سەرەڕای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕێککەوتنی وڵاتەکەی لەگەڵ ئێران وەک دەستکەوتێکی مێژوویی بۆ کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەسف کرد، بەڵام لە ناوەندە سیاسی و شیکارییەکانی ئەمریکادا گومانەکان سەبارەت بە قەبارەی ئەو دەستکەوتانە لە زیادبووندان. بەشێک لە شیکارییەکان پێیان وایە ئەم ڕێککەوتنە سنوورەکانی هێزی ئەمریکای دەرخستووە و ئیدارەی ترەمپی خستووەتە بەردەم کۆمەڵێک ئاڵنگاریی نوێوە.
ئاوێنە: لە یەکتربڕینی ڕاپۆرتە شیکارییەکانی ڕۆژنامەکانی نیویۆرک تایمز، واشنتن پۆست و گۆڤاری نیوزویکدا، خاڵێکی هاوبەش بەدی دەکرێت؛ ئەویش ئەوەیە کە ڕێککەوتنەکە ئەو پرسە بنەڕەتییانەی یەکلایی نەکردووەتەوە کە واشنتن لە پێناویاندا جەنگی ڕاگەیاندبوو، بەڵکوو بابەتەکانی بۆ دانوستانی داهاتوو دواخستووە کە پێدەچێت زۆر ئاڵۆزتر بن.
ڕاستە ڕێککەوتنەکە دەرگای دیپلۆماسی لە نێوان هەردوو وڵاتدا کردووەتەوە، بەڵام دۆسیەکانی وەک بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، موشەکە بالیستییەکان، پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل و چارەنووسی هەژموونی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بەبێ چارەسەری کۆتایی هێشتووەتەوە. ئەمەش وا دەکات ئیدارەی ترەمپ لە چەند مانگی داهاتوودا ڕووبەڕووی تاقیکردنەوەیەکی سەخت ببێتەوە. هاوکات، خولی نوێی دانوستانەکان لە سویسرا هێشتا گیرۆدەی چەندین ئاستەنگن کە پەیوەستن بە لوبنان، گەرووی هورمز و چەندین دۆسیەی ترەوە.
دەستکەوتە سنووردارەکان و کارتی فشاری تاران
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز پرسیارێک دەورووژێنێت: “دوای نزیکەی ٤ مانگ لە جەنگ چی گۆڕاوە؟” لە وەڵامدا بە کورتی دەڵێت “زۆر شت نا”، چونکە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لەناو نەبراوە، پرسی موشەکە بالیستییەکانیش بۆ دانوستانەکانی دواتر دواخراوە، سەرباری ئەوەش گروپە بریکارەکانی ئێران لە ناوچەکەدا هێشتا وەک سەرچاوەی هەڕەشە ماونەتەوە.
لە لێدوانێکدا بۆ هەمان ڕۆژنامە، کەیتلین تالماج، مامۆستای ئاسایشی کەنداو لە پەیمانگای ماساچوسیتس بۆ تەکنەلۆجیا (MIT)، ئاماژەی بەوە کردووە کە ڕێککەوتنەکە گوزارشت لە باڵادەستیی سەربازیی ئەمریکا ناکات، بەڵکوو دەرخەری سنوورداربوونی توانای ئەمریکایە بۆ بەردەوامیدان بە گرژکردنی دۆخەکە. هەروەها تیشک خراوەتە سەر ئەوەی کە تاران توانیویەتی یەکێک لە خاڵە لاوازەکانی بکاتە سەرچاوەیەکی نوێی هەژموون، ئەویش گەرووی هورمزە؛ جەنگەکە توانای ئێرانی بۆ بەکارهێنانی ئەم گەرووە وەک کارتی فشارێکی ستراتیژی دەرخست.
بەپێی بەندەکانی ڕێککەوتنەکە، ئێران چەندین دەستکەوتی ئابووریی گەورە بەدەست دەهێنێت، لەوانە: هەڵگرتنی گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا، دامەزراندنی سندوقێکی ئاوەدانکردنەوە بە بڕی ٣٠٠ ملیار دۆلار، ئازادکردنی سەروەت و سامانە سڕکراوەکانی ئێران و کۆتاییهێنان بە سزاکانی ئەمریکا. هەروەها ڕێککەوتنەکە ماوەی ٦٠ ڕۆژی بۆ دانوستان دیاری کردووە بە مەبەستی تاوتوێکردنی ئاڵۆزترین دۆسیەکان، بەتایبەت بەرنامە ئەتۆمییەکە و سزاکان.
پاشەکشەی فشاری ئەمریکا و نیگەرانییەکانی ئیسرائیل
لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژنامەی واشنتن پۆست پێی وایە ئێستا ترەمپ کارتی فشاری کەمترە بەراورد بە پێش جەنگەکە. لە مانگی شوباتی ڕابردوودا، تاران لەو ترسەدا بوو کە هەر هێرشێکی ئەمریکا ببێتە هۆی ڕووخانی سیستەمی فەرمانڕەوایەتی، بەڵام جەنگەکە توانای مانەوەی سیستەمەکەی سەلماند، تەنانەت دوای کوژرانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران. ڕۆژنامەکە دەشڵێت ئێران سەلماندی کە دەتوانێت بازاڕەکانی جیهان تێکبدات تەنیا لە ڕێگەی هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمزەوە، کە نزیکەی ٢٠٪ی بازرگانیی نەوت و غازی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت.
یەکێکی دیکە لە لێکەوتە دیارەکانی ڕێککەوتنەکە، دروستبوونی کەلێنێکی گەورەیە لە نێوان واشنتن و تەل ئەبیب. نیویۆرک تایمز ڕوونی دەکاتەوە کە ئیسرائیل کاتێک چووە ناو جەنگەکەوە، وای دەزانی بۆ چەندین دەیەی داهاتوو کۆتایی بە هەڕەشەکانی ئێران دەهێنێت، بەڵام دوای ئەوەی واشنتن ڕێککەوتنێکی واژۆ کرد کە ئامانجە ستراتیژییەکانی تەل ئەبیبی لەبەرچاو نەگرت، ئێستا ئیسرائیل خۆی لە پەراوێزخراویدا دەبینێتەوە. دانی سیترینۆڤیچ، ئەفسەری پێشووی هەواڵگریی ئیسرائیل، ڕێککەوتنەکەی بە “داڕمانی تەواوەتیی ئەو ستراتیژیەتە” وەسف کرد کە بەرامبەر بە ئێران پەیڕەویان دەکرد.
لەلایەکی تریشەوە، جێکردنەوەی پرسی ئاگربەستی لوبنان لەناو ڕێککەوتنەکەدا واشنتنی خستووەتە دۆخێکی هەستیارەوە، چونکە ئێستا پێویستە فشار بخاتە سەر ئیسرائیل بۆ کەمکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی، ئەمەش گرژییەکانی لەگەڵ حکومەتەکەی بێنیامین ناتانیاهۆ زیاتر کردووە.
قەیرانی ناوخۆیی و ڕای گشتیی ئەمریکا
ئاڵنگارییەکان تەنها لە بواری سیاسەتی دەرەوەدا کورت نابنەوە، بەڵکوو ترەمپ لە ناوخۆی کەمپی کۆمارییەکانیشدا ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند بووەتەوە. بەپێی واشنتن پۆست، بەشێک لە لایەنگرە پارێزگارەکانی ترەمپ تۆمەتباری دەکەن بەوەی لە بەرامبەر وەستاندنی جەنگدا سازشی زۆری بۆ ئێران کردووە. لە هەمان کاتدا، لێکەوتە ئابوورییەکانی وەک بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و نرخی وزە، فشارێکی گەورەی لەسەر بنکەی جەماوەریی ترەمپ دروست کردووە پێش گەیشتن بە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول.
ڕاپرسییەکی کەناڵی فۆکس نیوز ئەوەی خستووەتە ڕوو کە ٥٨٪ی دەنگدەران پێیان وایە بڕیاری جەنگ دژی ئێران هەڵە بووە، لە کاتێکدا ڕێژەی ڕەزامەندی لەسەر شێوازی مامەڵەکردنی ترەمپ لەگەڵ دۆسیەی ئێران تەنها ٣٥٪ بووە.
چین؛ سودمەندی بێدەنگ
گۆڤاری نیوزویک ڕەهەندێکی تری دیمەنەکە پیشان دەدات و پێی وایە چین براوەی سەرەکیی ئەم جەنگە بووە بەبێ ئەوەی یەک فیشەکیش تەقێنێت. پەکین توانی وێنەی خۆی وەک هێزێکی نێودەوڵەتیی ئاشتیخواز و ڕێزگر لە سەروەریی وڵاتان بەهێزتر بکات، لە بەرامبەریشدا ئەمریکا وەک هێزێکی سەربازیی پەلەکار و تێچوویەکی قورس بۆ هاوپەیمانەکانی دەرکەوت.
هێنری وانگ، سەرۆکی “سەنتەری چین و جیهانگیری” لە پەکین ڕایگەیاند کە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران “پێشینەیەکی خراپ و بێوێنەی دروستکرد و سیستەمی جیهانیی هەشتا ساڵەی هەڵوەشاندەوە”. هەروەها ڕایان هاس، لە پەیمانگای بروکینگز، پێی وایە ئەو ناکۆکییانەی لە نێوان واشنتن و هاوپەیمانە ئەوروپی و کەنداوییەکانیدا دەرکەوتوون، “بۆشاییەکی ئارام بۆ چین دەڕەخسێنن تا هەژموونی خۆی زیاتر بکات”.
بە کورتی، پێدەچێت ئەو ڕێککەوتنەی کە ترەمپ هەوڵی دا وەک تاجەگوڵینەی سەرکەوتنێکی ستراتیژی نیشانی بدات، ببێتە سەرچاوەیەکی نوێی ئاڵنگاری؛ چونکە هۆکارە ڕاستەقینەکانی هەڵگیرسانی جەنگەکە هێشتا بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە، و توانای واشنتنیش بۆ سەپاندنی مەرجەکانی کەوتووەتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی بێپێشینەوە.
سەرچاوە: ئاوێنە