لاپەڕەی سەرەکی هەواڵ و ڕاگەیاندن لە لیبیاوە بۆ ئیتاڵیا؛ ١٨ کۆچبەری کورد بەهۆی تێکشکانی یەختەکەیانەوە گیانیان لەدەستدا

لە لیبیاوە بۆ ئیتاڵیا؛ ١٨ کۆچبەری کورد بەهۆی تێکشکانی یەختەکەیانەوە گیانیان لەدەستدا

0 تێبینییەکان 48 بینینەکان

بەپێی نوێترین زانیارییەکان، ١٨ کۆچبەری کورد کە بە مەبەستی گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا لە ڕێگەی دەریای ناوەڕاستەوە گەشتیان کردبوو، لەناو دەریادا گیانیان لەدەستداوە. قوربانییەکان کە زۆرینەیان دانیشتووی سنووری ڕانیە و قەڵادزێن، یەختەکەیان لە کەناراوەکانی وڵاتی لیبیاوە بەرەو ئیتاڵیا بەڕێکەوتبوو.

 ​لەم بارەیەوە، ڕەنج پشدەری، چالاکوانی بواری کۆچبەران زانیاری زیاتری خستەڕوو و ڕایگەیاند؛ گەشتی ئەم کۆچبەرانە لە ڕێکەوتی ٥ی ئابی ئەمساڵدا دەستی پێکردووە، بەڵام پاش تێپەڕبوونی چوار ڕۆژ و لە ٩ی ئابەوە، پەیوەندی نێوان سەرنشینانی یەختەکە و کەسوکاریان بەتەواوی پچڕاوە. دواتر لە ناوەڕاستی هەمان مانگدا، خێزانی قوربانییەکان پەیوەندییان بەو چالاکوانەوە کردووە بە مەبەستی سۆراغکردن و زانینی چارەنووسی ڕۆڵەکانیان.

​لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ دۆزینەوە و زانینی چارەنووسی ئەو کۆچبەرانە، ڕەنج پشدەری سەردانی وڵاتی ئیتاڵیای کردووە و بەدواداچوونی وردی لە هەردوو دورگەی “پالێرمۆ” و “کالابریا” ئەنجامداوە. سەرەڕای پەیوەندیکردن بە نەخۆشخانەکان، زیندانەکان، بنکەکانی پۆلیس و ڕێکخراوی خاچی سوورەوە، هیچ جۆرە تۆمار و زانیارییەکی فەرمی سەبارەت بە ڕزگاربوون یان دەستگیرکردنی ئەو کۆچبەرانە دەستنەکەوتووە.

​لەلایەکی دیکەوە و وەک بەڵگەی یەکلاکەرەوەی ڕووداوەکە، ڕێکخراوێکی ئەڵمانیی تایبەت بە پرسی کۆچبەران بەناوی (سۆس – SOS)، لە ڕێگەی فڕۆکەیەکی چاودێرییەوە وێنەی یەختێکی تێکشکاو و نوقمبووی لەناو دەریای ناوەڕاستدا تۆمارکردووە.

​لە وێنەکاندا تەرمی ١١ کەس لەسەر پاشماوەی یەختەکە دەردەکەون، کە ئەمەش بە بەڵگەی خنکانی سەرجەم سەرنشینەکانی دادەنرێت و تا ئێستاش تەرمەکانیان لەناو دەریادا نەهێنراونەتە دەرەوە. یەکێک لە دیمەنە سەرنجڕاکێشەکانی ناو وێنەکان کە لەلایەن چالاکوانەکەوە ئاماژەی پێدراوە، دەرکەوتنی تەرمی یەکێک لە قوربانییەکانە کە لەسەر سنگی تاتۆی کردووە و بە ڕوونی نووسراوە “دایە گیان”.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە