مەزڵوم عەبدی ڕایگەیاند، سووریایەکمان دەوێت بۆ هەموو پێکهاتەکان بێت و مافی هەموانی تێدا پارێزراو بێت، ئەمڕۆ بارودۆخەکە گۆڕاوە و وڵات چووەتە قۆناغێکی نوێوە کە نیشانەکەی ئاشتی و بەشدارییە لە بنیاتنانەوەی سووریای نوێدا.
لە کۆتایی زنجیرەیەک کۆبوونەوەی سیاسی، سەربازی و ئەمنی کە لە دوێنێوە لە دیمەشقی پایتەختی سووریا بەرێوەدەچێت، بە مەبەستی تەواوکردنی بەندەکانی ڕێککەوتنی ٢٩ـی کانوونی دووەمی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و حکومەتی کاتیی سووریا بەڕێوەچوون، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات بەیاننامەیەکی بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە و ئاراستەی ئەحمەد شەرع، گەلی سووریا، ڕۆڵەکانی نیشتمان، هاوڕێیانی سەنگەر و بنەماڵەی شەهیدانی کرد.
دەقی پەیامەکەی مەزڵوم عەبدی:
“ئەمڕۆ لە ساتێکی مێژووییدا لە بەردەمتاندا وەستاوین کە تێیدا لاپەڕەیەک لە مێژووی سووریا دادەخەین و دەست بە کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ دەکەین کە نیشانەکەی ئاشتی، سەقامگیریی و بنیاتنانەوەی نیشتمانە.
لە سەرەتای دامەزراندنی هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە، شەرڤانانی بەرپرسیاریەتییەکی گەورەیان لە یەکێک لە دژوارترین قۆناغەکانی سووریا گرتە ئەستۆ. زۆرێک لە شار و شارۆچکەکانی سوریایان سەرەتا لە حوکمی بەعس و دواتر لە تێرۆری داعش ڕزگار کرد، لەمیانەی ئەم نەبەردییانەدا شەرڤانانی کوڕ و کچمان گرانبەهاترین شتی خۆیان پێشکەش کرد، گیانی خۆیان بەخشی و هەزاران شەهید کەوتن لە پێناو داهاتوویەکی ئارام بۆ مناڵانی سووریا.
ئەمڕۆ بارودۆخەکە گۆڕاوە و وڵات چووەتە قۆناغێکی نوێوە کە نیشانەکەی ئاشتی و بەشدارییە لە بنیاتنانەوەی سوریای نوێدا. دوای ڕێککەوتن لەگەڵ سەرۆک شەرع و تەواوکردنی پڕۆسەکانی تێکەڵکردنی هێزەکانمان لەناو لیواکانی سوپای سوریادا، ئەمڕۆ کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی سوریای دیموکرات و هەڵوەشاندنەوەی وەک هێزێکی سەربازی سەربەخۆ بە تەواوی بەرپرسیاریەتییەوە ڕادەگەیەنین.
یادی شەهیدانمان لەگەڵ خۆمان هەڵدەگرین و قوربانییدانیان لە ویژدانماندا دەپارێزین، چونکە ئەوان بۆ جەنگ نەجەنگان، بەڵکو بۆ ئەوە جەنگان ڕۆژێک بێت کە سورییەکان پێویستیان بە جەنگکردن نەبێت. دەمانەوێت ئەم ڕۆژە سەرەتای پەڕینەوەیەکی ڕاستەقینە بێت لە مەیدانەکانی جەنگەوە بۆ مەیدانەکانی بنیاتنانەوە، لە سەردەمی چەکەوە بۆ سەردەمی ئاشتی و لە قۆناغی بەرگریکردن لە سووریاوە بۆ قۆناغی بنیاتنانەوە سوریا.
مافی پەروەردە بە زمانی کوردی یەکێکە لە گرنگترین ئەو مافانەی کە گەلی کوردمان لە دەیەکانی ڕابردووەوە هەوڵی بۆ داوە، بەڕێز سەرۆک لە چەندین بۆنەدا پاراستنی ئەم مافەی ڕاگەیاندووە. وەک لەوەوە هەستمان پێکردووە، هەڵوێستێکی کراوەی هەبووە سەبارەت بە مافی پەروەردە بە زمانی دایک و گەشەپێدانی بڕیاری ئێستا لە داهاتوودا. لەم ساڵەدا کار لەسەر جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە دەکەین، بۆ ئەوەی بچینە قۆناگێکی تر لە داهاتوویەکی نزیکدا”.