رەوشەن بەلقیس:
مرۆ لە هەر کۆمەڵگەیەکدا بژی بیر لە شتگەلێکی ئەرێنی و نەرێنی نێو کۆمەڵگەکەی دەکاتەوەو درکی پێ دەکات.. ئەو شتگەلانەش سەرچاوەکەی نەریتی کۆمەڵگەیە یا سروشتی ژینگەی کۆمەڵگەکەی یا ئاین و هەر چەشنە شتگەلێکی تر.. کە کاریگەری دەبێ بە سەر ژیانی مرۆڤ و ڕۆژانە کاری پێ دەکا، بەشێ لەو مرۆڤانە هەوڵی زیاکردنی شتە باشەکان و گۆڕینی خراپەکان دەدەن، هەندێکێشیان ئامادەنین شتگەلە خراپەکان بگۆڕن کە کاریگەری خراپی لۆ خۆیی و کۆمەڵگەکەی لێ دەکەوێتەوە. چونکێ باوەڕی وایە بە گۆڕینی بیروڕاکانی ئەنجامی خراپی لێ دەکەوێتەوە؟
بەشێکی زۆری کۆمەڵگە کە نەریت و کەلتوورێکی دژە مرۆیانە پەیڕەو دەکەن.. کەچی تاکەکان کردوتیانە سەرچاوەیەکی سەرەکی ڕەفتارو گوفتارو ئاکاریان، بە هیچ شێوەیەک گۆڕانکاری قەبوڵ ناکەن و ڕەتی هەموو بیروبۆچونێکی سەردەمیانە دەکەنەوە؟ بە تایبەتی لە مەڕ دۆخی نەبوونی ئازادی- سەربەستی لۆ ژنان، پێم وایە کەلتورو نەریتی کۆن پلەی یەکەم بە دەست دێنن لەوەی کە کاریگەرییەکی زۆری لە سەر ڕەفتارو ئاکاری مرۆڤ هەیە، چونکە هەر لە مندارییەوە بە هۆی چەقبەستوویی نەریت و کەلتوری کۆمەڵگەکەی بە سەرییەوە ڕێگری لێ دەکات لە بیرکردنەوەو هەوڵدان لۆ گۆڕانکاری لۆ وێنە: دایکان لە نێو چوار دیواری ماڵ؟ خۆیان و کچەکانیان وا ڕادێنن فێریان دەکەن کە ئەوان مێینەن و جیاوازن لە ڕەگەزی نێرینە؟ بە بێ ڕونکردنەوەی هیچ شتێک لە سەر ڕاستی ئەو کێشەیە.
ژن وا بەو کەلتورو نەریت بەستراوەتەوە کە نەتوانێ بە بێ ڕەزامەندی (باب، برا، هاوسەر) نێرەووەزیی تر (مام، خاڵ، ئامۆزا) تەنانەت لۆ بەر دەرگای ماڵەکەشی ناتوانێ هەنگاو بنێ! یاخود داک وا کچەکەی پەروەردە دەکات کە دەبێ ڕێز لە براکەی بنێ ئەویش بە هۆی نێربوونییەوەو وای ڕادێنێ لە مندارییەوە بە برا بچوکەکەی برێ کاکە.. وای تێدەگەیەنێ کە تا براو باوکی ئامادەنەبن خواردن ناخۆن و ناتوانن پشوبدەن؟! وا فێری دەکات کە لە پێش برا، باب پاڵنەکەوێ و قسە نەکات لە خزمەت نێرەوەزان بوەستێ؟ وە کاتێ کە نێرینە ڕۆنیشت ئەو دەبێ لە شەرمی ئەوەی کە مێیە خۆی لە کون و قوژبنی ماڵ بشارێتەوە و ورتەی لیوەنێ- پێنەکەنێ – جرت و فرت لە پێش نێرینە نەکات – سەری دانوێنێ و بڵندی نەکات؟؟!! بە کورتییەکەی هەموو توخم و بەهاکانی مرۆیی لە خۆیی و کچەکەی دادەماڵێ ونەهی لە مرۆڤبوونی خۆیان دەکەن؟!
هەموو ئەو دایکانە هەر یەکەیان بە چەشنێ تاوانبارن و پەروەردەی یەک قوتابخانەی کۆنەپەرستی زاڵی نێرسالاریین، ئیتر ئەو مێینەیە بە هۆی ئەو پەروەردە خراپەی داکی خەون و ئازادی و ئامانج و مافەکانی لە گۆڕدەنێ.. بێ هیواو بێ هەبوونی سەربەستی لە ژیانی خۆی ژین بەڕێ دەکات و ئەو پەروەردەیەش دەکاتە هەمان پەیڕەو و پڕۆگرام و بەرنامە لۆ کچەکەی؟! بەمەش ڕەگەزی مێینە نەوە دوای نەوە دەچەوسێندرێنەوەو لە نەریتی کۆنی کۆمەڵگەکەی رزگاری نابێ؟
هەمیشە لە دواوەی ئەو کۆمەڵگەیەدا دەمێنێتەوە کە زۆرترین بەرنامەو پەروەردەی سەردەمیانەو باشی لۆ ژنان ڕەخساندووە. تاکە چارەسەریش لۆ لە نێوبردنی ئەو پەتایە کە ژیانی ژنانی تێکداوە گۆڕینی داب و نەریت و وەرگرتنی نەریتی نوێ و قبوڵکردنی بیروڕای ئازادو کردنەوەی خولی رۆشەنبیریی لۆ دایکان و تێگەیاندنیان لەوەی کە ئەوانیش مرۆڤن و خاوەن هەمان ئەو ماف و ئازادیانەن کە رەگەزی بەرامبەر هەیەتی.