نەجیبە مەحمود:
لە هەر کۆمەڵگەیەکدا، نوسەر و هونەرمەند و ڕۆشنبیر تەنها بەرهەمهێنەری وشە و وێنە و هونەر نین، بەڵکو بەشێکن لە ویژدانی زیندوی گشتیی ئەو کۆمەڵگەیە. لە کاتێکدا کە خەڵک توشی کێشە و دەرد و نادادپەروەری دەبن، چاوەڕوانییەکە لە ئەوان زیاتر دەبێت ، ببینن، بیر بکەنەوە، بپرسن و دەنگ بن بۆ ئەوەی دەنگیان کەمتر دەبیسترێت.
بەڵام ئەو ڕۆڵە کاتێک لاواز دەبێت کە ڕۆشنبیر و هونەرمەند خۆی بکاتە بەشێک لە دەسەڵات.
دەسەڵات دەتوانێت پشتگیری بکات، دەتوانێت بۆ هونەر و کەلتور بودجە و هەلی کار دابین بکات و دەتوانێت ڕێگا بۆ گەشەکردنی بەرهەمە هونەرییەکان خۆش بکات. بەڵام هیچ پشتگیرییەک نابێت بە نرخی لەدەستدانی ئازادیی بیر و قەڵەم بێت.
چونکە کاتێک قەڵەم بە هۆی پەیوەندییەکانەوە دەستبەستراو دەبێت، ئەوا کێشەکە تەنها کێشەی تاکێک نییە ، بەڵکو کۆمەڵگە بەشێک لە دەنگی ڕاستگۆی خۆی لەدەست دەدات.
ڕۆشنبیر نابێت ببێتە دروستکەری وێنەیەکی جوان بۆ واقعێکی ناخۆش. هونەرمەند نابێت تەنها ئەو شتانە پیشان بدات کە دەسەڵات حەزی لێیە. نوسەر نابێت قەڵەمەکەی بە پێی ئارەزوی دەسەڵات بگۆڕێت.
لە هەمان کاتدا، ڕەخنەکردن بە مانای دژایەتی نییە. کەسێک کە ڕەخنە دەگرێت، دەتوانێت بە دڵسۆزییەوە بۆ چاککردنی کۆمەڵگە قسە بکات. کۆمەڵگەیەکی زیندو ئەو کۆمەڵگەیەیە کە تێیدا ڕێگا بە پرسیار و جیاوازیی بۆچون و ڕەخنەی بنیاتنەر دەدات .
ئەرکی ڕۆشنبیر ئەوە نییە کە هەمیشە لەگەڵ دەسەڵات بێت، هەروەها ئەرکەکەشی ئەوە نییە کە هەمیشە لە دژی بێت. ئەرکی سەرەکیی ئەوەیە لەگەڵ ڕاستی و لەگەڵ بەرژەوەندیی گشتی بێت.
لە دۆخێکی قورسدا، کە ژیانی خەڵک پڕە لە نیگەرانی و کێشە، پێویستە قەڵەم و هونەر زیاتر لە هەر کاتێک سەربەخۆ بن. چونکە ئەگەر ئەوانیش بێدەنگ بن، کێ دەبێت پرسیارەکانی کۆمەڵگە بەرز بکاتەوە؟
ئێمە پێویستمان بە ڕۆشنبیرێک نییە کە تەنها دەسەڵات بناسێت و ببینێت ،پێویستمان بە ڕۆشنبیرێکە کە کۆمەڵگە بناسێت و ببینێت .
پێویستمان بە هونەرێکە کە تەنها خۆشی و جوانی نەگێڕێتەوە، بەڵکو ئازار و هیوا و ترس و ئاواتەکانی خەڵکیش بگوازێتەوە.
و پێویستمان بە قەڵەمێکە کە نە بە پارە بێدەنگ بکرێت و نە بە نزیکی لە دەسەڵات ، قەڵەمێک کە بتوانێت کاتێک پێویست بو بڵێت: ئەمە هەڵەیە، و ئەمە دەبێت چاک بکرێت.
چونکە ڕۆشنبیری کاتێک مانای خۆی هەیە کە سەربەخۆ بێت، و هونەر کاتێک بەڕاستی خزمەتی نیشتمان دەکات کە بتوانێت ڕاستییەکانی کۆمەڵگە بەبێ ترس بخاتە بەردەم خەڵک، دەسەڵات دەتوانێت پشتگیری هونەر بکات؛ بەڵام نابێت دەنگی هونەر بکڕێت، هەروەها کۆمەڵگە دەتوانێت پشتیوانی ڕۆشنبیران بکات، بەڵام نابێت چاوەروانی هەبێت لە بێدەنگ کردنی قەلەمەکەی .