(دەسەڵات مافەکان نادات ونایسەلمێنێت، بەبێ ئەوەی داوای لێبکرێت و فشاری لێبکەیت، وەک چۆن ئەم کارەی نەکردووە و هەرگیز نایکات – فرێدریک دۆگلاس)
هەموومرۆڤێک کاتێک ئەرکێکی پێدەسپێردرێت لەبەرامبەر ئەوئەرکە مافی بۆ دیاریدەکریت، بەپێی ئەرکەکە مافەکەشی گۆڕانی بەسەردادێت.
لەم هەرێمی کوردستانەی کەتەمەنی حوکمڕانیەکەی ٣٢ ساڵە زۆر قۆناغی سەخت و ناخۆش و ئاستەنگی جۆراوجۆری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئەمنی هاتوونەتە بەردەم حکومەت و خەڵکەکەی، هەندێکیان دەرەکی بوون، کە لەدەرەوەی هەرێم کاریان بۆکراوە، ئەتوانم بڵێم تەڵەوداوی ڕاوچی ئاساییانە کەبکەرەکانی دوژمنانی کورد پێی هەستاوون، ئەنجامەکەشی زیانی گەورەی بۆ خەڵک وسوودەکەشی بۆ بکەرەکان بووە، بەشێکیشیان ناوخۆیی و بەهۆی نەزانی وبێپلانی ودەستوەردان وبەرژەوەندپەرستی کەس و لایەنە دەسەڵاتدارو حیزبە حومڕانەکانەوە کراوەوڕوویانداوە.
شێوازی حوکمڕانی نادادپەروەر و قۆرخکاری هەموو جومگە سەرەکیەکانی ژیان و بەکارهێنانی پۆست و پلە بۆ بەرژەوەندی کەسی لەم هەرێمەدا وایکردوە، هیچ تاکێکی ئاسایی هەست بە ئارامی دەروونی خۆی نەکات، بگرە ئەو هەستەی بەرامبەر خاک ونیشتمان هەیان بووە لە پێشوودا بگۆڕێت بۆ ڕق و بێمەیلی و نەمانی خۆشەویستی و سۆز.
لەدوای ڕاگەیاندنی ئابووری سەربەخۆ و فرۆشتنی نەوت و سامانی سرووشتی ئەم هەرێمە و پەیدابوونی داعش و پەلاماردانی ئەو هێزە توندڕەوو تیرۆریستە بۆ سەر هەرێمی کوردستان، قەیرانی دارایی سەریهەڵدا و خەڵک ماندووکرا بەهۆی بێپلانی ونەزانینی حوکمڕانی وئیدارەدان، لەو سەروبەندەدا چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردی کەوتنە ناڕەزایی دەربڕین بەگشتی وتوێژی مامۆستانیان بەتایبەتی خۆپیشاندانیان بردە سەرشەقام وپاشان بایکۆتکردنی هۆڵەکانی خوێندن، چونکە لەبەرامبەر ئەرکەکانیان مافەکانیان نەدەدرایە و پێشێلدەکرا.
دوابەدوای ئەو هەموو کارەساتە ڤایرۆسی کۆڕۆناش یەخەی جیهان وئەم هەرێمەشی گرت، لەوکات وساتانەدا حکومەت دەستیکرد بەلێبڕین وپاشەکەوتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و بارگرانی وژیانی سەخت وکولەمەرگی پێشکەشی خەڵکەکەی خۆیکرد.
لەمسەروبەندەی ئێستاشدا کە بەبڕیاری دادگای پاریس لەسەر سکاڵای حکومەتی ناوەندی فرۆشتنی نەوتی هەرێم بەسەربەخۆو بێڕەزامەندی ناوەند قەدەغە کراوڕاگیرا، حکومەتی هەرێم ناچاربەڕێکەوتن کرا لەگەڵ ناوەند، بەهۆی جێبەجێنەکردنی ڕێکەوتنەکەودەنگنەدان لەسەریاسای بودجە ویەکترتۆمەتبارکردن لەلایەن هەرێم وناوەندەوە، وەک پێویست بڕی داهاتی دیاریکراوی هەرێم نەنێردراوە، لەم کاتەشدا ئەوەی زیانی زۆری بەردەکەوێت خەڵکی هەرێم بەگشتی وموچەخۆرانن بەتایبەتی.
چەندڕۆژیکی کەمی ماوە بۆ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ لەئێستاشدا حکومەتی هەرێم مووچەی مانگەکانی ٧و٨ ی دابەشنەکردووە، دەنگۆی بەربڵاوی ناڕەزایەتی وبایکۆتی دەوامی مامۆستان هەیە کە تاکاتی کردنەوەی دەوام مووچەنەدرێت، ئەوانیش هەڵوێست وەردەگرن.
ئەوەی بۆتە مایەی خەم وبێزاری خەڵک لەم دەسەڵاتەی هەرێم، بێمنەتی ونەخوێندنەوەی ئەوهەموو داوا و ڕەخنە و ناڕەزایەتیانەیە، بەڵام خۆیان ومناڵەکانیان وکۆمپانیاکانیان مێش میوانیان نیە وڕۆژ لەدوای ڕۆژ دەوڵەمەندتر ئەبن لەسەرحسابی خەڵک، دڵنیام بەمکارانەشیان جامی ڕقی خەڵک زیاترپڕدەکەن ،کەڕژا لافاو خۆیان دەبات، بەوهیوایەم نەگاتە ئەو ڕۆژە و بەخۆیاندا بچنەوە.
ستەمکردن لەخەڵک بەگشتی و مووچەخۆران بەتایبەتی دەرخەری نادادی دەسەڵاتی خۆسەپێنە، بۆیە دەڵێم خۆسەپێن لەم هەرێمە هیچ مانایەک بۆ ئازادی ودیموکراسی وهەڵبژاردن نەماوەتەوە، چونکە هەموو ئەوانە تەنها ووشەن وناچنە ناوخانە و ڕەفەکانی خۆیانەوە، ئەم چەند گوتارو ناڕێکی و ناتەباییەی هێزە دەسەڵاتدارەکان درز و کەلەبەروو تەنانەت دەلاقەی گەورەی دروستکردوە، لەبەردەم نەیارانی کورددا، بۆیە ئەوانیش هیچ مافێک بەم هەرێمە بەڕەوانابینن کەپێی بدەن، دڵنیام ئەوانەی جاران دۆستی کوردبوون ئەوانیش پشتیان تێکردووین ولەگەڵمان نین، بەهۆی سیاسەتە هەڵە و پڕخەوشەکانی بنەماڵە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم، لە داهاتوودا ئەوانە باشتر بۆ هەموومان ڕوون دەبنەوە.
لەمسەروبەندەی بێڕێزیکردن بە مووچەخۆران وپێنەدانی مافەکانیان، ناکرێت هەموو کاروکردەوەیەک بەدڵی ئەوان بێت، بۆیە دەکرێ هەڵوێستەیەک بکەین وئەو ناهەقی وستەمە بوەستێنین، بەوانەی ئەم هەرێمەیان گەیاند بەم ڕۆژەڕەشە بڵێین: ئاغاکانی ناودیواخانە کۆشک بلووریەکان، فەرموون ئێوەش کەمێ قوربانی بە سامانەکانتان بدەن وبیدەن بەخەڵک، وەکچۆن خەڵک زیاد لەسێ دەیەیە، بە هەموو جۆرێک قوربانی بۆ ئێوە دەدات، بۆ ئەم داوایەشم ئەزانم مێش میوانتان نیە، ببینن زۆر لەستەمکارەکانی دەوروبەرمان بەرشاڵاوی تووڕەیی خەڵک کەوتن وهیچ فریایان نەکەوت، ووتوویانە هەق ئەسەنرێ ونادرێ، زووئەوانەی ژیرانەتر مامەڵەیان لەگەڵ ئەزموونەکان و ڕووداوەکانی سەردەمی خۆیان کردبوو، ووتیان دوای سەدامیش خراپتر رووئەدات، هەموومان گەیشتینە ئەو بڕوایە، هەربۆیە ووتارەکەم بە ووتەیەکی (ڕۆبێرت فرۆست) کۆتایی پێدەهێنم کە دەڵێت: (پێم وایە مافی سروشتی مرۆڤە کە بە شێوازی ئاسایی خۆی بژی کەئەویش وەک دۆزەخە).