سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان داوا لەهەموو لایەنەكان دەكات لەم مانگەدا ڕۆژنامەنوسان بپارێزن و دەڵێت،”لەكاتی بەڕێوەچونی بانگەشەی هەڵبژاردندا، ناخوازێت هیچ پێشێلكارییه‌ك له‌دژی ڕۆژنامه‌نوسان و ده‌زگهاكانی میدیادا دوباره ببێته‌وه”.
ئەنجومەنی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان، لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، له‌ماوه‌ی ڕۆژانی 3ــی ئەم مانگە تاوه‌كو 8ــی مانگی داهاتوو، پڕۆسەی بانگەشەی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومەنی نوێنه‌رانی عێراق بەڕێوەدەچێت، کە بەربژێران و لیست و قه‌واره سیاسییەکان کارەکانیان ئەنجام دەدەن، له‌م ماوه‌یه‌دا، ململانێ و گوتاری سیاسی و میدیایی توند ده‌بێت، به‌ڕاددەیەک کە زۆرینه‌ی كه‌ناڵه‌كانی میدیا‌و ڕۆژنامه‌نوسان ده‌بنه به‌شێك له‌م توندبونی گوتار و لێدوان و ڕكابه‌رییە سیاسییە.
ئاماژەی بەوەشكرد، له‌ڕە‌وشێكی وه‌های چاوه‌ڕانكراودا، به‌پێی ئه‌زمونی خوله‌كانی دیكه‌ی هه‌ڵبژاردن، ئه‌نجومەنی سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نوسانی كوردستان، ناخوازێت هیچ پێشێلكارییه‌ك له‌دژی ڕۆژنامه‌نوسان و ده‌زگهاكانی میدیا دوباره ببێته‌وه.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، لەم ڕوانگەیەوە بانگ له‌هه‌موو لایه‌نه سیاسییەکان، بەربژێران، دامه‌زراوه فه‌رمییەکانی حکومەت و كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كەین، هاوكاری ڕۆژنامه‌نوسان بکەن، به‌و تێگه‌یشتنه‌ی كه ڕۆژنامەنوسان ته‌نیا پیشه‌یه‌كی گرنگ پیاده ده‌كه‌ن، كه پێوه‌ری ئازادی و دیموكراسییه بۆ هه‌رێمی كوردستان، داوادەکەین ڕێز لەڕۆژنامەنوسان و دەزگا فەرمییەکان بگرن و هاوکاریان بن.
ئەوەشیخستەڕوو، ئەنجومەنی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانی كوردستان، داوا له‌ده‌زگا‌كانی میدیا ده‌كات، له‌وتاری میدیاییاندا، خۆیان به‌دور بگرن له‌هه‌ر شێوازێكی كاری ڕۆژانه‌دا، كه ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵایه‌تی و ژینگەی سیاسیی دەشێوێنێت، لەبەرانبەر ئەوەدا ئیتیک و پرۆفیشیناڵی له‌كاری میدیایی پێڕەو بکەن.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، سەندیكا داوا لەڕۆژنامه‌نوسانی كوردستان ده‌كات، له‌كاتی ڕوماڵی پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردن دا، پێناسی ڕۆژنامەنوسی و جلی ناسینه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌نوسان بپۆشن، هەروەها مه‌رجه‌كانی سه‌لامه‌تیی پیشه‌یی پێڕەو بكه‌ن. هاوکات لەگەڵ بونی هەر پێشێلکارییەک لە دژیان، داوا لەڕۆژنامەنوسان دەکەین لیژنەی داکۆکی لەئازادیی ڕۆژنامەنوسان و مافی رۆژنامەنوسان ئاگادار بکەنەوە.