زۆركەس هەمو ژیانیان بۆ دڵخۆشكردن و رازیكردنی كەسانی دیكە تەرخاندەكەن و پێیانوایە بەمشێوەیە چواردەور لە خۆیان رازی دەكەن، خۆشەویستی بەدەستدەهێنن و سەركەوتودەبن، لەكاتێكدا دەكرێت پێچەوانەكەی راست بێت و خۆت بكەیت بە قوربانی كەسانێك كە لە كۆتاییدا بە تەنها جێتبهێڵن.
چی رودەدات كاتێك خۆت پێش كەسانی دیكە هەڵدەبژێریت؟
یەیوەندی راستگۆ و رونتر دێنەژیانتەوە
بە پێی ماڵپەڕی Yourtango، كاتێك هەوڵنادەیت هەموان دڵخۆشكەیت، پەیوەندییەكانت راستگۆتر دەبن، رای چواردەورت بە راستگۆیی گوێ لێدەبێت، چیتر ترست نابێت لەوەی لەدەستیان بدەیت، هەربۆیە ئەو كەسانەی دێنە ژیانتەوە، بەراستگۆیی تۆ وەكو خۆت قبوڵدەكەن.
وزەت زیاتر و میزاجت باشترە
چیتر خۆت ناچار ناكەیت لە ژێر فشاری هەندێك كاردابیت كە لە تواناتدا نییە، بەڵام بۆ دڵخۆشیی چواردەورەكەت دەیكەیت، بەمشێوەیە وزەكەت زیاتر بۆ خۆت بەكاردەهێنیت، دڵخۆشتریت و باری دەرونیت ئارامتر دەبێت.
خۆت پێناسەی سەركەوتن دەكەیت
گەورەترین گۆڕانكاری كە دەیبینیت ئەوەیە، چیتر سەركەوتن بە پێوەری خەڵك نابێت، بەڵكو خۆت دەستنیشانی دەكەیت كە چی لە ژیانی تۆدا سەركەوتنە و چی شكستە، هەر ئەمەش دڵخۆشتدەكات، چونكە خۆت ئاڕاستەی ژیانی خۆت دیاریی دەكەیت.
داهێنانت زیاتر دەبێت
كاتێك لە رازیكردنی خەڵك دوردەكەویتەوە، چیتر لەوە ناترسیت ئەوان بڕیارت لەسەر بدەن، بەمشێوەیە كاتی زیاترت دەبێت بۆئەوەی داهێنان لە هەر كارێك بكەیت كە ئارەزوت لێیەتی، چونكە داهێنان پێویستی بە ئازادییە، ئەم ئازادییە بەدەستناهێنرێت ئەگەر بۆ رازیكردنی دڵی خەڵك هەوڵبدەیت.
ئاسانتر بڕیار دەدەیت
كەسێك كە هەوڵی رازیكردنی دڵی كەسانی دیكە بدات، بە ئاسانی بڕیاری بۆ نادرێت و توشی سەرلێشێوان دەبێت، چونكە بیر لە كاردانەوەی هەموان دەكاتەوە پێش ئەوەی بیرلەوە بكاتەوە بەڕاستی خۆی چی دەوێت، هەبۆیە ئەگەر خۆت پێش هەر كەسێكی دیكە بخەیت، ئاسنتر بڕیارت بۆ دەدەرێت.
ترس وەكو مەترسیی گەورە نابینیت
ترس كاردانەوەیەكی ئاسایی و سروشتییە لە ژیانی هەر كەسێك، تەنانەت زۆركات لە مەترسی دەتپارێزێت و یارمەتی گەشەكردنت دەدات، هەربۆیە پاش ئەوەی خۆت هەڵدەبژێریت، پەیوەندییەكی تەندروست لەگەڵ ترس دروست دەكەیت و وەكو مەترسی گەورە نایبینت.
ئارامی هەمیشەیی بەدەست دەهێنیت.
جوانترین شت كە رودەدات ئەوەیە ئارامی ناخی خۆت پێش هەرشتێكی دیكە دەخەیت، هەوڵنادەیت خۆت بۆ كەسانی دیكە بسەلمێنیت، تەنانەت لە هەڵەكانت ئەزمون وەردەگریت، ئەمەش واتای ئەوەنییە روبەڕوی سەختی ژیان نابیتەوە. روبەڕودەبیتەوە، بەڵام بە متمانەبەخۆبونێكی زیاترەوە.
سەرچاوە: خەندان لایڤ