
ئەحمەد حاجی رەشید بڕیاردەری لێژنەی دارایی و ئابووری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق به ئاژانسی ئانادۆڵی راگهیاندوه، ئەو چاكسازییانەی سەرۆكوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی دەستی بۆ بردوون رێخۆشكەرە بۆ هەڵدانەوەی سەرجەم دۆسیەكانی گەندەڵی و بەهەدەردانی سەرمایەی عێراق لە چەند ساڵی رابردوو، دەشڵێت “هەنگاوێكی دڵخۆشكەرە بەرەو ئاراستەیەكی تەندروست”.
دەشڵێت: لەبەر ئەوەی ئەو چاكسازییانە داواكاری شەقامی عێراقە و مەرجەعییەتی باڵای شیعە عەلی سیستانی-شی لە پشتەوەیە تا رادەیەك جێبەجێ دەكرێن و كەس جورئەتی ئەوە ناكات رێگیریان لێ بكات.
لەبارەی هەرێمی كوردستانیشەوە ئەحمەد حاجی رەشید ئاشكرایكرد “ئەو چاكسازییانەی عەبادی جگە لەوەی فەوجی چەندین بەرپرسی كورد لە بەغدا دەگرێتەوە كە پێنج فەوجن، هاوكات ئەو دۆسیەیانەش دەگرێتەوە كە پەیوەندی بە هەرێمی كوردستانەوە هەیە لەنێویاندا دۆسیەی نەوت”.
نۆی ئەم مانگە سەرۆكوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی هەڵمەتی چاكسازیی كردن لە دامودەزگاكانی دەوڵەت راگەیاند و بەرەبەیانی ئەو رۆژە بۆ گەلی عێراق بە رۆژێكی مێژووی دانرا دوای خۆپیشاندانەكانی دژ بە بەرپرسانی گەندەڵ كە لە بەغداوە سەریهەڵدا، دیارترین چاكسازییەكانیش بریتی بوون لە چوار تەوەر، چاكسازی كارگێڕی، چاكسازی دارایی، چاكسازی ئابووری، خزمەتگوزارییەكان، لە بڕیارەكەیدا كەمكردنەوەی پاسەوانی بەرپرسان و ئیمتیازەكانییان و كەمكردنەوەی وەزیرانی كابینەكەی بۆ 22 وەزیر و لابردنی پۆستەكانی جێگرانی سەرۆكوەزیران و كۆمار و نەهێشتنی جیاوازیی لە مووچە و لەسەر كارلابردنی چەندین بەرپرس و قەدەغەكردنی سەفەركردنییان بۆ دەرەوە و راسپاردنی دەستەی دەستپاكی و ئەنجوومەنی دادوەری بۆ بەدادگایی گەیاندنی گەندەڵكاران دیارترین بوون.