53
شارا تاهیر:
ئەستەمە لەو کاتانەی ڕۆحت هاڕە دەکات و وورد و خاش دەبێت، ئەو دەمەی ژیان لە ناخدا دەکوژێتەوە، ئەو ساتانەی خۆشەویست و ئەزیزەکان یەک لە دوای یەک لە گۆڕستانە دوورە دەستەکانی ڕۆحتدا بێ پرسی خۆت، خۆیان دەیانێژن، ئەستەمە بزانیت درک بەوە بکەیت کە ئەوە کۆتایی پەیوەندییەکان و شتەکان نییە.
سەختە لەو ئازارە بگەیت کە وەک خۆرە دەتخوات کەچی هەر بەسەر دونیاوەیت، وەک ئەوەی ژیان خۆی جەبرێکی ئەبدی بێت و مەرگ بەشی تۆ نەبێت، قورسە لەو کاتانەدا بزانیت ئەوە قبوڵکردنی ئازار و ڕاهاتن نییە لەگەڵ ئازار، بەڵکو شتێک ترسناکتر، دۆخێک لە خودی ئازار بە زامترو تیژ تر، شتێک گەر نەژیابیت و ئەزمونت نەکردبێت ئەوا سەختە لە وەقع و کاریگەرییەکەی بگەیت.
ئەو دۆخەیش تێگەیشتنە لە خۆت، لەوەی بەسەردا دێت و هاتووە، درک کردنە و تێگەیشتە لە خۆت و لە چیرۆکەکەت، دوای تەواوبوونی چیرۆکەکەت، دوای ئەوەی هەمووی دەڕۆن و جێتدێڵن و جێیان دێڵیت، دوای ئەوەی نمایشەکە تەواو دەبێت، دەمامکەکان دەکەونە خوارێ، دوای ئەوەی خۆت لەگەڵ خۆت دەمێنیتەوە هیچ جیاوازییەک لە نێوان سەحنەی شانۆکە و پشتی کەوالیسەکان نامێنێت.
ئەو کاتەی هیچ ووشەیەک نەماوە بۆ تۆ تا بیڵێیت! ئەو دەمە چیتر نە دڵشکان، نە هاوار، نە فرمێسک و نە گریان هیچی کاری خۆی ناکات، ئەو ساتە شتێکی وەحەشتناکتر هەموو بوونت داگیرت دەکات، دۆخێک لە ڕوونی و ڕووناکی، دۆخێک لە بێدەنگی لە نێوان بوون و نەبوون، زمانێکی تر، ئەلف و بێیەکی تری زمان ڕووداوەکان، کەسەکان، چیرۆکەکان، ڕەنگەکان، ماناکان، بەهاکان هەموو ئەو شتانەی کە ڕۆژانێک پێتوابوو ڕاستین و بەشێکن لە بوونی تۆ.
ئەمجارەیان هەر هەموویان بە جۆرێکی تر ڕیز و ڕێكدەخات، زمانێک تەنها خۆت لێیتێدەگەیت. ئەم دۆخە لە تێگەیشتن و ئیدراک لای نوسەرێکی وەک دوستویفسکی دەگاتە ترۆپکی خۆی، چونکە لای ئەو مرۆڤ ئەو کاتە ناگۆڕێت ناگەت بە خۆی کاتێک ئازار دەچێژی و دەکێشی بەڵکو، ئەو کاتەی درک بە شتەکان دەکات، ئەو دەمەی بە شریتی یادەوەرییەکانیدا دەگەڕێتەوە دەبینی چ کارەساتێک ڕوویداوە و چۆن ئازار خانە بە خانە ڕۆحی تەنیوە.
ئیدی ئازار ناتوانێت لەوە زیاتر خۆی درێژ بکاتەوە گەر نەتکوژێت ئەوا بەرەو ئیدراک دەبات، ئیدی مرۆڤ ئەوە دەبینێ و درکی پێدەکات کە لە کاتی خۆیدا نەیتوانیوە بیبینێ و درکی پێبکات. ئیدی ئەو دەمە ڕاستی و حەقیقەتی بۆ دەردەکەوێت.
ئەو ڕاستییەی هەمیشە زەق و دیار بووە وەلێ نەمانبینیوە، لێرەوە دۆستویفسکی دەڵێت” ئەو هەستوسۆزانەی لە ڕێی ئیدراک و تێگەیشتنەوە دەگۆرێن و دەبنە حەقیقەت چیتر ناگەڕێنەوە ناچنەوە سەر دۆخی جارانی خۆیان” ئەو کەسەی دواجار تێدەگات و درک دەکات بە بوونی خۆی، ناتوانێت ببێتەوە بە کەسەکەی جارانی خۆی.
چونکە کەسی کامڵ بە ئیدراک وەک کەسی توڕە و دڵشکاو نییە، کە ئارام بوەوە یان دڵی چاک بوەوە ئیدی هەموو شتێک بچێتەوە شوێنی خۆی، تەنانەت وەک کەسی دەستخەڕۆ و غەدر لێکروایش نییە چونکە ئەویش دەتوانێت فرسەت و دووانی تر بدات، بە پێچەوانەوە کەسێک دوای کارەسات، دوای شکان و هاڕەی رۆح کە تەواو تێبگات و درک بە خۆی و شتەکان بکات هەرگیز ناگەڕێتەوە.
چونکە بۆ ئەم کەسانە ئیدی مەسەلەکە پەیوەندی بە هەست وسۆزەوە نییە بەڵکو، ئەم کەسانە مامەڵە لەگەڵ حەقیقەتدا دەکەن، لەگەڵ ڕاستییەکی تاڵ کە چیتر ناتوانن خۆیانی لێ بدزنەوە یان بیشارنەوە.
تێگەیشتن وەک ساتەوەختی دۆزینەوە و گەیشتن بە دیوە پەنهان و دوورە دەستەکانی خۆت، تێگەیشتن و ئیدراک وەک ساتە وەختی بینینی شتەکان و کەسەکان وەک ئەوەی کە هەن بێ مکیاژ، بێ دەمامک، بی وەهمی جوانی و خۆشەویستی، ئیدی ووردکارییەکان خۆیان بەجۆرێکی تر نمایش دەکەن.
ووشەکان زرنگە و مانای تر دەبەخشن، ئیدی هەموو شتێک ڕازیت ناکات هەر لەبەر ئەوەی هەن، ناتوانێت بە پووچی بڵێیت جوان، بە ناشرینی بڵێیت ڕاستی، بە درۆ بڵێیت خەیاڵ، لەو کاتەدا وێناکان بێ خەوش و بێ ڕتوش دەبینێت… هەندێک بەرگەی ئەم دۆخە لە داڕمان وهاڕەی وێناکان ناکەن، بەرگەی وەحشتناکی بێدەنگی و تەنهایی ناگرن، ناتوانن ئەو ڤێرژنە ساختیەی خۆیان جێبێڵن.
ڤێرژنی چیرۆکە ساختەکان، هاوڕێ و کەسە ساختەکان جێناهێڵن،
توند خۆیان دەگرن بە چیرۆکەکانیانەوە، چونکە زۆر بە سادەیی تێگەیشتن و ئیدراک لە بوونی خۆت و ئەوانی تریش باجی خۆی هەیە، باجێکی قورس، باجێک کە هەموو کەس ڕازی نییە یان ووردتر بڵێین جورئەتی ئەوەی نییە بیدات.
تێگەیشتن واتە دەستبەرداربوون لە هەموو ئەو شتانەی کە خۆت پێهەڵواسیوەو واتزانیوە بوونیان هەیە، لەو پێرسۆنا ساختەیەی کە تۆ دەبەستێتەوە بە ئەوانیترەوە، ئەوانیش بە تۆ، دەستبەرداربوون لە خۆت. دروستکردنی ڤێرژنێکی نوێیە لە خۆت. ئەمەیش بۆ خۆی کارە قورس و ئەستەمەکەیە ……