یەکێک لە سیماکانی سەرمایەداری تازە بریتییە لە بڵاوبونەوەی بێکاری بەربڵاوو نەبوونی کاری شایستە، کە وەک دیاردەیەکی جیھانی و لۆکاڵی خۆی فەرزدەکات بەسەر چینی کارگەرانی زەحمەتکێش. ئەوانەی کاریشیان دەست دەکەوێت یا لە کاریشدان زۆرینەیان لە دۆخی (خراپی و نەبوونی سەقامگیری لە کارو ژینگەی کاردا دەژین).
وەک نەبوونی کاری ھەمیشەیی، غیابی گرێبەستی کار،کاری زیادەی بێ پاداشت، نەبوونی پێداویستییەکانی سەڵامەتی لە شوێنی کار، دەستدرێژی و ھەراسانکردنی سێکسی و ڕوشاندنی کەسایەتی و شکۆی کرێکار(کارمەند،فەرمانبەر)، دابەزینی ھەقدەستی کار(کاری ھەرزان). ئەم ڕەوشە بەدوای خۆی کۆمەڵێک دیاردەی تازەشی لە ژیانی سیاسی و ریزبەندی کۆمەڵایەتی چینایەتی و کلتوریدا ھێناوە، کە لەم وتارەدا جێگای باسکردنی نابێتەوە.
لە ئاستی ناوەخۆی ھەرێمی کوردستان ھەموو ئەو دیاردانەی سەرەوە بەشێوەی زیاترو خەستر ڕووبەڕووی ھێزی کاری کوردستانی کرێکاران (فەرمانبەران،کارمەندان) دەبێتەوە. سیستەمی حکومرانی ھەرێم و عقڵیەت و شوناسی ھێزە حوکمڕانەکان ئاماژەی خراپتر پیشاندەدەن بەرامبەر ژیانی زۆرینەی خەڵکی کوردستان . ئەم بارودۆخە ئەرکی ھەنوکەیی و درێژمەودا بەسەرماندا دەسەپێنێت، وەک ئەرکێکی کۆمەڵگایی و گشتی لە ھەلومەرجێکی تایبەتیدا.
لە بارەی ئەرکە ھەنوکەیی:
جگە لە لابردنی ئەو باج و رسوماتانەی لە چوارچێوەی سیاساتی نیولیبرالیزم فەرزکراوە، دابینکردنی بیمەی بێکاری بۆ بێکاران و دیاریکردنی لایەنی کەمی کرێ کە کەمتر نەبێت لە یەک ملیۆن دینارو دەست ھەڵگرتنی حکومەت لە لێبڕین و دواخستنی مووچەی فەرمانبەران و کاراکردنی یاساکانی کارو بیمەکۆمەڵایەتییەکان ئەرکی لە پێشینەی حکومەت و پەرلەمانی کوردستانە.
پرسیارێک رووبەروومان دەبێتەوە ئەویش ئەوەیە، ئیمکانی جێ بەجێ کردنی ئەم ئەرکانە ھەیە، یان ئەم دەسەڵاتە لە ئێستادا ئامادەیە ئەم داواکارییە سەرەتاییانەی ژیانی ھاوڵاتیان جێ بەجێ بکات؟
ئەگەر دەستکارییەکی بچوکی ئەو جیاوازییە چینایەتییەو نادادپەروەییە بکرێت، تەنانەت بڕێکی کەم لە سامانی حزب و سیاسیە بازارگانەکان و ئەو کەسانە بگێردرێتەوە بۆ ھاوڵاتیان کە بەھۆی گەندەڵی و ئەم سیستەمە حوکمرانییە دەوڵەمەند بوینە و بونەتە ملیاردێر، بێگومان زۆریش لەوە زیاتر دەتوانرێت ژیانی ھاوڵاتیان لەم دۆخە سەختە رزگار بکرێت و لایەنی کەمی ژیانێکی باشتر لەمرۆدا بۆ بێکاران و دۆخی کرێکاران(کارمەندان و فەرمانبەران) و خانەنشینان دابین بکرێت .
بە پێی دواین توێژینەوە لە ساڵی ڕابردوو، ھەرێمی کوردستان خاوەنی ٩ ملیاردێر و ١٥ ھەزار ملیۆنێرە. سەرمایەکەشیان دەیان ملیار دۆلارە. بەپێی داتاکان ژمارەی دەوڵەمەندانی کوردستان لە دەوڵەمەندانی چەند وڵاتێکی ئەوروپی زیاترە، جگە لەوەش ئەمرۆ دەبینین حزبە دەسەڵاتدارەکان بونەتە خاوەن سەرماییەکی خەیاڵی و سەدان کەناڵی ڕاگەیاندنی و کۆمپانیا کە سەرچاوەی ئەم سەرمایانە دەزانین لە کێوەیە و چۆن گەیشتونەتە ئەو پلەیە لە کەپیتاڵستی مشەخۆری ئۆلیگاریشی .
ئەگەر وردبینەوە لە وەڵامی بڕگەی دووەمی پرسیارەکە، بە رەچاوکردنی نەبوونی فشاری جدی و غیابی ھێزی سیاسی جێگرەوە، وەڵامەکە بە شێوەی نەخێر دەبێت، نەخێرێک نەک بەھۆی نەبوونی پارە و سامانی پێویستە لای دەسەڵات بەڵکو بەھۆی نەبوونی ھێزی پێویستە لە ئەنجامی پەرتەوازیی و نارێکخراوەیی، نەخێرێک ریشەکەی لە نائومێدییەوە نییە بۆ ھێنانەدی گۆڕانکاری، بەڵکو ریشەکەی لە خوێندنەوەی واقعی ھێزە نا ڕازییەکانە لە دۆخی مانەوەی پەراوێزی.
کاتێک باسی خۆرێکخستن دەکەین لەلایەن کرێکاران(کارمەندان و فەرمانبەران)لە چوارچێوەی کاری سەندیکایی و بەھێزکردنی روحیەتی تەحزوب لە دەرەوەی ھێزە چەپ و پێشکەوتنخوازەکان نایدۆزینەوە، ھاوکات لەناو ئەم جۆرە لە کاری سیاسی و عقلیەتی سیاسی خو پێوەگرتووی پارتە چەپ و کۆمۆنیست و پێشکەوتوخوازەکانیش پرسیارێکی تر سەرھەڵدەدات، ئەویش ئەوەیە، تاچەند ئەم جۆرە لە سیاسیەتکردن، بوار و ئیمکان ھەیە بازنەی تێکۆشانی بەیەکەوەیی و لەگەڵ ھێزە پەراوێزخراوەکان دروست و فرە بکات ؟. لێرەدا مەبەست ئەوەنییە یەک وەڵامێکی ئامادەکراوی کۆنکرێتیمان دەستکەوێت لەھەمان کاتیشدا مانای وەڵامی بە بەڵێش نییە .