کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان بڵاوکردەوە، لە ڕاپۆرتەکە داوا لە حکومەتی کاتیی سووریا دەکات، ئاسانکاری بکات بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە و شکۆمەندانەی کۆچبەرانی عەفرین و چارەنووسی ٨٠٠ کەس لە حەسەکە ئاشكرا بکات کە بێسەروشوێنن.
دوای ئەوەی ئەندامانی کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ڕۆژانی ١بۆ ٧ـی تەمووزی ئەمساڵ، سەردانێکی مەیدانیی یەک هەفتەییان بۆ ناوچە جیاوازەکانی سووریا ئەنجامدا و زنجیرەیەک کۆبوونەوەیان کرد، لە پارێزگاکانی (حمس، قونەیترە، دیمەشق و دەوروبەری، حەلەب، ڕەقە و حەسەکە)، دواتر ڕاپۆرتێکیان بڵاوکردەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، دەبێت پرۆسەی دادگاییکردنەکان شەفاف بن، لێپرسینەوە لە ڕووداوەکانی ناوچەی “ساحل” و “سوەیدا” بکرێت و دەرفەت بدرێتە قوربانییان و کۆمەڵگە کە بەشداری لەو پرۆسانەدا بکەن.
هەروەها لە بەشێکی ڕاپۆرتەکەدا، نیگەرانیی قووڵ دەربڕدراوە لەبارەی بەردەوامیی دەستبەسەرکردنی هەزاران کەس، بە بێ ئەوەی ڕێوشوێنی یاسایی ڕوون و شەفافیان بۆ بگیرێتەبەر، کۆمیسیۆنەکە داوای ئاشکراکردنی چارەنووسی بێسەروشوێنکراوان و گەرەنتی کردنی مافە یاساییەکانی زیندانییان دەکات.
هەروەها باسیلەوەشکردووە، نەتەوە یەکگرتووەکان داوای چارەسەرکردنی بەپەلەی کێشەی زەویوزار و موڵکایەتی دەکات، بەتایبەت قەرەبووکردنەوەی دانیشتووانە ڕەسەنەکان، هەروەها هەرچەندە دەستخۆشی لە یەکخستنی پڕۆگرامی خوێندن و دانپێدانانی بڕوانامەکان کراوە، بەڵام نیگەرانی پیشان دراوە لەوەی بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە، هەندێک لە خوێندکارانی سوەیدا نەیانتوانیوە تاقیکردنەوەکانیان ئەنجام بدەن.
هەروەها سەبارەت بە دۆخی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و عەفرین، کۆمیسیۆنەکە نیگەرانیی خۆی لەبارەی دۆخی کۆچبەرانی ناو کەمپەکان، بەتایبەت “کەمپی ڕۆژ” دەربڕی و داوای گەڕانەوەی ژنان و منداڵانی ناو کەمپەکەی بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان کرد.
هەروەها لە راپۆرتەکە سەبارەت بە دۆخی عەفرین ئاماژە بەوەشکراوە، دۆخی ئەمنی تا ڕادەیەک باشتر بووە، بەڵام داوا لە حکومەتی کاتیی سووریا دەکات، ئاسانکاری بکات بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە و شکۆمەندانەی کۆچبەران، کە نزیکەی هەزار خێزانی کۆچبەری عەفرینن، هاوکات ڕێز لە مافی خاوەندارێتییان بگرێت.
هاوکات، لە بارەی پارێزگای حەسەکە، ئاماژە بە ئازادکردنی زیاتر لە هەزار شەڕڤان کراوە کە لە مانگی کانوونی دووەمدا دەستگیرکرابوون، بەڵام داوا دەکرێت چارەنووسی ٨٠٠ کەسی دیکە کە هێشتا بێسەروشوێنن، ئاشکرا بکرێت.
لە کۆتاییشدا، کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی سووریا جەختی لەوە کردەوە، کە بەردەوام دەبن لە چاودێریکردنی دۆسێیەکان و پێشکەشکردنی ڕاسپاردە بە مەبەستی چەسپاندنی لێپرسینەوە، پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و پشتیوانیکردنی سەقامگیری لە هەموو سووریا.