وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە چەند مەرجێك، ڕێگە بە مامۆستایان دەدات، لە نێو سنووری پەروەردەی شارۆچكەكەیاندا داوای گواستنەوە بكەن.
بەهۆی ئەوەی هیچ میلاكێكی نوێ دانەمەزرێندراون، وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ساڵی ڕابردوو گواستنەوەی سەرجەم مامۆستایانی بۆ شارۆچكە و پارێزگاكان ڕاگرت، بەڵام بۆ ساڵی نوێی خوێندن، وەزارەتەكە رێگە بە مامۆستایانی شارۆچكەكان دەدات، داوای گواستنەوە بكەن.
لەمبارەیەوە بە پێی بڕیاری ژمارە (12326)ی وەزارەتی پەروەردە كە واژووی “پشتیوان سادق”ی وەزیری پەروەردەی بەسەرەوەیە و لە 5/8/2015دا دەركراوە، بە چەند مەرجێك، ڕێگە بە مامۆستایانی پەروەردەی شارۆچكەكان دەدرێت، داوای گواستنەوە بكەن.
لەو نووسراوەدا كە بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەكان نێردراوە، ئاماژە بەوە دراوە: “ڕێكخستنەوەی میلاك یان گواستنەوەی مامۆستایان، تەنها لە سنووری پەروەردەی شارۆچكەكان دەبێت، بە مەرجێك كێبڕكێ بكرێت بۆ ئەو شوێنەی بۆی دەگوازرێتەوە، هەروەها لە شوێنی خۆیدا بۆشایی (شاغر) دروست نەبێت و ئەو شوێنەشی كە بۆی دەچێت، پێویستی پێی هەبێت و سەرجەم وانەكان بڵێتەوە”.
لە بەشێكی دیكەی نووسراوەكەی وەزارەتی پەروەردەدا هاتووە: “گواستنەوەی مامۆستایان بۆ ساڵی خوێندنی (2015 – 2016)، هەردوو قۆناغی بنەڕەتی و ئامادەیی دەگرێتەوە، دوای ئەوەی لێژنەیەك لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی پەروەردەی پارێزگاكان و بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی شارۆچكەكان پێك دێت، كار بۆ ڕێكخستنەوەی میلاكاتی مامۆستایان دەكرێت”.