
رۆژی دووشەممە 1ـی تەمووزی 2024 د. هەژار مەعرووف، پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان بە رووداوی گوت، مادە هۆشبەرەکانی وەکو ‘حەشیش، کۆکاین، ئەمفیتامین و کحول’ هۆکارن بۆ ئەوەی کەسێک بەرەو تاوانکاری بڕوات، چونکە دەروون تێکدەدەن.
هۆشداریش دەداتە باوان، ”هەمیشە چاودێریی منداڵەکانیان بکەن بەتایبەت لە تەمەنی نەوجەوانیدا تاوەکو لەو مادانە بەدووربن و قۆناخێکی نەوجەوانیی سەلامەتیان هەبێت”.
بە گوتەی ئەو پسپۆڕەی نەخۆشییە دەروونییەکان، بێکاری هۆکارێکە بۆ ئەوەی گەنجان بەرەو تاوان بچن بەتایبەت باسی تاوانەکانی کوشن بە چەک دەکات و دەڵێت: ”منداڵ و مێردمنداڵان قوربانیی سەرەکیی ئەو تاوانانەن”.
لە بەشێکی قسەکانیدا ئەو پسپۆڕە ئاماژە بەوەشدەکات، ”لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە نابێت لەماڵەوە هیچ چەکێک هەبێت و باوکان نابێت خۆیان تووندوتیژ بن و ئامرازەکانی تووندوتیژیش بە منداڵەکانیان نیشانبدەن”.
د. هەژار مەعرووف، پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان ئەم رێگەیانە بۆ پاراستنی منداڵ لە تووندوتیژی و بەکارهێنانی چەک پێشنیاز دەکات؛
– دایک و باوک ژینگەیەکی لەبار لەڕووی دەروونییەوە بۆ منداڵەکانیان بگونجێنن.
– دایک و باوک هەمیشە رێنوێنیی منداڵەکانیان بکەن لە دوورکەوتنەوە لە هەموو ئامرازێکی تووندوتیژی.
– گەنجان درێژە بە خوێندن بدەن و هانیان بدرێت بۆ تەواوکردنی خوێندن و چوون بۆ ناوەندە ئەکادیمییەکان.
– گەنجان پیشەی نوێ فێرببن و بێکار نەبن.
– رێکخراوە ناحکومییەکان پاڵپشتیی گەنجان بکەن و ئەزموونی جیاوازییان فێربکەن.
– گەنجان بایەخ بە دەرووندروستی بدەن.
بە گوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان، ساڵی 2022، زیاتر لە 450 رووداوی کوشتنی ئەنقەست، بەهەڵە کوشتن و خۆکوشتن بە چەک تۆمارکراون.
بەپێی ئاماری وەزارەتی پلاندانان، رێژەی بێکاری لە هەرێمی کوردستان بۆ 16.5٪ بەرزبووەتەوە، بە گوتەی راوێژكاری بەڕێوەبردن و سەرچاوە مرۆییەكان؛ بێكاری گەیشتووەتە ئاستێک کە بەشێک لە خەڵكی بۆ دەستکەوتنی کار ئامادەن ماوەیەک كاری خۆبەخشی بكەن.