من نەخۆشم
جەستەیەکم لە زام
سەرێک لە ژان
دڵێک لە ئازار
هەموو شەوێ تا وادەی سەحەر
من بەدەم تاوە وڕێنە ئەکەم و
تۆ ئەخەمە دەیان رستەوە …
رستەی خۆشەویستیی
رستەی تورەیی
رستەی بێباکی
رستەی غەمناکی
رستەی پرسیار
بەڵام بە دەم ورێنەشەوە دڵم نایە بتخەمە رستەی مردن و نەمانەوە !!
من نەخۆشم ، هەموو رۆژێ
لە قاوەی تاڵی بەیانەوە ، تا شەرابی مەستی ئێوارە
بە چاوی پر ئازارو گلەوە
بە رۆحێکی بێ قەرارەوە
لە پەنجەرەیەکی شکاو ئەروانم
هەموو عاشقەکان بە کوچەی خەیاڵما گوزەر ئەکەن
شەم ،لە ئێلاخەوە هاتۆتەوە
لای داوەتە لای دێوانە ، بە کڵۆیەک قەندو نەباتەوە
دوو چای تاڵ ئەخۆنەوە
لە ژێر دار هەرمێیەکا خەج بە شەدەیەکی نارنجی و مۆرەوە
سەری سیامەندی لە سەر رانە
غەزال بە دوو چاوی بەڵەکەوە لە باڵای کاکە لاس ئەروانێ
ئەویش بە دەنگێکی ئاویی گۆرانی بۆ ئەڵێ
قەرو گوڵە زەر لەسەر پشتی سیمورغێک
بە کەنارەکانی مانگە شەوا پیاسە ئەکەن
بەڵام کەسیان ئاورێک لە پەنجەرە شکاوەکەی من نادەنەوە
من نەخۆشم
بە مردنم وت :
کەمێکی کەش لەسەرم بوەستە
کەمێکی کە …
ئەرخەوان رەسوڵ
لەو رۆژەوە تۆ
دەرگاکانت بەسەر تەنیایی رۆحما داخست و رۆیشتی