لاپەڕەی سەرەکی دۆسیەی تایبەت ئەو (٧) شتەی پێویستە لە سەر شۆڕشی ئۆکتۆبەر بیزانیت

ئەو (٧) شتەی پێویستە لە سەر شۆڕشی ئۆکتۆبەر بیزانیت

0 تێبینییەکان 107 بینینەکان
1. هۆکاری شۆڕشی ڕووسیا چی بوو؟
شۆڕشی ڕووسیای ساڵی 1917 وەک خەباتێک بۆ سۆسیالیزم دەستی پێنەکرد، بەڵکو لە ناڕەزایەتییەکی قووڵەوە لە دژی ڕژێمی تزار و جەنگ هاتە ئاراوە.
نیکۆلاسی دووەم کۆتا پاشای بنەماڵەی ڕۆمانۆڤ بوو کە تەمەنی 304 ساڵ بوو و حوکمی کۆمەڵگایەکی زۆر نایەکسان و سەرکوتگەری دەکرد. توڕەیی لە دەسەڵات 12 ساڵ پێشتر لە شۆڕشی ساڵی 1905 دا سەریهەڵدابوو.
ڕووسیا لە ساڵی 1914 پەیوەندی بە جەنگی جیهانی یەکەمەوە کرد بە چاوەڕوانی سەرکەوتنە خێراکان – بەڵام خوێنڕشتنی ئیمپریالیستی ڕژێمەکەی خستە ناو قەیرانێکەوە.
زیانەکانی سەربازانی ڕووسیا، کە بە پلەی یەکەم سەربازانی جووتیار بوون، زۆر گەورە بوون و تا کۆتایی جەنگ 2,500,000 کوژراو و 5,000,000 بریندار هەبوون. ئەوان بەبێ چەک و تەقەمەنی و تەنانەت پێڵاویش ڕەوانەی بەرەکانی جەنگ دەکران و دوای شکستێک شکستی تر بەدوای خۆیاندا دەهێنا.
ئەمەش وایکرد سوپا ببێتە گۆڕەپانێکی گەرمی ناڕەزایەتی. بریکارێک لە ئۆخرانکا، پۆلیسی نهێنی تزار، ئاماژەی بەوەدا کە “پڕ بوو لەو توخمانەی کە هەندێکیان توانای ئەوەیان هەیە ببنە هێزی چالاکی ڕاپەڕین”.
سەربازە بریندارەکان چیرۆکی کۆمەڵکوژییان بۆ خێزانە جووتیارەکانیان دەگێڕایەوە، کە لە گوندەکاندا سەرما و برسیەتییان دەچێژت.
ساڵێک دوای جەنگ قەیرانەکە زیاتر پەرەی سەند. ئێستا برسێتی شارە پیشەسازییەکانی ڕووسیا و هەروەها گوندەکانی گرتبووەوە. هاوردەکردنی بیانی وشک بوو، لەکاتێکدا بەرهەمهێنانی پیشەسازی بە ڕێژەی یەک لەسەر سێ کەمیکرد.
دوای دوو ساڵ ئەم توڕەییە گەیشتە لووتکە.
2. ئایا لە ساڵی 1917 دوو شۆڕش ڕوویان نەدا؟
شۆڕشی شوبات دیکتاتۆریەتی تزار لەناو برد و حکومەتی کاتی جێگەی گرتەوە. ئەلێکساندەر کێرێنسکی و سۆسیالیست و لیبراڵە چاکسازیخوازەکانی تر سەرۆکایەتی ئەم کۆماری نوێیەی ڕووسیایان دەکرد.
بەڵام ئەمە تەنها سەرەتا بوو. پرۆسەیەکی شۆڕشگێڕانەی دەستپێکرد کە دەبێتە هۆی شۆڕشی ئۆکتۆبەر، کاتێک چینی کرێکار خۆی دەسەڵاتی گرتە دەست.
پڕیشکی سەرەتایی بۆ شۆڕشی شوبات مانگرتنێک بوو لە دژی بەرزبوونەوەی نرخی نان لەلایەن ژنانی کرێکاری رستن و چنین لە پایتەخت پترۆگراد. ژنەکان بە دەوری کارگەکاندا دەسووڕانەوە و کرێکارانی تریان هاندا بۆ ئەوەی بچنە پاڵیان.
لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا تزار دەستی لەکارکێشایەوە و دومای (پەرلەمان) خۆی وەک حکومەتی کاتی ڕاگەیاند. زۆرێک لە کرێکاران لە سەرەتادا پشتگیری کەسانی وەک کێرێنسکییان دەکرد چونکە لە حوکمی دڕندانەی تزارەکانیان پێ باشتر بوو.
بەڵام حکومەتی کاتی سوور بوو لەسەر ئەوەی کە هێزەکانی ئەوروپا یان سەرمایەدارانی ڕووسیا توڕە نەکات. ئەمەش واتای ئەوە بوو کە ئەوان ڕەتیانکردەوە داواکاری کۆتاییهێنان بە جەنگ جێبەجێ بکەن.
لە کاتی شۆڕشی شوباتدا، کرێکاران ئەنجومەنی کرێکارانیان (شورای کرێکرانیان) دامەزراند، کە پێیان دەوترا سۆڤیەت، و ئەوان بوونە دەزگای دەسەڵاتی سیاسی. ئەوان بەردەوام کەوتنە ململانێ لەگەڵ حکومەتی کاتی و لە مانگی ئۆکتۆبەردا ڕووخاندیان.
3. ئایا شۆڕش خەڵکی ستەملێکراوی ڕزگار کرد؟
ڕووسیای تزار پڕ بوو لە توندڕەوی و چەوساندنەوەی پشتگیریکراو لەلایەن دەوڵەتەوە. پێش ساڵی 1917 کەنیسەی ئۆرتۆدۆکسی کاردانەوەیی ڕەوشتی سێکسی لە ئیمپراتۆریەتەکەدا بەڕێوە دەبرد.
شۆڕش کۆتایی بەوە هێنا. تەنها چەند هەفتەیەک دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەر، لەباربردنی منداڵ بە خۆڕایی بوو بەپێی داواکاری. ڕووسیا بووە یەکەم وڵات کە هاوڕەگەزخوازی یاسایی بکات.
گرووپە چەوساوەکان ڕۆڵێکی چالاک و پێشەنگیان لە شۆڕشەکەدا گێڕا – و جیهانێکی نوێی ڕزگاریخوازی کرایەوە.
پێش شۆڕش، توندوتیژی خێزانی باو بوو. یەکێک لە پەندە ڕووسییەکان دەیگوت، “ژنەکەت بە دەسکی تەور بکوتە، دابەزە و بزانە هەناسە دەدات یان نا. ئەگەر هەناسە دەدات، شەرم دەکات و هەندێکی دیکەی دەوێت”.
دوای شۆڕش، جیابوونەوە یاسایی کرا – و ژنانی جووتیار گۆرانییان دەگوت لەسەر ئەوەی چۆن لە مێردەکانیان جیادەبنەوە ئەگەر لێیان بدەن. شۆڕش دەستی کرد بە بنبڕکردنی بنەما مادییەکانی چەوساندنەوە.
چێشتخانە گشتییەکان و سەنتەرەکانی چاودێری منداڵ ژنانیان لە کاری ناوماڵ ڕزگار کرد.
بۆ ئەلێکساندرا کۆلۆنتای سەرکردەی بەلشەڤیک، “جیاکردنەوەی چێشتخانە لە هاوسەرگیری” بە هەمان شێوە گرنگ بوو وەک جیاکردنەوەی کەنیسە لە دەوڵەت.
بەلشەڤیکەکان پابەند بوون بە کۆتاییهێنان بە چەوساندنەوەی گرووپە نەتەوەییەکان. پێش شۆڕش، ئیمپراتۆریەتی ڕووسیا وەک “زیندانی گەلە چەوساوەکان” ناسرابوو.
بەڵام لە ئۆکتۆبەری 1917 حکومەتی سۆڤیەت مافی گەلانی بۆ دیاریکردنی مافی چارەی خۆنووسی نەتەوەیی بڕیاردا. هانی هەر نەتەوەیەکی دەدا کۆنگرەیەکی سۆڤیەت ساز بکات بۆ ئەوەی بڕیار بدات چۆن بەشداری لە دیموکراسی فراوانتری ڕووسیای نوێدا بکات.
4 .شۆڕش چۆن مامەڵەی لەگەڵ ئاییندا کرد؟
ڕژێمی قەیسەری پڕ بوو لە دژایەتیکردنی جوولەکەکان و چەوساندنەوەی ئایینی. باندە ڕاستڕەوە توندڕەوەکان کۆمەڵکوژییەکی خوێناوییان دژی جوولەکەکان ئەنجامدا – بە هاوکاری دەسەڵاتداران.
پڕۆسەی شۆڕش ئەمەی گۆڕی و جوولەکەکان ڕۆڵێکی پێشەنگیان لە خەباتەکەدا بینی. بۆ نموونە لیۆن ترۆتسکی، کە جوولەکە بوو، وەک سەرۆکی شورای پترۆگراد هەڵبژێردرا.
و حکومەتی نوێی سۆڤیەت یاسای ئازادی ئایینەکانی دەرکرد. کەنیسە و دەوڵەت لێک جیاکرانەوە – دەوڵەتی نوێ هیچ لایەنگرییەکی بۆ هیچ ئایینێک نەبوو، بەڵام ئازادی پەرستن مسۆگەر کرا.
تەنها چەند هەفتەیەک دوای دەستبەکاربوونی، حکومەتی سۆڤیەت ڕایگەیاند: “مسوڵمانانی ڕووسیا، بزانن کە مافەکانی ئێوە، وەک هی هەموو گەلانی ڕووسیا، لەژێر پارێزگاری بەهێزی شۆڕشدان.”
مسوڵمانان 10%ی دانیشتوانیان پێکدەهێنا – و لە هەندێک ناوچەدا یاسای شەریعەت وەک بەشێک لە یاسای سۆڤیەت ناسێنرا. بەلشەڤیکەکان وتیان کە ئەوان بێ ئایینن، نەک دژە ئایین. مسوڵمانانی ئیماندار بە گەرمی پێشوازییان لێدەکرا بۆ ناو پارتی بەلشەڤیک.
دوای شۆڕش، کەنیسەی ئۆرتۆدۆکسی ڕووسی – کە بە توندی پەیوەست بوو بە قەیسەریەتەوە – مافی موڵکەکانی لەدەستدا. بەڵام کەنیسەکانی وێران نەکران و نەسووتێنران وەک ئەوەی کەنیسەی جوولەکەکان لەژێر دەسەڵاتی قەیسەردا تێکشکێنران. ئەوان گۆڕدران بۆ باڵەخانە گشتییەکان.
لە هەمان کاتدا شۆڕش هەستێکی بەهێزی دەسەڵاتی بە خەڵک بەخشی و بەو هۆیەوە کاریگەری بیرۆکە ئایینیەکانی بۆ زۆرێک لە خەڵک لاواز کرد.
5. شۆڕش چەندە توندوتیژ بوو؟
سەرمایەدارەکان شۆڕشەکان وەک ڕووداوی توندوتیژ و خوێناوی وێنا دەکەن – لە کاتێکدا کە خۆیان سەرۆکایەتی سیستەمێکی توندوتیژ و خوێناوی دەکەن. بەڵام ئۆکتۆبەری 1917 زۆر کەم توندوتیژی بە خۆیەوە بینی.
ئەمە بەهۆی ئەوە بوو کە پشتگیرییەکی جەماوەری بۆ دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات، یان ڕاپەڕین، هەبوو. و ئەو گرووپانەی کە لەوانەیە ڕێگرییان لێکردبێت – وەک سوپا – ئەوانیش بەلای خۆیاندا ڕاکێشرابوون.
شۆڕشەکە نزیکەی بێ خوێن بوو لە پترۆگراد چونکە بەلشەڤیکەکان دەسەڵات و متمانەی جەماوەریان بەدەستهێنابوو. ئەمەش بەهۆی ئەوە بوو کە بەلشەڤیکەکان ڕۆڵێکی گرنگیان لە تەواوی ساڵی 1917دا گێڕابوو.
کۆمیتەی شۆڕشگێڕی سەربازی (MRC) – کە بۆ بەرگریکردن لە شۆڕش لە هەوڵێکی کودەتای پێشووی ژەنەڕاڵ کۆرنیلۆڤ پێکهاتبوو – دووبارە دامەزرایەوە بۆ پلاندانان بۆ ڕاپەڕینەکە.
بەلشەڤیکەکان دەبوو شورای پترۆگراد قایل بکەن بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی خێرا بۆ بەرگریکردن لە شۆڕش. بۆیە لە 13ی ئۆکتۆبەر شورا کە دەنگی دا بۆ ئەوەی MRC کۆیتەی شۆڕشگێڕی سەربازی پلان بۆ دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات دابنێت.
بریارەکان سەبارەت بە یاخیبوونەکە بە پشتیوانی دەزگای دیموکراسی حوکمڕان- و کرێکاران درا.
تەنانەت کێرێنسکیش وتی کە لە کاتی ڕاپەڕینەکەدا “بەلشەڤیکەکان لەو کاتەدا بە وزەیەکی زۆر و لێهاتووییەکی کەمتر خۆیان بەڕێوەبرد”.
لەو شوێنانەی کە توندوتیژی هەبوو، لەو شوێنانە بوو کە شۆڕش لاوازتر بوو و فەرمانڕەواکانی ئێستا دەرفەتیان هەبوو بۆ بەرەنگاربوونەوە. توندوتیژییەکە لەلایەن ئەوانەوە بوو.
.6 .ئایا چین (Class) لە ڕووسیا گرنگ بوون؟
ڕووسیا لە پرۆسەیەکی چڕی پیشەسازیدا بوو و چینی کرێکار بە خێرایی گەشەی دەکرد. بەڵام لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا کەمینەیەکی بچووکی ڕووسیای پێکدەهێنا – تەنها 4.4% بوون. زۆربەی دانیشتووان جووتیار بوون.
زۆرێک لە سۆسیالیستەکان پێیان وابوو ئەمە شۆڕشی سۆسیالیستی ئەستەم دەکات. بەڵام کرێکاران لە هەندێک گەورەترین کارگەکانی جیهاندا کۆکرابوونەوە. بۆیە هەرچەندە چینی کرێکار لە ڕووی ژمارەییەوە زۆر بچووک بوو، بەڵام هێشتا دەسەڵاتێکی گرنگی هەبوو.
جووتیارێک کە لە کێڵگەیەکدا ماندوو دەبوو، دەسەڵاتێکی یەکسانی وەک کرێکاران نەبوو کە دەیانتوانی ئابووری بوەستێنن.
چینی کرێکار پێویستی بە ژمارەیەکی زۆری جووتیاران بوو بۆ ئەوەی شۆڕشەکە بەڕێوە ببات. بەڵام دەسەڵات و پێگەی کۆمەڵایەتی وای لێدەکرد بتوانێت ڕابەرایەتی چینەکانی تر بکات.
7. چی وای لە کرێکاران کرد یاخی ببن؟
پێش شۆڕش کۆمەڵگای ڕووسیا بە قووڵی کۆنەپەرستانە بوو.
زۆرێک لە ڕووسەکانی ئاسایی ئایدیۆلۆژیای دەسەڵاتداری “ئۆرتۆدۆکسی، ئۆتۆکراسی و نەتەوەیی”یان قبوڵ کردبوو. سۆسیالیستە شۆڕشگێڕەکان کەمینەیەک بوون، کە گوێگرتنێکی کەمیان لە نێو هەندێک گرووپی کرێکاراندا بەدەست هێنا.
لە شوباتی 1913دا، خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی کرێکاران و جووتیاران یادی 300 ساڵەی بنەماڵەی ڕۆمانۆڤیان کردەوە. نزیکەی 60 کەس لە قەرەباڵغییەکدا مردن کە هەوڵیان دەدا دەست لە “کفنی پیرۆزی” قەیسەر بدەن.
تەنها چوار ساڵ دواتر لە شوباتی 1917، هەمان ئەو ژن و پیاوانە قەیسەریان ڕووخاند و دەرگایان بۆ جۆرێکی تری کۆمەڵگا بە تەواوی کردەوە. بیرۆکەکانیان لە ڕێگەی خەباتەوە دەستیان بە گۆڕان کردبوو.
ڕووخاندنی قەیسەر کۆمەڵگای بەرەو چەپ پاڵنا، بەڵام زۆرێک لە خەڵکی ئاسایی هێشتا هەندێک لە بیرۆکە کۆنەکانیان قبوڵ کردبوو. و زۆربە نەیاندەویست چارەسەری سۆسیالیستی شۆڕشگێڕانە بدۆزنەوە.
بەڵام ناتوانایی حکومەتی کاتی بۆ دابینکردنی داواکارییە سادەکانی نان و ئاشتی، کرێکارانی ڕادیکاڵ کرد.
ئەم پرۆسەیە یەکسان نەبوو. کرێکارانی پترۆگراد لە کاتی قەیرانێکدا کە بە “ڕۆژانی تەمموز” ناسراوە، دژی حکومەتی کاتی ناڕەزایەتییان دەربڕی. هەندێکیان دەیانویست حکومەت بڕوخێنن – بەڵام زۆربە نەیاندەویست.
تەنها لە ئۆکتۆبەری 1917دا، جەماوەرێکی زۆری کرێکاران لە سەرانسەری ڕووسیادا پشتگیری شۆڕشی سۆسیالیستیان کرد.
سەرچاوە: ڕۆژنامەی کرێکاری سۆسیالیست (Socialist Worker)
خانەی وەرگێرانی: ناوەندی گاورباغی – بۆ هزر و هۆشیاریی سۆسیالیستی
0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە