لاپەڕەی سەرەکی هەواڵ لە شەش مانگدا ٢٧ ژن لە هەرێمی کوردستاندا بوونەتە قوربانی

لە شەش مانگدا ٢٧ ژن لە هەرێمی کوردستاندا بوونەتە قوربانی

0 تێبینییەکان 4 بینینەکان

لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا ژنێک کوژراوە و چوار ژنیش بەشێوەی گوماناویی گیانیان لەدەستداوە، بەمەش لە ماوەی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ٢٧ ژن کوژراون و بەشێوەی گوماناویی گیانیان لەدەستداوە.

ئاژانسی ڕۆژنیوز ئاماری کوشتنی ژنان و گیانلەدەستدانی ژنان بەشێوەی گوماناویی لە مانگی ئایار و حوزەیرانی ئەمساڵدا بڵاودەکاتەوە.

لە ١٠ـی ئایاری ئەمساڵدا، لە پارێزگای کەرکووک ژنێکی تەمەن ٣١ ساڵ لەلایەن برایەکەوە بە چەقۆ کوژرا کە ئاسەواری زیاتر لە ٣٠  چەقۆ بە جەستەیەوە بەجێ ماوە.

لە ١٢ـی ئایاری ئەمساڵدا، لە گوندی وەردەک لە سنووری پاریزگای هەولێر تەرمی ژنێک بە خنکاوی دۆزرایەوە.

لە ١٤ـی حوزەیرانی ئەمساڵدا، لە ناوچەی زرارەتی لە سنووری پارێزگای هەولێر، ژنێک بە شێوەیەکی گوماناوی لە ناو ئۆتۆمبێلەکەیدا سووتا و گیانیلەدەستدا.

لە ١٦ـی حوزەیرانی ئەمساڵدا، ژنێکی گەنج بەناوی کانی سەنعان ڕەحمان خوێندکاری پەیمانگا و دانیشتووی کۆمەڵگەی خاڵخاڵانی سەربە شارەدێی شوان لە پارێزگای کەرکووک بەشێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەستدا.

لە ٢٨ـی حوزەیرانی ئەمساڵدا، لە شارۆچکەی زاخۆ ژنێک بەناوی نورا نەشوانە تەمەن ٢٤ ساڵ بەهۆی سووتاوی بەشێوەی گوماناویی گیانی لەدەستدا، کە زیاتر لە ٪٩٠ـی جەستەی سووتا بوو.

هاوکات، بەپێی ئاماری مانگانەی ئاژانسی ڕۆژنیوز، لە ماوەی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ لە باشووری کوردستان، ١١ ژن کوژران و ١٦ ژن بەشێوەی گوماناویی گیانیان لەدەستداوە.

جێگای ئاماژەیە، لە باشووری کوردستان، ئەگەرچی هەوڵی شاردنەوەی ئامارەکانی کوشتنی ژنان دەدرێت، بەڵام لە ڕێگەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە تاوانەکانی دژ بە ژنان ئاشکرا دەکرێت، بەپێی ئاماری کۆکراوەی ئاژانسی ڕۆژنیوز لە ساڵی ڕابردوودا لە سەرجەم شارە جیاجیاکاندا ٥١ ژن کوژراون یان بەشێوەی گوماناویی گیانیانلەدەستداوە.

ئەم ئامارانە ڕەنگە زۆر لەوە زیاتر بن کە بەدەستی ڕۆژنیوز گەیشتبن، بە هۆی کەمی دەرفەت و دەستڕاگەیشتن بە ڕووداوەکان یان شاردنەوە و پەردەپۆشکردنیان ئاژانسی ڕۆژنیوز ناتوانێت ئامارێکی ورد کۆبکاتەوە.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە