لاپەڕەی سەرەکی بیروڕا کلتوری دروست کردنی چالاکوان

کلتوری دروست کردنی چالاکوان

0 تێبینییەکان 84 بینینەکان
چل ڕۆژ تێپەڕی بەسەر ئەو هەواڵە شوومەی کە وەک هەورەبرووسکەیەک بە ئاسمانی هەولێر و هەموو کوردستاندا تێپەڕی. چل ڕۆژە ئێمە لەبەردەم پرسیارێکی گەورەدا وەستاوین:- ئایا بەهزاد تەنیا مامۆستایەکی زانکۆ بوو کە قەدەری وابوو لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا کۆچی دوایی بکات؟ یان بەهزاد پڕۆژەیەکی تەواونەکراو بوو کە ئێستا ئەرکی تەواوکردنی کەوتووەتە سەر شانی ئێمە؟
ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی بڵێین: بەهزاد موحسین، پێش ئەوەی “ناو” بێت، “مانا” بوو.
پێش ئەوەی “چالاکوان” بێت، “هەڵوێست” بوو. ئەو لەو جۆرە مرۆڤانە بوو کە مێژوو بە ڕێکەوت دروستیان ناکات، بەڵکو ئازار و مەینەتییەکانی کۆمەڵگاکەی دەبنە هەوێنی لەدایکبوونیان.
بۆ تێگەیشتن لە ئەزموونی بەهزاد پێویست دەکات تۆزێک بگەڕێینەوە بۆ دواوە؛-
بەهزاد ؛ پێناسەکەی گرامشی لە سەر ڕۆشنبیری ئۆرگانێکی ، خۆڕسک ، بەسەر جێ بەجێ دەبێت، ئەمە تەنیا پەیوەندی بە هۆشیاری سیاسیەوە نیە، بەڵکو پەیوەندی بە ژینگەی کۆمەڵایەتیشەوە هەیە، ئەو هێشتا مێردمنداڵ بوو؛ کە زیاتر لە ٢٠ ساڵ لەمەوبەر لە چالاکیەکان و خۆپیشاندانەکانی دارەتوو بەشداربووە، ئەو لە وێوە ئەم مێژووەی دەست پێکرد.
ساڵی ٢٠١٠، ساڵێکی وەرچەرخان بوو لە ژیانی بەهزاد و لە مێژووی خەباتی مەدەنی ئێمەدا. کاتێک شەهید سەردەشت عوسمان لە ناو جەرگەی هەولێردا ڕفێندرا و تیرۆر کرا، زۆر کەس بێدەنگییان هەڵبژارد،
بەڵام بەهزاد لەو کاتەوە بڕیاری دا ببێتە دەنگی هەموو ئەو پێنووسانەی تیرۆر دەکرێن. لەم ١٧ ساڵەی دواییدا، بەهزاد وەک چەمێکی خڕۆشاو وابوو؛ هەرگیز نەوەستا. ئەو نەک هەر وەک مامۆستایەک، بەڵکو وەک “قوتابی تێکۆشان” لە هەموو کوچە و کۆڵانێکی ئەم وڵاتەدا ئامادەیی هەبوو. کاتێک باس لە بەهزاد دەکەین، باس لە کەسێک دەکەین کە لە سەردەمی “بەرژەوەندیخوازیدا”، ڕێگایەکی تری داهێنا: ڕێگای قوربانیدان بێ چاوەڕوانی کردنی پاداشت.
بۆ ئەوەی لە گەورەیی بەهزادو ئەزموونەکەی تێبگەین، دەبێت بزانین ئەو سەر بە جۆرە قوتابخانەیەکی جیاوازی ” بەرگری” بوو. ئێستا لە جیهانداو لە کوردستاندا لە نێو کۆمیونیتی کوردی لە ووڵاتاندا، مۆدێلی “ڕۆشنبیری مەیدانی” زۆرکەمەو ڕۆشنبیری حیزبی زاڵە.
زۆربەی ڕۆشنبیران لە قاوەخانە و زانکۆکانداو لە سۆشیال میدیادا باسی “دادپەروەری” و خۆهەڵکێشانی ڕۆشنبیری دەکەن، بەڵام کاتێک بە گازی فرمێسکڕێژ و کێبل و قامچی پۆلیس پەلاماری شەقام دەدرێ ، ئەم جۆرە لە ڕۆشنبیران لە ماڵەکانی خۆیانن.
بەهزاد لەم جۆرە نەبوو ئەو وەکو خەباتگێرە جدیەکان بوو، ئەوەی بەهزادی لە زۆر کەس جیا دەکردەوە، ئەوە بوو کە ئەو “مرۆڤبوون” و “کورد بوون”ی تێکەڵ کردبوو. ئەو کاتێك بۆ ڕۆژئاوا، بۆ ڕۆژهەڵات، بۆ باکوور، بۆ باشور هاواری دەکرد، تەنیا وەک کوردێک نەبوو، بەڵکو وەک مرۆڤێک بوو کە نەیدەویست ستەم لە هیچ لایەک قبوڵ بکات، تەنانەت ئەگەر ئەو لایەنە کوردیش بوایە.
لەو شوێنەدا کە تورکیا هەوڵی داگیرکاری دەدا، بەهزاد دەبووە باکوری، ئەو کاتەی کۆماری سێدارە گەنجەکانمانی لە ناو دەبرد، ئەو دەبوو بە ڕۆژهەڵاتیی، ئەو کاتەی هەموو دونیا دەیویست ڕۆژئاڤامان لێ ئاوا بکا، ئەو دەبوو بە ڕۆژئاواڤایی.، ئەو کاتەشی کە پرسی ئازادی دەهاتە نێو شارو کوچەو کۆڵانی هەولێر ئەو دەبوو بە خەمخۆر! ئێمە، برادەرە هەر نزیکەکانی هەموو ئەوێمان بە ناچاری جێهێشت، بەڵام بەهزاد بەرگەی هەموو ئەو شەپۆڵانەت گرت و مایەوەو نەشکا.
با پرسیارێک لە خۆمان بکەین: بۆچی دروستبوونی کەسێکی وەک بەهزاد لە ناو کایەی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێمەدا ئەوەندە زەحمەتە؟ وەڵامەکە سادەیە: چونکە بەهزاد توانیبووی بەسەر “خودی خۆی”دا سەربکەوێت.
ئەو ئامادە بوو پلە و پۆست و ئیمتیازاتی زانکۆ وەلا بنێت و لەسەر شەقام لەگەڵ مامۆستایەکی وانەبێژ یان فەرمانبەرێکی سادەدا دوای مافی خۆی بکات.
بە داخەوە، ئێمە وەک جوڵانەوەی جەماوەری، لە ماوەی ژیانی مامۆستا بەهزاددا نەمانتوانی “ئالیەتی پێگەیاندن” دروست بکەین. ئێمە زۆرجار پشت دەبەستین بە “تاکە پاڵەوانەکان”. کاتێک پاڵەوانێک دەڕوات، هەموومان هەست بە بێ کەسی دەکەین.
ئەو بۆشاییەی بەهزاد جێیهێشتووە، تەنیا نەبوونی کەسێک نییە کە لە خۆپیشاندانەکاندا قسە بکات؛ بەڵکو بۆشاییەکە لە “ویژدانی بزووتنەوەکەدا”. ئەو پردێک بوو لە نێوان توێژی خوێندەوار و شەقامی ناڕازی. ئێستا کە ئەو پردە ڕووخاوە، ئەرکی ئێمەیە کە بە هەزاران پردی تر لەسەر ڕێچکەی ئەو بنیاد بنێینەوە.
ئێمە نامانەوێت تەنیا یادی چلەی ئەو بکەینەوە و دواتر هەموو شتێک تەواو بێت. بەهزاد شایستەی ئەوەیە ببێتە “قوتابخانە”. چۆن دەتوانین میراتەکەی بکەین بەڕێچکەیەك لە قوتابخانەی خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی؟
• یەکەم: بەوەی کە ڕێگە نەدەین ترس ببێتە مۆتەکە بەسەر دەنگمانەوە. بەهزاد فێری کردین کە فشار و هەڕەشە نابێت ببنە هۆی پاشەکشە.
• دووەم: بەوەی کە دروست کردنی “ڕۆشنبیری مەیدانی” بکەینە ئامانج. تەنیا نووسین لە فەیسبووک و گۆشەی ڕۆژنامەکان بەس نییە؛ دەبێت وەک ئەو، جەستەمان لە ناو ئازارەکانی خەڵکدا بێت.
• سێیەم: پێویستە مۆدێلی “رابەرایەتی بەهزاد” بخوێندرێت. ئەو چۆن دەیتوانی جەماوەر کۆبکاتەوەو بزوێنەری شەقام بێت؟ چۆن دەیتوانی بێ هیوا نەبێت؟
گەنجە دڵسۆزەکان، خوێندکارانی مامۆستا بەهزاد، ئەگەر دەتانەوێت ڕوحی مامۆستا ئاسودە بێت، مەهێڵن قەڵەمەکەی بکەوێت. ئەو پێی دەگوتن “وەرن و ویژدانی خۆتان لە مرۆڤبوون ئاسودە بکەن”.
ئەم بانگەوازە بۆ ئێستاش و بۆ داهاتووش ڕاستە. بەهزاد نەیویست ئێوە تەنیا کۆپییەکی ئەو بن، بەڵکو ویستی ئێوە ڕابەری خۆتان بن. ئەو دەیویست هەر یەکێک لە ئێوە “نەخێر”ێکی بەهێز بن لە دژی ستەم.
لە کۆتاییدا، دەڵێین: مامۆستا بەهزاد، تۆ نەبووی بە مێژوو، چونکە تۆ خۆت بووی بەو مێژووەی:
لەو شارۆچکەیەی کە تێیدا مامۆستا بوویت و لەو هەولێرەی کە تێیدا لە دایک بوویت و و بستێک زەویت نەبوو، لەو گەرمیانەی کە بووی بە هاواری کاوە، لەو بادینانەی کە بوویتە دەنگی شێروان و هاوڕێیانی، توانیت هەموو شوێنێک بکەیت بە مەیدانی ئازادی.
ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی بەڵێن بدەین: کەلێنی تۆئەسپاردەی بێدەنگی ناکەین، بەڵکو بە بەردەوامی و بە خەبات پڕی دەکەینەوە. تۆ فێرت کردین کە مرۆڤ دەکرێت هەژار بێت، بەڵام دەبێت سەربەرز بێت. دەکرێت بێ هێز بێت، بەڵام دەبێت خاوەن هەڵوێست بێت.
سڵاو لەو ڕوحە پاکەت کە هەرگیز تەسلیم نەبوو. سڵاو لەو خێزانە تێکۆشەرەی کە تۆیان پێگەیاند.

تۆ هەمیشە لە دڵی شەقامدا دەمێنیتەوە.

ڕزگار عومەر:

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە