نێردراوی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەفغانستان نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت سەبارەت بە بڕیاری ڕووسیا بۆ داننان بە تاڵیبان و هۆشداری دا لەوەی بەبێ باشترکردنی پێگەی ژنان نابێت پەیوەندییەکان لەگەڵ تاڵیبان ئاسایی بکرێنەوە.
ڕیچارد بێنێت نێردراوی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئەفغانستان سەبارەت بە بڕیاری ڕووسیا بۆ داننان بە تاڵیبان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە.
ڕیچارد بێنێت ڕایگەیاند: بە بێ باشترکردنی پێگەی ژنان لە ئەفغانستان نابێت پەیوەندییەکان لەگەڵ تاڵیبان ئاسایی بکرێنەوە، چونكە مەترسیدارە.
وتیشی: ئەو جۆرە شێوازە هانی ئەو ڕژێمە دەدات، کە بەشێوەیەکی سیستماتیک مافەکانی مرۆڤ پێشێل بکەن، هەروەها داننان بە تاڵیبان لە کاتێکدایە ژنانی ئەفغانی لە مافە سەرەتاییەکانی وەک خوێندن و کار و بەشداری کردن لە ژیانی گشتی بێبەش کراون.
جێگای ئاماژەیە، لە مانگی ئابی ٢٠٢١ـەوە، کە تاڵیبان گەڕاوەتەوە دەسەڵات، سنووردارکردنی فراوانی بەسەر ئازادییە کۆمەڵایەتی، پەروەردەیی و پیشەییەکانی ژناندا سەپاندووە، سەرەڕای بانگەوازە نێودەوڵەتییەکان بۆ لابردنی ئەم قەدەغەکردنانە بەتایبەتی لە بواری پەروەردەدا، تا ئێستا هیچ پێشکەوتنێک لەم بوارەدا بەدی نەهاتووە، بەڵام ڕووسیا وەك یەكەم وڵات لەسەر ئاستی جیهان بە فەرمی دانی بە حوکمی تاڵیبان نا.