
دیمەنی جوان و کاریگەر
چیرۆکەکە لەوێوە دەستپێدەکات کاتێک ئەو منداڵە بڕیار دەدات ببێت بەهاوڕێ ئەو کوڕە نوێیەی لە کورسی پشتەوەی پۆلەکە دادەنیشێت و بە بیرکردنەوەیەکی منداڵانە دەڵێت “دواجار دۆزینەوەی هاوڕێیەکی نوێ باشترە لەوەی هیچ هاوڕێیەکی نوێت نەبێت”.
لە لاپەڕە 70 ی رۆمانەکەدا ئەوەی زۆر جوان بوو بەلامەوە کاتێک پاڵەوانەکە بەدوای دیارییەکدا دەگەڕێت بیدات بەو کوڕە نوێیە، دوای گەڕانی زۆر و خوێندنەوە لەسەر رۆژئاوای کوردستان دەزانێت بە هەنار ناسراون و پێشتر خۆی بەهیچ جۆرێک ئەو میوەیەی نەدیووە و نەخواردووە، لەگەڵ دایکیدا وەک ناوی دەنێت سەرکێشییەکی دیکەی رۆژی یەک شەممە چەندین شوێن دەگەڕێن بۆ پەیداکردنی هەنار تا لە خوێندنگە بەدیاری بیدات بە ئەحمەد کە بێگومان بیری ماڵ و وڵاتەکەی دەکات و پێدانی دیارییەکی لەو جۆرە دڵخۆشی دەکات. کاتێکیش بۆ یەکەمجار هەنار دەبینێت و دایکی بۆی لەت دەکات دەڵێت:”ئێستا هەنار میوە دڵخوازەکەی منیشە تەنیا لەبەرئەوە نا دیوی دەرەوە بریقەدار و رەنگ جوانە لە رەنگی قۆخ دەچێت، بەڵکو دیوی ناوەوەی سەرنجڕاکێشترە وەک سندوقێک وایە ملیۆنان یاقووتی سووری لەنێوخۆیدا حەشاردابێت و هەوڵدەدەن بێنە دەرەوە”.
بێگومان خوێندنەوەی ئەو جۆرە دیمەنانەی لە رۆمانێکدا بەو شێوە جوانە باس لە کورد و کوردستان بکات و بە زمان و دیدگایەکی منداڵانە وادەکات ئەزموونی خوێندنەوەکەت بەچێژتر بێت.
مەسەلەی دەمارگیریی
لە چەند بەشێکدا و بەدیمەنی زۆر سادە و تێڕوانینی منداڵانە، بەڵام پڕ ماناو قووڵ نووسەر زۆر جوان باس لە دەمارگیری دەکات بەرامبەر بە ئاوارەکانی ئەوروپا و لە دیمەنێکدا منداڵەکە لە دایکی دەپرسێت بۆچی خەڵکی رقیان لە ئەحمەدی ئاوارەیە یان بۆچی نایانەوێت لە وڵاتەکەیاندا بن لە کاتێکدا ئەوان هەزاران کیلۆمەتریان بڕیووە و لەدەست کەسە خراپ و بۆمب و بۆردوومان رایانکردووە و ماڵ و وڵاتی خۆیان کە پێی راهاتوون بەجێهێشتووە؟ دایکی لە وەڵامدا دەڵێت: لەبەرئەوەی زۆرجار خەڵکی لەو کەسانە دەترسن کە جیاوازن و لەخۆیان ناچن! منداڵەکەش بیردەکاتەوە لەوەی دنیا زۆر بێ تام و بێ رەنگ دەبوو ئەگەر هەموو لەیەک بچووینایە.
هاوکات نووسەر دەچێتە خەیاڵدانی منداڵەوە و بەمێشکی خۆی زۆر مەسەلەی گەورەی سیاسی و مرۆیی چارەسەر دەکات، بۆ نموونە بۆ یارمەتیدانی ئەحمەدی هاوڕێیان لە دۆزینەوەی خێزانەکەیدا چەندین سەرکێشیی دەکەن و تووشی چەندین کێشە دەبن، یەکێک لەو کێشانەی دووچاری دەبن ئەوەیە بەشێوەیەکی کۆمیدی نووسەر پیشانی دەدات کاتێک ئەو هەنارە بەدیاری پێشکەشی ئەحمەد دەکات یەکێک لەو منداڵانەی هەمیشە گێچەڵیان پێدەکات لێی دەسەنێت و پاندەبێتەوە و ئەوانیش لەکاتێکدا دەیانەوێت ئەحمەد بپارێزن حیکایەتخوان دەڵێت: “تەماشام کرد ئەحمەد لە تووڕەییدا سووربۆتەوە و لەپڕ وەکو شێر دەنەڕێنێت و بە بازێک خۆی هەڵدەداتە سەر منداڵە خراپەکە و بەر بۆکسی دەدات لەو کاتەدا چاوەکانی ئەوەندەی تر گەورە بوون لەچاوی شێر دەچوون”.
سەبارەت بە نووسەر
رۆمانی ” The Boy At The Back Of The Class” ئەو کوڕەی لە پشتەوەی پۆلەکە دادەنیشێت ژنە نووسەری بەریتانی-بەنگلادیشی ئۆنجالی کیو رەئووف نووسیوێتی لە 320 لاپەڕە پێکهاتووە و رۆمانێکی خەیاڵی واقیعییە و لە دیدگای منداڵێکەوە باس لە مەسەلەی ئاوارەکان و ئەو کێشانە و هاوکات ناهەقییانەی بەرامبەریان دەکرێت دەکات کاتێک لە جەنگ و کوشتار هەڵدێن و ژیانی خۆیان و خێزانەکانیان دەدەنە دەست دەریای ئیجە، بەڵام زۆریان ناگەنە ئەوروپا دەخنکێن یان لاشەیان لە کەنارەوەکان دەدۆزرێنەوە وەک ئەوەی نووسەر لە کۆتایی کتێبەکەیدا باسی دەکات کاتێک لاشەی ئایلانی تەمەن سێ ساڵ هەموو دنیا دەهەژێنێت ژیانی ئەویش دەگۆڕێت نووسەر دەڵێت: “لەو رۆژەی ساڵی 2015 دا بۆ هەتا هەتایە ژیانم گۆڕا” لەو کاتەوە دەستدەکات بە کاری رێکخراوەیی بۆ یارمەتیدانی ئاوارەکان و باس لەوە دەکات زۆرێک لە نموونەی پاڵەوانی رۆمانەکەی بینیووە و چاوپێکەوتنی لەگەڵدا کردوون و بوون بە ئیلهامبەخشی نووسینی ئەو رۆمانە، بەڵام ئایلانی کورد وایلێکردووە وەک خۆی دەڵێت: هۆشی بەخۆیدا بێتەوە و بگەڕێت و هەوڵبدات بۆ زانینی زیاتر لەسەر مەسەلەی قەیرانی ئاوارەکان و مانای وشەی ئاوارە و پەنابەر لە ئینگلیزیدا شیدەکاتەوە و خوێنەران فێردەکات ئاوارە کەسێکە بێ ویستی خۆی بۆ رزگارکردنی ژیانی خۆی ماڵ و وڵاتی خۆی جێدەهێڵێت بۆ دۆزینەوەی نەک تەنیا ماڵێکی نوێ، بەڵکو ئاسایش و سەلامەتی، بەڵام پەنابەر بەویستی خۆی وڵاتەکەی جێدێڵێت، شایەنی باسە ئۆنجالی دامەزرێنەری رێکخراوی Making Herstory ە، کە رێکخراوێکە بۆ رووبەڕووی دەستدرێژی و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە بەتایبەت ژن و منداڵ لە بەریتانیا و دەرەوەی وڵات، هەروەها دامەزرێنەری تیمی یارمەتیدانی ئاوارەکانە بەناوی خۆیەوە هاوکاری بۆ ئەو خێزانە ئاوارانە دابین دەکەن کە لە کالێس و دانکیرک دەژین، هەروەها ساڵی 2019 بۆ ئەم کتێبەی خەڵاتی “بلو پیتەر” ی بۆ باشترین رۆمان وەرگرتووە.
ئامادەکردنی:رۆزا دڵشاد مەریوانی