هەدەپە: تورکیا نیازی ئەنجامدانی کۆمەڵکوژیی هەیە
بۆ جاری دووەم حكوومەتی توركیا باری نائاسایی لەو وڵاتەدا درێژ كردەوە بە بیانووی مەترسی لەسەر ئاسایشی وڵاتەكەیان، ئەوەش دەستی توركیای كراوەتر كردووە بۆ ئەوەی زۆرترین كورد دەستگیر بكات، پارتی دیموکراتی گەلانیش جەخت لەوە دەكاتەوە تورکیا نیازی ئەنجامدانی کۆمەڵکوژیی هەیە.
حكوومەتی توركیا ڕۆژی 21/7/2016 و شەش ڕۆژ دوای كودەتا سەربازییەكەی ئەو وڵاتە لە 15/7/2016دا، باری نائاسایی لە سەرانسەری توركیا بۆ ماوەیەكی نادیار ڕاگەیاند، ئامانجی توركیاش لە ڕاگەیاندنی باری نائاسایی كۆنتڕۆڵكردنی سەرجەم دامەزراوەكانی وڵات بوو كە بە هۆی كودەتاكەوە شڵەژانێكی گەورەی بە خۆیەوە بینی.
لە 17/7/2017 پەرلەمانی توركیا پڕۆژەبڕیارێكی حكوومەتی پەسند كرد بۆ درێژكردنەوەی باری نائاسایی توركیا بۆ ماوەی سێ مانگی تر، لە ناوخۆی توركیاش كاردانەوەی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی لێ كەوتەوە كە ترسیان لێ نیشتووە درێژكردنەوەی باری نائاسایی درێژەدان بێت بە دوژمنایەتیكردنی حكوومەتەكەی پارتی داد و گەشەپێدان ״ئەكەپە״ بەرانبەریان.
ئادەم گەڤەری، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان ״هەدەپە״ لە پەرلەمانی توركیا بە ״ئاژانس״ی ڕاگەیاند: ״ئێمە دەنگمان بە پڕۆژەكەی ئەكەپە نەدا، چونكە ئێمە دەزانین ئەوە بۆ ئاسایشی توركیا نییە، بەڵكو دەیانەوێت كۆمەڵكوژی لەسەر گەلی کورد ئەنجان بدەن״.
ئەو پەرلەمانتارەی هەدەپە باس لەوە دەكات دۆخی توركیا ئارامە و هیچ بیانوویەك نییە بۆ درێژكردنەوەی باری نائاسایی، ڕوونیشی دەكاتەوە كە درێژكردنەوەی باری نائاسایی بۆ ئەوەیە زیاتر چالاكوانی سیاسی و كۆمەڵگەی مەدەنی بخەنە زیندانەوە و ئاسایش و ئارامیی باكووری كوردستان تێك بدەن.
حكوومەتی توركیا لەژێر سێبەری باری نائاسایی جگە لە دەستگیركردنی سەدان هەزار سەرباز و كارمەند و فەرمانبەری حكوومەت كە بە تۆمەتی دەستهەبوون لە كودەتاكەی مانگی حەوتی ساڵی ڕابردوو دەستگیری کردوون، هاوكاتیش هەڵمەتێكی دەستگیركردنی گەلی كوردی لە توركیا ئەنجام دا و تەنانەت سەركردە هەرە دیارەكانی كوردی لەو بەشەی كوردستان خستە زیندانەوە كە تا ئێستاش ئازاد نەكراون.
یەكێتیی ئەورووپا تا ئێستا چەندین جار داوای لە توركیا كردووە باری نائاسایی هەڵبگرێت و كۆتایی بێنێت بەو هەڵمەتی ڕەشبگیری و زیندانیكردنی ڕكابەرەكانی ئەكەپە، هاوكات لە دوای درێژكردنەوەی باری نائاسایی یەكێتیی ئەورووپا نوێنەری توركیا لە یەكێتییەكەی بانگهێشت كرد و نیگەرانیی خۆیان لە درێژكردنەوەی باری نائاسایی ڕاگەیاند.
نادر ئاڵكان، كە پێشتر پۆستی سەرۆكشارەوانیی یەكێك لە شارەكانی باكووری كوردستانی لا بووە بە ״ئاژانس״ی وت: ״دەوڵەتی ئەكەپە بە بیانووی باری نائاسایی و بوونی تیرۆر بەشی زۆری شارەكانی شێرناخ و سووری ئامەد و سلۆپی و نسێبین و گەڤەر جەزیرە و فارقینی وێران كرد و خەڵكەكەشی دەربەدەر كردن.״
ئاڵكان ئاماژە بەوەش دەكات كە لە بنەڕەتدا باری نائاسایی پەیوەندیی بە كودەتاوە نەبوو، بەڵكو بە وتەی ئەو تەنیا بۆ دوورخستنەوەی هەموو ئەو كەسانە بوون كە سەر بە ئەكەپە نەبوون.
چالاكی و خۆپیشاندانی مەدەنی یەكێكە لە چالاکییە دیارەكانی گەلی كورد لە باكووری كوردستان، بەڵام بە هۆی باری نائاساییەوە تاكو ئێستا ڕێگە بە هیچ چالاكییەك و خۆپیشاندانێكی هەدەپە و كورد بە گشتی نەدراوە، بە پێی یاسایی باری نائاساییش هەر كەسێك خۆپیشاندان ئەنجام بدات دەخرێتە زیندانەوە و بە تۆمەتی تێكدانی ئاسایشی وڵات دادگایی دەكرێت.
لە ساڵی 2015ـوە و لەو كاتەوەی باری نائاسایی لە توركیا ڕاگەیەندراوە تاكو ئێستا زیاتر لە 26 هەزار هاووڵاتیی كورد بە پەرلەمانتار و هاوسەرۆكی هەدەپە و سەرۆكشارەوانییەكانی باكووری كوردستانەوە دەستگیر كراون، تاكو ئێستاش هەڵمەتی دەستگیركردنەكە بە بیانووی تێكدانی باری ئاسایشی وڵات بەردەوامە و ڕۆژانە بە دەیان هاووڵاتیی كورد دەستگیر دەكرێن.
بە پێی نوێترن ئاماری كۆمەڵەی مافی مرۆڤی باكووری كوردستانیش تەنیا لە 20/7/2016ـوە دادگانی توركیا سزای زیندانیان بۆ 16 هەزار هاووڵاتیی كورد دەركردووە كە لە ناویاندا تێیدایە بە 20 ساڵ زیندانی سزا دراوە و بە هەزارانی دیكەش چاوەڕێی دادگاییكردنن كە بە هەمان بیانوو خراونەتە زیندانەوە.
جەنگیز دەمیر، ڕۆژنامەنووس و چاودێری سیاسی لە باكووری كوردستان، پێی وایە هەر لە سەرەتاوە ڕاگەیاندنی باری نائاسایی بۆ دژایەتیی گەلی كورد و نەیارەكانی دیكەی ئەكەپە بووە.
جەنگیز دەمیر بە ״ئاژانس״ی وت: ״هەر جارێك ئەكەپە مەترسیی دەكەوێتە سەر پەنا بۆ سیناریۆیەك دەبات تاكو خۆی پێ ڕزگار بكات، ئەمجارە ئەگەر باری نائاسایی نەبوایە ئەكەپە نەیدەتوانی لە دەسەڵات بمێنێتەوە.״
ئەو چاودێرە سیاسییە ئاماژە بەوەش دەكات كە تاكەمەترسیی سەر ئاسایشی توركیا ئەكەپەیە و جگە لەو هیچ مەترسییەكی دیكە لەسەر توركیا نییە.
سەرچاوە:ئاژانس