مەزڵوم عەبدی، راوێژكاری سهرۆكایهتی كۆماری سوریا، لە کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ دانیشتوانی دربێسی داوای لە هەمو پێکهاتەکان کرد پشتیوانیی لە کاراکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت بکەن لە شارەکەدا. پەیوەست بە ئاژاوەگێڕییەکان وتی، ئاژاوەگێڕی و نانەوەی دوبەرەکی جێگەی قبوڵکردن نییە.
مەزڵوم عەبدی له كۆبونهوهیهكدا لهگهڵ دانیشتوانی شاری دربێسی، باسی لهوهكرد، “بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی ئینتێگراسیۆن و پاراستنی ئەو دەرفەتانەی کە لە ماوەی 15 ساڵدا بەدەستهاتون، لە قۆناغی ئێستادا برەودان بە کاری هاوبەش پێویستە”.
ئاماژهی بهوهشكرد، “پڕۆسەی ئینتێگراسیۆن بۆ هەمو پێکهاتەکانی ناوچەکە لە عەرەب، کورد، سریانی-ئاشوری و ئەرمەنی، هەمو کارمەندانی دامەزراوەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییە”.
مەزڵوم عەبدی رونیكردهوه، “رێکخستنی خۆپیشاندان بە شێوەیەکی ئاشتییانە، مافی هەموانە، دەوڵەتیش سەیری داخوازییەکانی هاوڵاتییان دەکات، بەڵام ئاژاوەگێڕی و هەوڵ بۆ ڕێگریکردن لە پڕۆسەی ئینتێگراسیۆن کە گەیشتوەتە قۆناغی کۆتایی، جێی قبوڵکردن نییە”.
مهزڵوم عەبدی داوای لە پێکهاتەکانی ناوچەکە کرد کە هاوپشتی و یەکگرتویان بەهێز بکەن و یەکڕیزبن بۆ پشتیوانیی کاراکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت لە پارێزگاکە، بە یەکێتیی خۆیان دژی هەمو هەوڵەکانی نانەوەی دوبەرەکی و دابەشکردن بوەستنەوە، نانەوەی دوبەرەکی نە دەکەوێتە خزمەت وڵات، نە داهاتوی ناوچەکە.
مەزڵوم عەبدی داوای لە هاوڵاتییان کرد کە پشتیوانی لە منداڵەکانیان بکەن بە مەبەستی گەڕانەوەیان بۆ قوتابخانەکان، لەپاڵ زمانی عەرەبی، فێری زمانی کوردی ببن، پێویستە زمانی دایک بپارێزرێت و بونی لە پڕۆسەی خوێندندا پەرەی پێبدرێت.
دۆخی رۆژاڤای کوردستان (باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا) لە ساڵی 2026دا و لەژێر سایەی کابینەی نوێ و حکوومەتی ڕاگوزەری سووریا بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەڕع، بە قۆناغێکی ڕاگوزەری هەستیار و پڕ لە گۆڕانکاریی ڕادیکاڵدا تێپەڕدەبێت، دوای گۆڕانکارییە گەورەکان كه دوای روخانی ئەسەد هاتنه ئاراوه، پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و هێزە کوردییەکان لە نێوان ڕێککەوتنی سیاسی، فشار بۆ تێکەڵبونەوە و مەترسیی ئەمنیدا دەخولێتەوە.