 9 بینینەکان

kushtny jnansuyany jnanئا: سروە

هەركات ژنێك دەكوژرێت یان توندوتیژی بەرامبەر دەكرێت‌و له‌مافەكانی بێ‌بەش دەكرێت باسی ڕۆڵی ڕێكخراوەكانی ژنانە دێتەوە كایە، بەبڕوای چالاكێكی بواری مافەكانی ژنان كۆبونەوەی ناو ئوتێله ‌پێنج ئەستێرەییەكان “زەڕەیەك كاریگەری لەسەر باشكردنی ڕەوشی ژنان دانانێت”، ئەندامی ڕێكخراوێكیش ده‌ڵێت “هەندێك له‌ڕێكخراوەكان لەسەر ناوی ژنان كار بۆ حزب دەكەن”.

زۆرجار دەوترێت ڕێكخراوەكانی ژنان نەیانتوانیوە هیچ شتێکی کرداریی بۆ وەرگرتنەوەی مافەكانی ژنان زیاد بکه‌ن، گوڵستان سەعید, چالاكی بواری مافەكانی ژنان هەمواركردنی یاسای باری كەسێتی‌و یاسای توندوتیژی خێزان بەتەنها دەسكەوتی ڕێكخراوەكانی ژنان دەزانێت پاش ساڵی 1991, “هەرچەندە بەجدی جێبەجێنەكراون”.

ئەو نمونە بۆ وتەكانی دەهێنێتەوەو ده‌ڵێت “له‌بابەتی فرەژنیدا پێشێلكاریی زۆر دەبینین كە له‌دەرەوەی هەرێم پڕۆسەكە له‌ڕوی یاساییەوە ئەنجامدەدرێت‌و هیچ ڕێگرییەك نییە، جگە لەوەی ئەوان له‌هۆشیاركردنەوەی هاوڵاتیاندا سستن هەر بۆیە كۆمەڵگایەكی توندوتیژمان هەیە كە تاكی توندوتیژ بەرهەم دەهێنن”.

بێریڤان محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوبەرایەتی ڕێكخراوی ژنانی ئازادی كوردستان پێی وایە ناكرێت بڵێین ڕێكخراوەكان هیچییان نەكردوە “ئەو كەمە مافەی ژنان گەر بەدەست هاتبێ‌بەهۆی خەباتی ژنان‌و ڕێكخراوەكانەوە بوە، بەڵام ئەوەندە كەمە لەبەرامبەر هەمو  ئەو توندوتیژیانەی كە لەسەر ژنان هەیە چ لەسەر ئاستی حكومەت‌و چ لەسەر ئاستی خێزانەكان, كە هێرشێكی پیاوسالاری بەرفراوان لەسەر ژنان هەیە‌و ژنان كۆمەڵكوژی دەكات”.

زۆرجار دەوترێت ژنانی ناو ڕێكخراوەكان لەئوتێلی پێنج ئەستێرەدا باسی خەمەكانی ژنانی بێبەش له‌هەمو شت دەكەن‌و ناچنە ناو لادێ‌‌و شوێنە دورەدەستەكان تا بزانن خەمەكانیان چییە، لەوبارەیەوە گوڵستان سەعید بەئاوێنەی ڕاگەیاند “ئەوانەی له‌ئوتێله ‌پێنج ئەستێرەكان چالاكی ته‌شریفاتی ئەنجام دەدەن دڵنیایان دەكەمەوە كە هیچ سودێكی نییە بۆ خەڵكی‌و بەتایبەت بۆ ژنان چونكە ئەو چالاكییانە بۆ دەستەبژێرێكە كە ئەوانیش پێویستییان بەوە نییە‌و له‌هەمان كاتدا پارەیەكی زۆر خەرج دەكرێت‌و زەڕەیەك كاریگەری لەسەر باشكردنی ڕەوشی ژنان دانانێت بەئاڕاستەی بەدەستهێنانی مافەكانیان”.

 چارەسەركردنی كێشەكانی ژنان لەدیدی بەشێك له‌چالاكانەوە بۆیە بەرەو پێشچونێكی بەرچاو بەخۆەوە نابینێت چونكە شێواز‌و میكانیزمی كاركردنیان نەگۆڕاوە، بێریڤان محەمەد لەوبارەیەوە دەڵێت “لەبەرامبەر هەندێك ڕێكخراودا كە ئیمكانیاتی خراوەتە بەردەست‌و هاوكاری دەكرێت، هێشتا بەلۆژیکی 20 بۆ 30 ساڵ پێش ئێستا بیر له‌كێشەی ژن دەكەنەوەو لەسەر ناوی ژنان كار بۆ حزب دەكەن‌و لەسەر قوربانیەكانی ژنان دەژین، ڕێكخراوی ژنان بەئاستێک‌ناشرین كراوە له‌كۆمەڵگا كە ئەو تێكۆشانەی دەیكا كاریگەری نییە بۆیە نەك هەر ڕێكخراوەكان نەیانتوانیوە ڕێ‌له‌كۆمەڵكوژی ژنان بگرن بەڵكو كوشتن‌و توندوتیژییەكان زیاتر دەبێت”.

بۆئەوەی ژن‌و كێشەكانی له‌چوارچێوەی مرۆڤبوندا ببینرێت‌و پێشێلكارییان بەرامبەر نەكرێت گوڵستان سەعید بەپێویستی دەزانێت ئەوانەی له‌ڕێكخراوو دەزگا پەیوەندیدارەكاندا كار بۆ مەسەلەكانی ژنان دەكەن میكانیزمی كارەكانیان بگوێزنەوە بۆ ناو ماڵەكان‌و هەروەها بەرنامەی هۆشیاری بەرفراوان ئەنجام بدرێت له‌گوند‌و گەڕەكە هەژارنیشینەكان چین‌و توێژەكان ئاشنا بكەن بەیاساو سزا‌و مافەكانیان تا هەمو كەس بزانێت كە تاوانێك ئەكات سزاكەی چییە “هەركەسیش زوڵمی لێدەكرێت دادگاو یاسایەك هەیە مافی بۆ وەربگرێتەوە، جگە لەوەش تاكەكانی ناو خێزان درك بەبونی خۆیان‌و ڕەهەندە جیاواز‌و پەیوەستەكانی ژیانی خۆیان بكەن‌و هەمو ڕەفتارێكی مرۆڤانە لەگەڵ یەكتر بكەن‌و هیچ كەس مافەكانی بەرامبەری پێشل نەكات هەمو هەست بەیەكسانی نێوان نێرو مێ‌بكەن‌و ئەو عەقڵەی ڕێخۆشكەرە بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی‌و جیاكاری ڕەگەزی، دەستبەرداری بن”

بێریڤان محەمەدیش پێشنیاردەكات ژنان پێش هەر شتێك ریزەكانیان یەكبخەن‌و كۆتایی بەپەرتەوازەیی بهێنرێت‌و تێكۆشانی فكری‌و هۆشیاركردنەوە بەرامبەر بەزهنییەتی پیاوسالاری بنچینەیی بێت بۆ كۆتاییهێنان بەكوشتن “هەروەها هەوڵی دروستكردنی هێزی پاراستنی ژنان بدەن، جگە لەوەش دەبێت سود له‌ئەزمونی ژنانی ڕۆژئاوای كوردستان ببینن كە هەمو دونیا ئێستا بەهەوڵەكانیان سەرسامن كە له‌بواری سیاسی‌و ڕێكخراوەیی‌و یاسایی‌و كۆمەڵایەتی گەیشتونەتە لوتكە”.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە