محەممەد بەرادعی، بەڕێوەبەری پێشووی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، داوا لەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، دۆناڵد ترەمپ “ڕابگرن”، کە بە”شێت” وەسفی دەکات.
لە پۆستێکیدا لەسەر ئێکس بەزمانی عەرەبی، بەرادعی نووسیویەتی: “بۆ حکومەتەکانی کەنداو: جارێکی دیکە تکایە ئەوەی لەتوانایاندایە بیکەن پێش ئەوەی ئەم شێتە هەرێمەکە بکاتە تۆپێکی ئاگر”.
جگە لەوەش، بەرادعی پەیامەکەی ترەمپی بەکارهێنایەوە کە تیایدا سەرۆکی ئەمریکا بیری هێنایەوە ئەو وادەیەی بەتاران داوە بۆ گەیشتن بەڕێککەوتن و کردنەوەی گەرووی هورمز سبەی دووشەممە کۆتایی دێت و هەڕەشەی ئەوەی کردووە ئەگەرنا “دۆزەخ بەسەریاندا دەبارێت”.
هەروەها سەرۆکی پێشووی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، پەیامێک ئاڕاستەی نەتەوە یەکگرتووەکان و حکومەتەکانی چین و روسیاو ئەنجومەنی ئەوروپاو سەرۆکی فەرەنسا دەکاتو دەڵێت “ئایا “ناتوانرێت شتێک بکرێت بۆ ئەوەی ئەم شێتییە بوەستێنرێت؟!”.
محەمەد بەرادعی، سیاسەتمەداری پێشووی میسری تەمەن ٨٣ ساڵ، لەساڵی ١٩٩٧ تا ٢٠٠٩ سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بووەو سەرکردایەتی چەندین دانوستانی گرینگی لەگەڵ ئێران کردووە سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی. ئەوو ڕێکخراوەکەی لە ساڵی ٢٠٠٥ بە هاوبەشی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییان پێبەخشرا بەهۆی هەوڵەکانیان بۆ پێشخستنی بەکارهێنانی ئاشتیانەی وزەی ئەتۆمی.
بەرادعی کە لە ساڵی ٢٠٠٣دا هۆکاری لەشکرکێشییەکەی ئەمریکای بۆ سەر عێراق خستبووە ژێر پرسیارەوە، هۆشداری دەدات لە”تێچووی ترسناک”ی “جەنگی هەڵبژاردن”ی ترەمپ لەدژی ئێرانو ڕایگەیاندووە، واشنتۆن بەڵگەی نەخستۆتەڕوو کە تاران “مەترسییەکی هەنووکەیی” دروست بکات.