سەرم نە زوڵم دەتوانێ دایخا،
نە مەرگ،
نە ترس!
سەرم تەنها لە پێناو ماچکردنی دەستەکانی تۆ دایە
کە دادەنەوێ…
تەنیایی.
تەنیایی
گەلێک شت
فێری مرۆڤ دەکا
بەڵام تۆ مەرۆ…
لێگەرێ با نەزان بمێنمەوە.
تێڕامان لە تۆ گەلێک جوانە.
تێڕامان لە تۆ گەلێک جوانە
و هیوا بەخش
هەروەک گوێدانە خۆشترین دەنگ لە دونیادا
کاتێک کە جوانترین هەڵبەستەکان دەچڕێ
بەڵام تەنها هیوام بەس نییە
ئیتر نامهەوێ گوێ بدەمێ
ئەمهەوێ خۆم ستران بچڕم…
بە دزییەوە.
من هێشتاکەش
جاروبار
بە دزییەوە خەو بە تۆ دەبینم…
بە دزییەوە سەیرت دەکەم…
بانگت دەکەم…
بەینی خۆمان بێ
بەڵام من
هێشتاش تۆم
بە دزییەوە خۆشدەوێ.
ئێمەیان بەند کردوە.
ئێمەیان بەند کردوە
زیندانیان کردووین
منیان لەم ناوەدا
و تۆیان لە دەرەوەدا
بەڵام ئەمە هیچ نییە
لەپڕ کاتێکە کە هەندێک
ئاگا و بێ ئاگا
زیندان لە دەروونیاندا پەروەردە دەکەن.