توێژینەوەیەك هۆشداری دەدات، ئەو خۆراكەی كچان دەیخۆن دەبێتە هۆی باڵغبوونی پێشوەختەیان، هەروەها ئاماژەی بەوەشكردووە زوو دەستپێكردنی سوڕی مانگانە ئاماژەیە بۆ نەخۆشیی درێژخایەن.
بەپێی توێژینەوەیەكی گۆڤاری “ریپرۆدەكشن” بەشێك لەو خۆراكانەی دایكان رۆژانە دەیكەنە جانتای قوتابخانەی كچەكانیانەوە، وەكو شەكر و ساندویچی گەرم و شەربەتی دروستكراو و بەشێك لەخۆراكەكانی دیكە، كاریگەری خراپی دەبێت لەسەر ئەوەی پێشوەختە باڵغ ببن.
توێژینەوەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەو خۆراكانەی كچە بچوكەكان دەیخۆن، كاریگەریی هەیە لەسەر ئەوەی زووتر سوڕی مانگانەیان دەربكەوێت.
جێبەجێكردنی سیستمێكی خۆراكیی، دەبێتەهۆی هەوكردنی پەیوەست بە زیاتربوونی ئەگەری زوو دەركەوتنی سوری مانگانە لای كچانی منداڵ لە مانگەكانی داهاتوودا، ئەوەش بە رێژەی 15%، بەڵام ئەو كچانەی لەلایەن دایك و باوكیانەوە سیستمێكی حۆراكیی تەندروستیان بۆ پەیڕەو دەكرێت بە رێژەی 8% مەترسیی زووكەوتنە ناو سوڕی مانگانەیان كەمتر دەبێتەوە.
هۆلی هاریس، یەكێك لەو پزیشكانەی بەشداربووە لە توێژینەوەكە و مامۆستای یاریدەدەرە لە زانستی پەتاكان لە ناوەندی “فرید هاچ” بۆ شێرپەنجە لە سیاتڵی ئەمەریكا، دەڵێت “باڵغبوونی پێشوەخت لەلای كچان تەنها شتێكی بێزاركەر نییە، بەڵكو نیشانەیەكە بۆ نەخۆشیی درێژخایەن، بۆیە بۆ نەوە گەنجەكان زووتر سوڕی مانگانەیان دەستپێدەكات و كاتێكی زۆرتریان دەوێت تا رێك دەبێتەوە”.
هاریس وتیشی “باڵغ بوونی پێشوەختە كە بەهۆی كاریگەری بۆماوەیی و دەرەكییە، پەیوەستیشە بە بەرزبوونەوەی مەترسییەكانی تووشبون بە شێرپەنجەی سنگ و نەخۆشیەكانی دڵ و شەكرە لەكاتێكی دواتری ژیاندا، ئەو ماوەیەش گرنگە بۆ كەمكردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەكان كە لە تەمەنی باڵغبووندا روودەدات”.
بەپێی توێژینەوەكە، پرسەكە تەنها پەیوەست نییە بە كێشەوە، چونكە پشت بە داتای زیاتر لە 7500 كەس بەستراوە، كە كچن و تەمەنیان لەنێوان 9 بۆ 14 ساڵدایە.
ئەو پشكنینە بۆ كچەكان لەنێوان ساڵانی 1996 بۆ 2004 كراوە، دواتریش لەنێوان 2001 بۆ 2008 چاودێری داتاكان كراوە.
توێژەران بە دوو رێگە سیستمی خۆراكییان پێواوە، پێوەرێكیان سیستمی خۆراكی تەندروستی جێگرەوە بووە، كە رێگرە لە نەخۆشییە درێژخایەنەكان، پێوەرەكەی دیكەش شێوازی خۆراكی هەوكردنی تاقیكاری بووە، كە دەكرێت لە رێگەیەوە توانای سیستمی خۆراكی بۆ كاریگەری لەسەر هەوكردنی درێژخایەن هەڵبسەنگێندرێت.
لەلایەن خۆیەوە، زیڤان وانگ، یەكێك لە توێژەرەكانی كۆلێژی هارڤارد كە بەشداری ئەو توێژینەوەیەی كردووە دەڵێت “زۆرێك هۆكارە ژینگەییەكان كاریگەرییان لەسەر زوو دەستپێكردنی سوڕی مانگانە هەیە، لەوانەش بەرزبوونەوەی ئاستی پیسبوونی هەوا، هەروەها بەكارهێنانی ئەو بەرهەمانەی ماددەی كیمیایی زۆریان تێدایە كە دەكرێت رژێنەكانی ناوپۆشی لەش پەك بخەن”.
هاریس ئاماژە بە چەند رێنماییەكی خۆراكی دەدات كە پەیوەستە بە سنوردانان بۆ مەترسیی سوری پێشوەختەی مانگانە، بەشێوەیەك لە توێژینەوەكەدا دەركەوتووە، سیستمێكی خۆراكیی كە میوە و سەوزە و چەوری تەندروستی تێدابێت، لەگەڵ دانەوێڵەی تەواو و چەرەسات بۆ ئەوە یارمەتیدەر دەبێت.
بەپێچەوانەوە، سیستمێكی خۆراكیی كە شێوازێكی هەوكردن دروست دەكات، گۆشتی سور و دەستكاریكراو، لەگەڵ دانەوێڵەی پاڵاوتە و ئەو خواردنەوانەی بە شەكر شیرین كراون، لەوانەش خواردنەوەی گازیی و شەربەتی میوە كە شەكریان تێكراوە، هۆكارە بۆ زوو كەوتنە ناو سوڕی مانگانە لەلایەن كچانەوە.
بەوهۆیەوە هاریس دەڵێت “ئەنجامی توێژینەوەكە وادەكات كە بڵێین پێویستە سەرجەم منداڵان و تازەپێگەیشتووان بژاردەی ژەمی تەندروست هەڵبژێرن، پێویستیشە خۆراكی قوتابخانەیان تەندروست بێت و بەپێی رێنمایی پزیشكان بێت”.