وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارییدا، لە رێکەوتی21/9/2025 دەرگای قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندن بە رووی قوتابیان و خوێندکاراندا بکاتەوە، ئاشکرایە سەرەتای ساڵ و دەسپێکی قۆناغێکی نوێ بۆ قوتابیان لێوانلێوە لە ترس و دڵەڕاوکێ و نیگەرانی. رەنگە سەختی ساڵی نوێ، پەیوندی بە چەند هۆکارێکی بابەتی و خودییەوە هەبێت، بەشێکیان پەیوەندییان بە مامۆستا و کارگێڕیی قوتابخانە و پرۆگرامەکانی خوێندنەوە هەیە، بەشەکەی تر، پەیوەندی بە دۆخی دەروونی خوێندکارەوە هەیە. لە هەموو بارێکدا، چی بکرێت باشە بۆ رەواندنەوەی ترس و دڵەڕاوکێی قوتابیان؟ ئەو هۆکارانە چین دەبنە هۆی بێزاربوونی خوێندکاران لە قوتابخانە و دەرفەت و ئاڵنگارییەکان چین؟ ئەو رێکارانە چین بگیرێنەبەر بۆ ئامادەکردنی قوتابیان بۆ ساڵێکی نوێی خوێندن؟
حەزی زانین
منداڵ بە سروشتی خۆی حەزی لە خۆهەڵقورتاندنە لەو شتانەی ئیشی ئەو نییە، حەزی زانینی زۆرە، دەیەوێت پەی بە شتە نهێنی و شاراوەکان ببات. پورانی خوشکە گەورەی فروغی فروغ زاد دەیگێڕێتەوە و دەڵێت: (فروغ لە تەمەنی حەوت ساڵییدا هەمیشە دەیوت، پوران دەزانی حەز دەکەم دەستم بگات بە دوورترین ئەستێرە، بۆئەوەی بیشکێنم و بزانم ناوەکەی چی تێدایە.) حەزی زانین لای منداڵ و خۆهەڵقورتاندن لەو پاڵنەرە ناوەکییانەن وا لە منداڵ دەکەن، بزێو و چالاک بێت و حەزی بە بەستنی پەیوەندی هەبێت و فرە جووڵە بێت و نەسرەوێ، بە پێچەوانەوە ژینگەی قوتابخانە، سیستەم و مامۆستا هەموو دەیانەوێت گوێڕایەڵ و پابەند بێت، کەواتە حەزکردن بە ئازادیی منداڵ و قەیدوبەندی قوتابخانە، دواجار دەکەونە ململانێ و بە بێزاریی قوتابیان دەشکێتەوە.
جیاوازیی نێوان خوێندکاران
لەبەرئەوەی جیاوازیی تاکایەتی لە نێوان قوتابیاندا لە رووی توانا و لێهاتوویی هەیە، هەندێکییان سەردەستە و هەندێکیان ژێردەستە دەبن، ئەمەش دەبێتە هۆی گۆشەگیریی و تەنیایی، بەشێک لە منداڵەکان ئارەزووی چوونەوەیان بۆ قوتابخانە نامێنێت، بە جۆرێک لە پۆلێکی قەرەباڵغی پڕ خوێندکاردا، هەست بە نامۆیی و غەریبی دەکەن. لە راستیدا ئەمە لەو قوتابخانانەی کارگێڕییەکی باش و توێژەرێکی کۆمەڵایەتی چالاکییان هەیە بەم جۆرە نییە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی هەست بەم دۆخە دەکرێت و دواجار قوتابی هەم ئاستی خوێندنی دادەبەزێت، هەم قوتابخانەی لەبەرچاو دەکەوێت و ئارەزوی خوێدنی نامێنێت.
مامۆستای نەزان
لەو هۆکارنەی تر کە وادەکات قوتابیان حەزیان لە خوێندن نەبێت، هەبوونی پرۆگرامەکانی خوێندن و مامۆستای نەزانە، هەروەک ژاک رانسیەر لە کتێبی (مامۆستای نەزان، پێنج وانە بۆ رزگاریی هزریی) ئاماژەی بۆ کردووە، ئەو جۆرە لە مامۆستا نەزانە، کە وادەزانێت مەعریفەی تەواوەتی و کۆتایی لای خۆیەتی. لە بەرامبەردا رانسیەر لەو باوەڕەدا نییە، کە مامۆستا و قوتابی جیاوازییەکی هزری زۆر لە نێوانیاندا هەبێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە جەخت لەوە دەکاتەوە، کە هەموو مرۆڤێک خاوەنی توانای تێگەیشتن و فێربوونە، ئەگەر پاڵنەر و رەوشێکی گونجاوی بۆبڕەخسێت.
هۆکارەکان
جیا لەوەش رەنگە هەندێک لە خوێندکاران تووشی رق لێبوونەوە لە قوتابخانە ببن، بەهۆی ئەو بارودۆخەی کە شێوازەکانی فێربوون تێکدەدەن، یان دوایدەخەن. لەوانەیە خوێندکار تووشی کێشەی فێربوون ببێت وەک ناڕێکی خوێندنەوە، ناڕێکی گرافیا، تێکچوونی چالاکیی زۆر کەمی سەرنج (ADHD) کە فێربوون بۆ خوێندکاران قورس دەکەن. دواجار خوێندکاران هۆکار دەدۆزنەوە بۆ دوورکەوتنەوە لە قوتابخانە و لە کۆتاییدا رقیان لە قوتابخانە و خوێندن دەبێتەوە.
توێژینەوەکان ئاماژە بۆ چەند هۆکارێکی تر دەکەن وەک: زۆری ئەرکەکانی ماڵەوە، کە منداڵ لە یارییکردن بێبەش دەکات، تاقیکردنەوەش لەو هۆکارانەیە هیچ کەس حەزی پێ ناکات و نەبوونی چالاکی قوتابخانە و چالاکی جۆراوجۆر وەک، وەرزش، هونەر، دراما، وێنەکێشان، هۆکارگەلێکی ترن. هاوکات زۆریی ژمارەی خوێندکاران و نەگوجاندنی ژینگەی خوێندن.
چارەسەرەکان
یەكەم- پێویستە مامۆستایان ژینگەیەکی ئەرێنی لە پۆلدا دروست بکەن، کە هانی خوێندکاران بدات بۆئەوەی حەز بە خوێندن بکەن و هەست بە بێزاریی نەکەن.
دووەم- پێویستە دایک و باوک، دەست بە گفتوگۆی تەندروست لەگەڵ منداڵەکانیان بکەن و گوێ لە نیگەرانی و کێشەکانیان بگرن.
سێیەم- بەهێزکردنی پەیوەندیی دایباب لەگەڵ کارگێڕیی قوتابخانە و هەبوونی چەندین ئەپ و ئی_سکوڵ، کەوا لە دایباب دەکات ئاگاداری منداڵەکانییان بن، چونکە ئەم هەماهەنگییە بۆ رەواندنەوەی خەم و ترس و دڵەڕاوکێی منداڵ گرنگە.
چوارەم-هەبوونی رێنماییکاری پەروەردەیی لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندندا.
پێنجەم- پێویستە دایبابەکان منداڵەکانیان هان بدەن، کە خۆیان بە کەم نەزانن و ئەو باوەڕە بچەسپێنن لە مێشکیاندا، کە هەمووان توانای جیاوازیان هەیە.
دكتۆرعومەر عەلی ئەحمەد- مامۆستای زانكۆ