هاوڕێ مام خدر سکرتێری گشتی بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان لە پەیامێکدا بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی قوربانی پیرۆز پیرۆزبایەکی گەرم ئاراستەی خەڵکی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و تەواوی موسڵمانان لە جیهاندا دەکا و رایدەگەیەنێت و دەبێت جەژن دەرفەتێک بێت بۆ ئاشتەوایی و بەخۆداچوونەوە بۆ کاری باشتر و خزمەتی خەڵکی هەژار و کەمدەرامەتی کۆمەڵگا و تێپەڕانندی قەیرانەکان ..
ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەکەیە :
( سەرەتا پیرۆزبایەکی گەرم لە خانەوادەی شەهیدان و پێشمەرگە و شەرڤانە قارەمان و دڵسۆزەکان دەکەم لە رابردوو شاهێدی گیانفیدایی ئەوان وببین، دڕندەترین هێزی تاریکپەرستی دنیا کە داعشە لەسەر دەستی ئەوان و بە خوێنی ئەوان تێکشکێندرا و بیر و هزری تاریکی ئەو هێزە ڕەشە بۆ سەر مناڵان و لاوان و کۆمەڵگاکەمان دوورخرایەوە، بۆیە لەم جەژنەدا وێڕایی ئەوەی دەبێت سەری رێز و نەوازش بۆ شەهیدان و خانەوادەکانیان دابنوێنین،لەهەمانکاتیشدا دەبێت بەکردار دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەت خزمەتی خانەوادەی شەهیدان بکەن بۆ ئەوەی کۆستی لەدەستدانی رۆڵەکانیان لەسەر شانیان سوکتر بکەین و هەست بکەن کە رۆڵەکانیان لەپێناو ئازاددیدا گیانیان بەخشیە .
ئێستا خەڵکی کوردستان لە وەزعیەت و گوزەران و قەیرانێکی سەختی ئابوری و سیاسیدا دەیگوزەرێنن، ناکۆکی نێوان هێز و لایەنە سیاسیەکان و کەمکردنەوە و دواکەوتنی مووچە و وەستانی هەموو هەموو پرۆژە ئاوەدانی و خزمەتگوزارییەکان تەنگی بە هاوڵاتیان هەڵچنیوە و لەم جەژنەدا سەدان و هەزاران خانەوادە بە نائومێدی و نەبوونی و رەزاڵەت جەژن دەکەن، بۆیە پێویستە هەمووان بە گیانێکی بەرپرسانەوە لە دۆخەدا بڕوانن و ئەو مناسبە ئاینیە کۆمەڵایەتیە بکەنە رۆژی بەخۆداچوونەوە و چارەسەرکردنی کیشە و گرفتە سیاسی و ئابورییەکان و هەموومان بەیەک دەنگ هەوڵەکانمان یەک بخەین و بەرژەوەندییە تایبەت و حزبیەکانمان وەلا بنێین و بەرژەوندی خەڵکی کوردستان ئامانجمان بێت، چونکە خەڵک هێندە کارەسات و موسیبەتی بەسەرهاتوە شایەنی خزمەتی زیاتر و دابینکردنی ژتنگەیەکی ئارام و هێمنە .
جارێکیتر جەخت لەسەر ئەوە دەکەمەوە،جەژن ئەگەر بۆ ئاشتەوایی نەبێت جەژن نیە،جەژن ئەگەر بەخۆداچوونەوە لە کەموکوریەکان نەبێت جەژن نیە، جەژن ئەگەر نەبێتە هۆکارێک بۆ خزمەتی زیاتری کۆمەلگا جەژن نیە، بۆیە پێویستە ئەو جەژنە بکەینەوە جەژنی ئاشتەوایی و تێپەڕاندنی قەیرانەکان ..)
هاوڕێتان
مام خدر
سکرتێری گشتی بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان
٢٠\٨\٢٠١٨
هەولێر