لاپەڕەی سەرەکی بیروڕا چارەسەری پرسی ژن چییە؟ ئێمەی ژن چی بکەین؟

چارەسەری پرسی ژن چییە؟ ئێمەی ژن چی بکەین؟

0 تێبینییەکان 51 بینینەکان
هەڵوێست کەریم:
رۆژی چواری ئەم مانگە لە رێکخراوی ئازادبوون بابەتێکم دەربارەی شۆرشی ژن پێشکەش کرد. چەند بەشداربوویەکی بەرێز پرسیارێکی گرنگ و جدییان کرد، بۆ چارەسەری پرسی ژن لە باشور چی بکەین؟ لە چوارچێوەی بابەتەکەدا وەڵامی ئەو بەڕێزانەمان دایەوە و لێرەشدا هەندێک پێشنیارم بۆ وەڵامەکە زیاد کردووە و لەگەڵ ئەو هاوڕێ بەرێزانە و ئێوەش بەشی ئەکەم:
•ئێمە بە شۆڕش ئەتوانین ئازادی بەدەستبهێنین، پێویستە بۆ سەرهەڵدانی شۆڕشێک خەبات بکەین و لە ریشەی کۆمەڵگەوە دەست پێبکەین و پرسی ژن بکەینە پرسی کۆمەڵگە.
•پێوویستە ئاوڕێکی جدی لە سەدەیەک (لانی کەم)، لە مێژووی خەبات و تێکۆشانی ژن لە باشور بدەینەوە و هەڵیبسەنگێنین و شۆڕشی ژن لە باکور، رۆژئاوا رۆژهەڵات و دیاسپۆراش بکەینە تێشووی هەنگاوەکانی داهاتوومان.
•ئێمە ئەتوانین سود لە خەبات و تێکۆشانی ژنانی هەموو گەلان وەربگرین، بەڵام پاشخانی شۆرشی تاقانەی مرۆڤایەتی مەبەستم شۆرشی ژنە لە رۆژئاوا، شۆڕشی ژن ژیان ئازادی رۆژهەڵات، پێشەنگایەتی ژن لە باکور، تێکۆشانی ژنی کورد لە دیاسپۆرا بکەین بە بنەما و میتۆدی سەرهەڵدانی شۆڕش و بزووتنەوەی ژنی کورد.
•پێوویستە هێڵی فکری تێکۆشانی بۆ شۆرشی ژن لە باشور دیاریبکەین، خۆمان پەروەردە بکەین و رێکخستنی ژن بۆ خۆناساندن و ئازادی، دەست پێبکەین.
•ژن لە رابوردودا لە ناو کۆمەڵە و حزبەکاندا رێکخراوی تایبەت بە خۆیان دامەزراند، لە دام و دەزگای حکومەت، پەرلەمان، دواتر لە کۆمەڵگەی مەدەنیدا پێشەنگایەتیان هەبوو بەڵام پێم وایە ئێستە ئیدی سەردەمێکی دیکەیە و پێوویستە میکانیزمی کارکردن بگۆڕین چونکە لە ئێستەدا رێکخراوی ژنانی تایبەت بە حزبەکان و ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی ناتوانن وەڵامدەرەوە و چارەسەری پرسی ژن بێت.
•پێووسیتە بە جدی خەبات بۆ ئازادی ژینگە و سروشت بکەین، بەبێ ئازادی سروشت و ژینگە ئازادی هیچ چین و توێژێکی کۆمەڵگە بەدەست نایەت.
•تێکۆشانی جدی بۆ بنیاتنانی بزوتنەوەی دژە داگیرکارای بکەین، بەرامبەر ئەو ستراتیژیانە بوەستینەوە کە دەوڵەت نەتەوە، وڵاتانی سەرمایەدار لە دژی ژنێکی ئازاد سەدان ساڵە پەیڕەوی ئەکەن.
•پێوویستە شیکاری بۆ سیستەمی سەرمایەداری، نیولیبرالیزم، هەژموونی ئیمپریالیزم بکەین و لەو سیاسەتانە تێبگەین کە چۆن ژنی کردووە بە کاڵای سێکسی و جەستەی بۆ ریکڵامکردنی سابون و ئوتومبیل و کاڵاکانی دیکەش بەکارئەهێنێت سەرمایەی پێ کەڵەکە ئەکات.
• پێوویستە خوێندنەوە بۆ پێشکەوتنەکانی تەکنەلۆژیا، کۆمەڵگەی دوای زانیاری بکەین و ئەو کارەسات و قەیرانانەی ئەم پێشکەوتنە دروستی کردووە و دروستی ئەکات لەسەر ژن و کۆمەڵگە چییە بەتایبەت بۆ ئێستە بۆ داهاتوویەکی زۆر نزیک، بۆ ژیانی رۆژانەی ئێمە.
•لە مێژووی شۆرش و بزوتنەوەکانی جیهان و کوردا چەند رێبازێک پێشنیار ئەکەم بۆ ئێمەی ژنی کورد رێگەنیشاندەر ئەبێت بۆ سەرهەڵدانی شۆرش و بنیاتنانی بزوتنەوەی ژنی کورد، ئەوانیش:
یەکەم\ زانستی ژن، ژنۆلۆژی: مێژووی هەزاران ساڵی مرۆڤایەتی شەن و کەو کردووە، لە قۆناغەکانی گەشەسەندی هزری مرۆڤایەتی دەست پێئەکات و ئازادی و بوونی ژن نیشان ئەدات و هاوکات ئەو مێژووەشمان بۆ بەیان ئەکات کە چۆن ژن کۆیلە کرا. هەربۆیە لە میتۆلۆژیا، ئاین، فەلسەفە و زانستە دەست پێدەکات و رێگاچەسەری پرسی ژنی کوردی پێشنیار کردووە. هەر بۆ زانیاری ئێوەی ئەزیز ئەمرۆ ژنۆلۆژی لەسەر ئاستی جیهان وەک زانستی ژنی کورد ئەخوێنرێتەوە، شرۆڤە ئەکرێت و ژنانی نەتەوەی جیاواز لەگەڵ ژنی کورد ناوەندی تایبەت بە ژنۆلۆژیان لە ئەوروپا و ئەمریکای لاتین دامەزراندووە.
دووەم\ ئیکۆفیمینیزم: ئایدۆلۆژیا و بزووتنەوەیەکە قەیرانەکانی ژینگە وەک مەسەلەیەکی بنەڕەتیی گرێدراو بەیەکەوە ئەبینێت کە هەمووشیان پێکەوە گرێدراون بە باڵادەستی سیستەمی پیاوسالاری سەرمایەداری. سەرهەڵدانی ئەم ڕەوتە لە فیمینیزم لە حەفتاکانی سەدەی رابوردودا گەرمووگوڕی بە ئەو مشتومڕانەدا لە بارەی ژینگە و مرۆڤ، بە تایبەت پەیوەندی نێوان ژن و ژینگە لە ئارادا بوون. هەروەها لە پەیوەندی دوالیزمی کلتور\سروشت مرۆڤ\نامرۆڤ پیاو\ژن ئەکۆڵێتەوە.
سێیەم\ فێمینیزمی ڕەشپێست: لێکۆڵینەوە لە ڕەگەزپەرستی، سێکسیزم، چەوساندنەوەی چینایەتی و داگیرکاری ئەکات و ئەو کاریگەرییان دیاری ئەکات کە لە داڕشتنی ژیانی ژنی ڕەشپێستدا بەشدارن. ئەم ڕەوتەی فیمینیزم ئەو سیستەمە باڵادەستانەی دەسەڵات بەیەکەوە گرێئەدات و پێکەوە ڕووبەڕوویان ئەبێتەوە. فێمینیزمی ڕەشپێست ڕەگ و ڕیشەی لەخەباتی دژە داگیرکاریدا هەیە، تیشک ئەخاتە سەر ئەوەی کە چۆن داگیرکاری و کۆیلایەتی و باڵادەستی هۆکارن بۆ پلەبەندی ڕەگەزی و پێکهاتەی پیاوسالاری و رەتاندنی ئابووریی.
0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە