لاپەڕەی سەرەکی ڕاپۆرت ئیبۆلا ئەو ڤایرۆسەی جیهان بخاتە مەترسییەوە ئەی کۆمەڵگای خێڵەکی چۆن بەرەنگاری دەبێتەوە؟

ئیبۆلا ئەو ڤایرۆسەی جیهان بخاتە مەترسییەوە ئەی کۆمەڵگای خێڵەکی چۆن بەرەنگاری دەبێتەوە؟

0 تێبینییەکان 11 بینینەکان

پێشەکی:

ڤایرۆسی ئیبۆڵا یەکێکە لەو ڤایرۆسانەی کە سەرەتا تووشی ئەو کەسانە دەبێت کە لە کانەکانی زێر و بازرگانی لە ئەفریقادا کاردەکەن و بەرکەوتەیان لەگەڵ پاشماوەی پیسایی و لیکی شەمشەمەکوێرە دەبێت، وە دواتر ئەم ڤایرۆسە لە مرۆڤیشەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤی تر. مرۆڤی تووشبوو بە نیشانەکانی وەک پەتای وەرزی دەست پێدەکات لە تا، سەرئێشە، ژانی ماسولکە، سکچوون، ڕشانەوە، خوێنبەربوون و دواتر مردن کە ڕێژەکەی دەگاتە نزیکەی لە سەدا ٥٠، واتا نزیکەی نیوەی تووشبوان دەمرن. ئەم ڤایرۆسە ڕەنگە بەهۆکاری بەربڵاویی، خراپی دۆخی سیاسی، و نەبوونی ڤاکسین و چارەسەر، دیسان جارێکی تر بێتە پەتای جیهانی. ئەگەر ئەم ڤایرۆسە وڵاتانی ڕۆژئاوا لێی بترسن، ئەی کۆمەڵگای خێڵەکی چۆن دژی بوەستێتەوە؟

بەربڵاوی میکرۆبەکە:

ڤایرۆسی ئیبۆلا بە گشتی سێ جۆری هەیە، ئەوانیش ڤایرۆسی زایر، ڤایرۆسی سودان، و ڤایرۆسی بوندیبوگیۆ، کە لە وڵاتانی ڕۆژئاوای ئەفریقا هەن و چەند ساڵ جارێک سەر هەڵدەدەن. ترسناکترینیان لە ساڵانی ٢٠١٤ تا ٢٠١٦ کە نزیکەی ٢٨ هەزار کەسی تووشبوو و ١١ هەزار کەس مردوو تۆمار کرا. ئەو کات لە لایەن ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیەوە وەک پەتای جیهانی ناسرا، کە دواتر بە هۆی هاریکاری وڵاتانی ڕۆژئاوا کۆنترۆڵ کرا. 

ڤایرۆسی ئیبۆلا لە جۆری بوندیبوگیۆ لەم ڕۆژانەدا لە کۆماری کۆنگۆی دیموکراتی سەریهەڵداوە و تا ئێستا نزیکەی ٥٠٠ کەس تووشبوون و نزیکەی ١٣٠ کەس مردوون و ڕێژەیەکی زۆریش لە نەخۆشخانەدا ماونەتەوە. لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیەوە، سەرەڕای ترسناکی و تەقینەوەی ڤایرۆسەکە لە وڵاتانی کۆنگۆ، ئۆگەندا، ڕواندا و باشوری سودان، بەڵام هێشتا تا ڕۆژی ١٩/٥/٢٠٢٦ نەخۆشییەکە وەک پەتای جیهانی نەناسراوە، بەڵکو وەک (بارودۆخی نائاسایی تەندروستی گشتی کە جێگەی نیگەرانی نێودەوڵەتی) ناونراوە.

هۆکاری سیاسی و بازرگانی 

یەکەم: ململانێی چەکداری بۆ خستنە ژێر ڕکێفی کانە ئاڵتونیەکانی ئەفریقا. لێرەدا ناتوانرێت تاقیگە دابنرێت بۆ دەست نیشانکردن و بەدواداچوونی بەرکەوتووانی ڤایرۆسەکە کە لە ئەنجامی بەرکەوتنی کرێکارانی کانی زێڕ بە پاشماوەی شەمشەمەکوێرە. هەر بۆیە ترسی هەیە ڤایرۆسەکە بۆ وڵاتانی تر تەشەنە بسێنێت. 

دووەم: سیاسەتی وڵاتان و جەنگ: بڕینی دارایی بۆ ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لەلایەن ئیدارەی ترەمپ. هەروەها جەنگی ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل، یان ڕووسیا و ئۆکرانیا، یان ململانێی نێوان گروپە چەکدارەکانی ئەفریقا وای کردووە کە هەڵاوسانی ئابووری و کەمی وزە لە وڵاتە هەژارەکانی ئەفریقا سەر هەڵبدات. ئەمانیش زیاتر خەریکی کۆچکردنی نێوان گوند و شار و ململانێی ئاڵوگۆڕی بازرگانی زێڕ بن. ئەم هۆکارەش وا دەکات مەترسی زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە زیاتر بێت.

سێیەم: نەبوونی کۆمەک لە نێوان ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) و سەنتەری کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکان (CDC). وا دەکات کە ڕەنگە  ئاسان نەبێت وەک پێویست  ڤایرۆسی ئیبۆلا کۆنترۆڵ بکرێت، کە ئەمەش مەترسی هەیە ببێتە پەتایەکی جیهانی. 

خۆپاراستن و چارەسەر:

ڤایرۆسەکانی تای خوێنبەربوون، نموونەی ئیبۆلا کە لە ئەفریقا، کریمیا کۆنگۆ کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق، و هەنتا لە ئەمریکای لاتین، بە شێوەی خۆجێیی هەن و ساڵانە دووبارە دەبنەوە، چارەسەر و ڤاکسینیان بەردەست نیە بۆ مرۆڤ، جگە لە ئیبۆلای زایر کە لەم ساڵانەی دوایی ڤاکسینی بۆ بەرهەمهێنرا.

 بۆ خۆپاراستنی میکرۆبەکان، زۆر گرنگە شێوازی گواستنەوەکەی بزانرێت. ڤایرۆسی ئیبۆلا سەرچاوەکەی شەمشەمەکوێرەیە. ڤایرۆسی هەنتا سەرچاوەکەی مشکێکی تایبەتە لە ئەرجەنتین.ڤایرۆسی کریمیا لە ڕێگەی گەنە و گۆشتی ئاژەڵان دێتە ناو مرۆڤ.

ئەم ڤایرۆسانە ئەوەیان باشە کە لەڕێگەی هەناسەدانەوە ناگوازرێتەوە، بەڵکو لە ڕێگەی پیسبوونی شلەی لەش (خوێن، لیک، پیسایی، ڕشانەوە، دەردەوەکانی تری لەش) ی مرۆڤی تووشبوو دەگوازرێتەوە. بۆیە کەرەستەی خۆپاراستنی کەسێتی (personal protective equipment) ، وەک دەست کێش و ماسک و سەدریە ،گرنگە بۆ خۆپاراستن.

 بۆ ڕێگری کردن لە بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسانە، پێویستە مرۆڤ بەرکەوتەی لەگەڵ ئەو گیاندارانە کەم بکاتەوە، نەک قەلاچۆکردنیان، چونکە بەکۆمەڵکوشتنی گەنە و مشک و شەمشەمەکوێرە، نەک هەر زانستی نیە، بەڵکو شێواندنی جۆراوجۆرێتی سروشتە. هەر بۆیە لایەنە تەندروستیەکان نابێت بەو ڕێگا هەڵەیەدا بڕۆن کە وابزانن بە هەڕەمەکی کۆگای گیانداری ڤایرۆسەکان لەناو دەبەن. بە پێچەوانەوە، لە ناوبردنی هەڕەمەکی گیانداران لە شوێنێک، دەبێتە هۆی هاتنە کایەی جۆری گیانداری تر بۆ ئەو شوێنە و گۆڕینی سروشتی خاکەکە و مەترسی میکرۆبی ترسناک تری زیاتر. 

 لەڕاستیدا، مرۆڤ دەستکاری سروشت دەکات و نازانێت چۆن هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەو گیاندارانەدا بکات، هەر بۆیە ڤایرۆسەکانیان دەگوازرێنەوە بۆ مرۆڤ. پاش گواستنەوەی ڤایرۆسەکە بۆ مرۆڤ، جینۆسایدکردنی مشک و گەنە و شەمشەمە کوێرە هیچ واتایەکی نامێنێت، چونکە ڤایرۆسەکە تازە هاتۆتە ناو مرۆڤ. ئەگەر بەو لۆژیکە بێت دەبێت هەرچی گیاندار و مرۆڤەکانیشە لەناو ببرێن!! چونکە هیچ گیاندار و مرۆڤێک نیە میکرۆبی تێدا نەبێت. لە کۆمەڵگای خێڵەکی ئەم هەڵانەی بۆ خۆپاراستن دەکرێن، نیشانەی دوورکەوتنەوەیە لە زانست و لێکۆڵینەوە و خوێندنەوەی زانستی. بەداخەوە ئەمە نیشانەی کۆتایی هاتنی پرۆسەی خوێندن و خوێندەواریە.

هەموو شتێک لە ناو کۆمەڵگادا پەیوەندیان بەیەکەوە هەیە. بۆ نموونە خراپ لێخوڕینی ئۆتۆمبێل، نەزانی و نەفامی سەرۆکی فەرمانگەیەک، موجامەلەی دکتۆر و مامۆستایەک بۆ نەخۆش و خوێندکارەکەی، بەکارهێنانی کاری خێرخوازی بۆ بەرژەوەندی خود، لێدان لە ترافیکی هاتووچۆ، بە کەسێتی کردنی کارگێڕیی لە دامەزراوەکان، چاوپۆشی کردن لە کاری نایاسایی، خراپ بەکارهێنانی ئایین بۆ پێگەی کەسێتی، دوورینی ڕێنمایی بۆ لەکارخستنی یاسا، دانانی بەڕێوەبەری گشتیی، وەکیل وەزیرێک یان ڕاوێژکارێکی نەشیاو لە شوێنێکی شیاو، ئەمانە هەمووی وا دەکات سیستەم دروست نەبێت. کە سیستەمیش دروست نەبوو، دووبارە ئەو کێشانەی سەرەوە دروست دەبنەوە. دواجار ئەم نەخوێندەوارییەی لێ دەردەچێت کە ئێستا هەیە.

ئەوەی پەیوەندی بە ئاسایشی تەندروستییەوە بێت، کە سیستەمی دامەزراوەیی تۆکمەی تەندروستی و خوێندنی باڵا دروست نەبوو، نازانرێت چۆن نەخۆشی کۆنترۆڵ بکرێت. لە ئەنجامدا خوێندکار لە زانکۆ وەک پێویست فێر ناکرێت. یەکێک لە هۆکارەکانی پەکخستنی سیستەم، دەرکردنی ڕێنماییە دژی یاسا. ئەمەش بۆ خۆگونجاندنی خێڵەکیانەیە، بەشێوەیەک کە کۆمەڵگاکە خێڵەکیانە لە شاردا بیر دەکاتەوە. هەبوونی خێڵ لە گوند زۆر ئاساییە و بگرە لە لەلادێکاندا خێڵ وەک سیستەمێکی کۆمەڵایەتی باش کار دەکات، بەڵام پیادەکردنی هەڵسوکەوتی خێڵ لە ناو فەرمانگە و شار، هەر ئەوەی لێ دەردەچێت کە ئێستا هەیە و هەموو پۆستێکی کارگێڕیی بە کەسێتی کراوە.

ئەم نوسینە گلەیی و ڕەخنە نیە، بەڵکو ئاگادار کردنەوەیە، چونکە ڤایرۆس کە هات ناپرسێت سەرۆکی فەرمانگە کێیە! بەڵام دەزانێت (ئەو) هەر خەریکی سەردانی تەشریفاتی و وێنەگرتن و خۆدەرخستنە! ڤایرۆسەکە دەزانێت تاقیگەکانت تۆزی لێ نیشتووە! دەزانێت کەشی زانستی و پلانی ستراتیژی لە فەرمانگەکە نیە! دەزانێت پرۆسەکە بەرەو کۆتایی دەڕوات! 

 هەربۆیە کۆتایی هیچ نووسینێک، هیچ توێژینەوەیەک، هیچ ۆرکشۆپێک، هیچ کۆنفرانسێک، هیچ یاداشتێکی لێک تێگەیشتنی نێوان زانکۆکان، هیچ کۆبوونەوەیەک، هیچ پلانێک (نموونەی کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکان) ناگاتە ئەنجام.

د. شێرکۆ سوبحان

پرۆفیسۆری یاریدەدەر بەرگری لەش دژی میکرۆب

کۆلێجی پزیشکی زانکۆی گەرمیان

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە