گۆڤاری ئیکۆنۆمی بەریتانی کە بایەخ بە ڕووداوە سیاسی و ئابوورییەکانی جیهان دەدات، سەبارەت بە ڕیفراندۆمەکەی ١٦ی ئەم مانگەی تورکیا بۆ هەمواری دەستوور، ڕاپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا کوردی وەکو رەگەزێکی گرنگ لە سەرکەوتن یان سەرنەکەوتنی ریفراندۆمەکەدا دەست نیشانکردووە.
گۆڤارەکە نووسیویەتی، دیاریکەری سەرکەوتن یان سەرنەکەوتنی ئەردۆغان لە ڕێفراندۆمەکەی هەفتەی داهاتوودا، گرێدراوە بە ڕاکێشان یان ڕانەکێشانی دەنگی “بەڵێ”ی بەشێک لە کوردەکان و هەروەها ناسیۆنالیستە تورکەکانەوە.
ئیکۆنۆمیست ئاماژەی بەوەشداوە، چونکە لە ئامەد کە ماوەی دوو ساڵە بووەتە گۆڕەپانی شەڕ و پێکادانی شەڕ لەنێوان پەکەکە و هێزە ئەمنییەکانی تورکیا، پرسی ڕیفراندۆم گەرموگوڕ نییە.
ئیسماعیل بەدرهانگلو بیزنسمانی کورد بە ئێکۆنۆمیستی وتووە، کە کوردەکان لە دەستوورەکەی ئێستادا هیچ مافێکیان پێنەدراوە، بۆیە لە دەستوورە نوێکەشدا هەروا دەبێ.
وەهاب جوشکان پڕۆفیسۆری زانکۆی دیجلە لەمبارەیەوە دەڵێ “خەڵک لێرە ماڵی ڕووخاوە، بنەماڵەی تیاچووە و ئیشوکاری لەدەست داوە هیچ مادەیەکی یاسایی نییە کە ئاشتی دەستەبەر بکات”.
ئیکۆنۆمیست نووسیویەتی، لە تورکیادا لافیتەیەک ئەگەر بانگەشەی “نەخێر”ی تێدانووسرابێ، ئەوا هەڵواسینی زۆر و زەحمەتە. لە سەردانەکەی یەکی نیسانی ئەردۆغان بۆ شاری ئامەد بانگەشەی “بەڵێ” بەسەر دیوار و شەقامی شارەکەوە هەڵواسرابوو، بەڵام بە ئەستەم “نەخێر”ێک دەبینرا.
زیا پیر ئەندام پەرلەمانی تورکیا لە فراکسیۆنی هەدەپە دەڵێ: هەرکات “نەخێر”ەکانمان لەبەردەم بارەگای گشتی هەدەپە هەڵدەواسی، دەسبەجێ پولیس دەگەیشتن و لایاندەبردن.
ئیکۆنۆمیست کە کوردی وەکو لایەنێکی گرنگ بۆ سەرکەوتنی دەستوور ناوبردووە، ئاماژەی بەوەداوە کە هەدەپە تەنانەت هەڵسوڕێنەرانی کەمپینەکەشی لە زینداندان. پێنج هەزار ئەندامی لە زیندان توندکراون لەوانە ٨٥ هاوسەرۆک شارەوانی و ١٣ پەرلەمانتار کە بەتۆمەتی “تیرۆر” ترێنجێراونەتە گرتووخانەکانەوە.
لە بەشێکی تری ڕاپۆرتەکەدا باسی کۆسپەکانی دەوڵەت دەکات لەبەردەم هەدەپەدا و نووسیویەتی، پاش کودەتاکەی مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوو، لەژێر پاساوی “دۆخی نائاسایی” پەخشی گەلێک ڕادیۆو تەلەڤزیۆن و بڵاوکردنەوەی گۆڤار کە بە زمانی کوردی بوون، لەلایەن دەولەتەوە داخران.
بەم دواییانەش گۆرانیی “نا” کەهەدەپە بە زمانی کوردی لە کەمپینەکەیدا بەکاری دەهێنا، قەدەغە کرا ئەویش بە تۆمەتی “هاندانی ڕق و دوژمنایەتی”. لەلایەکی ترەوە هەندێ کورد دەڵێن ئەگەر ئەردۆغان لە ڕێفراندۆمەکەدا سەرکەوێ، ئەوا ڕەنگبێ پرۆژەی ئاشتی لەگەڵ پەکەکە بخاتەوە گەڕ.
عەبدولڕەحمان کورد، پەرلەمانتاری پێشووی ئاکەپە لەسەر ئەو باوەڕەیە کە لەسەدا شەستی دەڤەرەکە دەنگی “بەڵێ” دەدەن بە پرۆژەی دەستووری نوێ.
ئاستەنگێکی تر کە لەبەردەم ئەردۆغانە، لەرزۆکبوونی هاوپەیمانێتی ئیسلامگەراکان و ناسیۆنالیستەکانە پاش کودەتاکە. ئەگەرچی سەرۆکی مەهەپە پشتگیری خۆی بۆ ئەردۆغان ڕاگەیاندووە، بەڵام پێدەچێ زۆرێک لە لایەنگرانی مەهەپە بە “نەخێر”وە بەرەو پیری سەندوقەکانی دەنگدان بچن.
دۆرموز یەڵماز کە پێشتر بانکدار بووە و هەروەها هەڵسوڕاوێکی گرنگی مەهەپە بوو، ساڵی پار وازی لەو حیزبە هێناوە ئێستا پێشبینی دەکا لە پێنج ئەندام و لایەنگری مەهەپە، چواریان دەنگی “نەخێر” بەرز بکەنەوە. چونکە مەهەپە بەبەردەوامی سوودی لە پەرلەمان وەرگرتووە، بەڵام دەستووری نوێ هەموو هێز و دەسەڵات دەخاتە دەستی یەک کەسەوە.