پێشبینیدەكرێت داهات بۆ 69 ملیار دۆلار لەساڵێكدا كەمبێتەوە لەكاتێكدا موچەی فەرمانبەران پێویستی بە 50 ملیار دۆلار هەیە.
ئابوری عێراق بەدەست مەترسیەكی دوو سەرەوە دەناڵێنێت، كە خۆیان دەبیننەوە لەدابەزینی نرخی نەوتو پاڵپشتینەكردنی كەرتی تایبەتو پڕۆژەكانی وەبەرهێنان، دامەزراوە نێودەوڵەتیەكانیش پێشبینیدەكەن قەیرانی دارایی، عێراق ناچار بەكەمكردنەوەی قەبارەی بودجەی ساڵی داهاتوو بكات.
هەریەكە لەسندوقی دراوی جیهانیو بانكی نێودەوڵەتی هۆشداریدەدەن لەشڵەژانی گەورە لەچونی خاوەن سەرمایەكان بۆ عێراق، ئەوەش زیان بەگەشەی ئابوریو سەقامگیری دارایی عێراق دەگەیەنێت. لەكاتێكدا بانكی نێودەوڵەتی عێراقی بەخراپترین وڵاتان داناوە بۆ كارە بازرگانیەكان لەساڵی 2015.
بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی شەرقولئەوسەت، چاوەڕواندەكرێت حكومەتی عێراق دەستبكات بەجێبەجێكردنی سیاسەتی كەمكردنەوەی خەرجی، لەگەڵ بەرزكردنەوەی رێژەی باج لەسەر هەندێك خزمەتگوزاریی، لەكاتێكدا كەرتی كار گرفتی تێدایەو زۆربەی فەرمانبەران لەرۆژێكدا تەنیا چەند خولەكێك كاردەكەنو لەبەرانبەردا پاداشتی دەوامی تەواو وەردەگرن.
دەسەڵاتدارانی عێراق دەڵێن، نزیكەی 100 هەزار فەرمانبەر لەكەرتی گشتی عێراق، پاداشتی تەواو وەردەگرن بەبێ ئەوەی هیچ شتێك پێشكەشبكەن كە بارودۆخی دارایی بەرەوپێشەوە بەرێت، ئەوەش كەموكورتیەكی گەورەیە لەسەر گەشەی ئابوری عێراق. بەپێی راپۆرتەكەی شەرقولئەوسەت.
مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژكاری ئابوری سەرۆك وەزیرانی عێراق، دەڵێت “زۆربەی فەرمانبەرانی كەرتی گشتی رۆژانە نزیكەی 10 بۆ 17 خولەك كاردەكەن، لەبەرانبەردا بەشێكی گەورە لەبودجەی وڵات دەبەن”.
وتیشی كە لەسەدا 75ی فەرمانبەران كە ژمارەیان نزیكەی چوار ملیۆن كەسە، زۆر لەرێژەی پێویست زیاترن.
بەپێی راپۆرتەكەی شەرقولئەوسەت، بە لەبەرچاوگرتنی دابەزینی نرخی نەوت، حكومەتی عێراق روبەڕوی بارێكی قورس بوەتەوە لەپێدانی موچەی فەرمانبەرانیدا.
بەبڕوای راوێژكاری ئابوری عەبادی، پێشبینیدەكرێت داهاتی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2016 بۆ 69 ملیار دۆلار پاشەكشە بكات، لەكاتێكدا حكومەت ساڵانە تەنیا بۆ دابینكردنی موچەی فەرمانبەرانو خانەنشینان پێویستی بە 50 ملیار دۆلار هەیە.
ئەوەش لەكاتێكدایە، بەپێی رەشنوسی پڕۆژەی بودجەی 2016ی عێراق كە وەزارەتی دارایی رادەستی ئەنجومەنی وەزیرانی كردووە، قەبارەی بودجەكە 113 تریلیۆن دیناردەبێتو زیاتر لە 29 تریلیۆنی كورتهێنان دەبێت، بۆ پڕكردنەوەی ئەو كورتهێنانەش پەنا بۆ قەرزی دەرەكیو چەند رێگەچارەیەكی دیكە دەبرێت، لەكاتێكدا قەبارەی بودجەی ئەمساڵ 119 تریلیۆن دینار بوو كە 25 تریلیۆنی كورتهێنان بوو.
هەر بەپێی پڕۆژەكە، داهاتی ساڵی داهاتوی عێراق زیاتر لە 84 تریلیۆن دینار دەبێت، لەسەر بنەمای فرۆشتنی سێ ملیۆنو 600 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، نرخی بەرمیلێك نەوتیش بە 45 دۆلار خەمڵێنراوە، لەكاتێكدا بەپێی یاسای بودجەی 2015 داهاتی عێراق بەنزیكەی 100 تریلیۆن دینار دانراوە، لەسەر بنەمای هەناردەكردنی رۆژانەی سێ ملیۆنو 300 هەزار بەرمیل نەوتو نرخی هەر بەرمیلێكیش بە 56 دۆلار دانرابوو.
حكومەتی عێراق بۆ روبەڕوبونەوەی كەمبونەوەی زیاتری داهات، لەپرۆژەی بودجەی 2016 خەرجیە گشتیەكانی بەڕێژەی نزیكەی لەسەدا 41 كەمكردوەتەوە بەراورد بەخەرجیە خەمڵێنراوەكانی 2015، ئەوەش بەهۆی فشاری دابەزینی نرخی نەوتەوە كە داهاتی عێراقی روی لەكەمبونەوەی بەرچاو كرد.
هەرچەندە عێراق بەراورد بەساڵی رابردوو، لەمساڵدا بەرهەمهێنانی نەوتی بۆ زیاتر لەچوار ملیۆن بەرمیل نەوت بەرزكردۆتەوە، بەڵام تائێستاش بەدەست قەیرانێكی گەورەی داراییەوە دەناڵێنێت، بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە، كە لەناوەڕاستی 2014وە لەسەدا 60ی نرخەكەی لەدەستداوە، ئەمە سەرەڕای خەرجیەكانی شەڕی دژی داعش.
حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق، 14ی (ئەیلول/9)ی ئەمساڵ رایگەیاندبوو، هەوڵدەدەن خەرجیەكانیان كۆنتڕۆڵ بكەن، هەروەها چارەسەر بدۆزنەوە بۆ خەرجكردنی موچەی فەرمانبەران.
بەپێی دامەزراوەی (ستاندرد ئەند بورز) كە پۆلێنی وڵاتان دەكات، عێراق پێویستی بەوەیە نرخی نەوت 100 دۆلارو شەش سەنت بێت بۆ هەر بەرمیلێك، تا هاوسەنگی رابگرێت لەبودجەی ئەمساڵدا.
هاوكات لەگەڵ دابەزینی زیاتری نرخی نەوت، عێراق روبەڕوی بارودۆخێكی قورس بۆتەوە بۆ زیادكردنی زیاتری بەرهەمی نەوت، بەشێك لەكۆمپانیاكانیش هێشتا لەوەبەرهێنان بەردەوامن، سەرەڕای دواكەوتنی مافە داراییەكانیان.
بەپێی راپۆرتەكەی شەرقولئەوسەت، كۆمپانیا بیانیەكان وایدەبینن كە هەلی زیادكردنی بەرهەمی نەوت لەعێراق لاوازە لەئێستاداو داهاتودا، ئەوەش دوای ئەوەی بەغدا داوای كەمكردنەوەی خەرجی گەشەپێدانی كارەكانی بەرهەمهێنانی كرد، سەرەڕای نەبونی سیولەی پێویست لەبەردەست حكومەتدا بەهۆی دابەزینی داهاتی نەوتەوە.
لەئیستادا كۆمپانیا بیانیەكانی نەوت، بەتایبەتی كۆمپانیای (بی پی) بەریتانی، پێشبینیدەكات بەرهەمی نەوتی عێراق لەنێوان ساڵانی 2016 بۆ 2020 كەمبێتەوە، بەراورد بەپێشبینیەكانی رابردوو.
لەئێستادا عێراق پێشبینیەكانی بۆ بەرهەمی نەوت كەمكردۆتەوەو پێشبینی بەرهەمهێنانی پێنج ملیۆنو نیو تا شەش ملیۆنی رۆژانە دەكات تا ساڵی 2020، لەكاتێكدا پێشتر ئامانجەكەی 12 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە بوو.