” ڕێزگرتن لەم یادە گرنگیدانە بەو مەسەلانەی کە شۆڕش چارەسەری نەکردوە”. لینین
ڕوسیا لە سەدەی نۆزدەدا وەک قەڵای کۆنەپەرستی لە دنیای مۆدێرندا مایەوە و شۆڕشە بورژوایی و کرێکاریەکانی ئەو سەدەیە کاریگەری خۆیان دوای سەدەیەک لە ئەم کۆمەڵگەیە دانا. لەڕوسیادا لە سەدەی ٢٠دا سێ شۆڕش ، لەماوەی دوو دەیەدا و دوابەدوای یەک ، شۆڕشی ١٩٠٥، شوباتی ١٩١٧ و شۆڕشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧کرا. شۆڕشی ئۆکتۆبەر تایبەتمەندیەکی چینایەتی و جیھانی ھەبوو لەچاو شۆڕشەکانی تردا. ئەم شۆڕشە ھاوتا و ھاوشێوەی شۆڕشی کۆمۆنەی پاریس بوو کە بۆیەکەم جار لە مێژوودا چینی کرێکار خۆی سەربەخۆ شۆڕش دەکا نەک پاشکۆی بورژوازی یان حزبی چینەکانی تر و دەسەڵاتداران بێت. ئەم دوو شۆڕشە ئایدیا و مافی شۆڕشکردنی کرێکارانی دژی چینی تازە بەدەسەڵات گەشتوی بورژوازی لە ئاستی جیھانی و لە ڕای گشتیدا جێگیرکرد، ھەرچۆن بورژوازی مافی شۆڕشکردنی دژی دەرەبەگایەتی لە پرۆسەیەکی دورودرێژی چەندین سەدەی سیاسی و فکریدا لەدەستور و یاسادا سەپاند. دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەر شۆڕش دژی دەرەبەگایەتی و ئیمپریالیزم و دواکەتویی سەرتاپای جیھانی کۆنی گرتەوە و نیوەی جیھان بوە سیستەمێک کە لە ڕوسیادا بەناوی “سۆشیالزم”ەوە جێگیربوو. ئێستا ھەرچەند ئەم “سۆشیالیزم”ە نەماوە بەڵام بورژوازی ناتوانێ ئایدیا و مافی شۆڕشکردنی کرێکاران و چینە چەوساوەکان و تارمایی شۆڕشی سۆشیالیستی و کۆمۆنیستی بەسەر کۆمەڵگەی نایەکسان و دژی ئینسانی سەرمایەداریدا بسڕێتەوە. یادی کۆمۆنە و ئۆکتۆبەر ھەمیشە بۆ مرۆڤایەتی پەیام و ئیلھامی ڕزگاری لە دەست سەرمایەداری دەبەخشێ.
شۆڕشی ئۆکتۆبەر بە دەرس وەرگرتن لە کۆمۆنەی پاریس توانی سەرکەوتنی شۆڕشی کرێکاری و مانەوەی دەسەڵاتی شۆڕشگێڕانە لەماوەی ٣ ساڵدا بەرامبەر دڕندەیی وھێرشی سەربازی و ئابڵوقەی ئابوری و سیاسی بورژوازی ڕوسیا و سەرمایەداری دنیای دوای شەڕی جیھانی یەکەمدا مسۆگەربکا. بەڵام ئەم شۆڕشە نەیتوانی سیستەمی سەرمایەداری بگۆڕێ و لە دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی کۆمۆنیستیدا شکستی ھێنا. ھەربۆیە ئەمڕۆ ئێمە لە ڕیزگرتن لەم ھەوڵەی چینی کرێکاری ڕوسیادا پێویستە بچینە سەر ئەو مەسەلەیەی کە ئەم شۆڕشە چارەسەری نەکرد ، واتە دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی کۆمۆنیستی تاکو بزانین ئێمە چ دەرسێک لەم تەجروبەیە وەردەگرین؟ تا وەک بەلشەفیەکان کە دەرسەکانی کۆمۆنەیان کردە پەیڕەوێک بۆ سەرکەوتن لە ئۆکتۆبەردا ، ئێمەش بۆ شۆڕشی ئێستامان بەرچاومان ڕۆشن بێت کە پێویستە چی بکەین بۆ دوبارەنەکردنەوەی ھەڵە و کەموکوڕیەکانی ئۆکتۆبەر؟
کۆمۆنە و ئۆکتۆبەر بەشێک لەم مێژووی ھەوڵدانە فکری و سیاسی و پراتیکیەن کە پێویستە ئەمڕۆ گەشەیان پێ بدەین تا بتوانین ئەو مەسەلانەی ئەم شۆڕشانە نەیانتوانی ئەنجامی بدەن ئێمە پێیان ھەڵسین.
ئێمە لە شۆڕشی ئۆکتۆبەری ڕوسیادا ھەنگاو و سیاسەتی زۆرمان ناوە کە پیویستە ھەمویان بە شێوەیەکی زانستی بدەینە بەرباس و لێکۆڵێنەوە و ئەم تەجروبە دەوڵەمەندە بەباشی تێبگەین و ھەڵیسەنگێنین.
لێرە ئێمە لەگەڵ دیاردەی حزب و دەوڵەت و دامودەزگای بەڕیوەبردن و فەرھەنگ و سیستەمی ئابوری و کێشە سیاسی ناوخۆ و ململانێی جیھانی و پەیوەندی ئەنترناسیونالی و یاسا و دەستور و مافە مەدەنی و ئازادیە سیاسەکان و زۆر مەسەلە و گرفتی کۆمەڵایەتی تر دەرگیرین کە ھەموو ئەمانە کۆی سیستەمی کۆمۆنیستی و ئینسانی ئێمە پێناسە دەکا. ھەربۆیە بۆ ئێمە ئۆکتۆبەر تەنیا یادێک و ڕیزگرتنێک نیە لە مێژووی چینی کرێکار کە لە بڕگەیەکی مێژوویدا چی کردوە بەڵکو پێناسەکردنەوەی جارێکی تری بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستیە کە دنیا چۆن ڕزگاردەکا لەدەست سەرمایەداری و چۆن جارێکی ڕەوابونی شۆڕشی کرێکاری و کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی و ئینسانی نیشان دەداتەوە و چۆن ڕیوایەتێک و تەفسیرێکی تر لەم مێژووە و لە ئایدیا و کاریگەریەکانی ئەم تەجروبەیە بە دنیا نیشان دەدا .ئێمە ناتوانین تەنیا بە وتنی ئەوەی “ئەوەی ڕویدا لە سۆڤیەت سەرمایەداری دەوڵەتی بوو و پەیوەندی بە کۆمۆنیزمەوە نەبوە” شانی خۆمان خاڵی بکەینەوە لەوەی دنیای ئەمڕۆ ھەر ئەو تەفسیرەی ھەیە لە کۆمۆنیزم کە لە شۆڕشی ئۆکتۆبەر و سۆڤیەتەوە ڕویداوە و ئێمە دەبێ وەڵاممان بۆ ئەم تەجروبەیە پێ بێت کە لەڕوانگەی ئێمەوە چی ڕویداوە و بۆچی شکستمان ھێنا و چۆن ئاکامی شۆڕشی کرێکاری بو بە جێگیردنی شێوازێکی تر لە سیستەمێکی سیاسی و ئابوری سەرمایەداری لەڕوسیادا و ئەمە بوە سیمای ناساندنی کۆمۆنیزم.
لێرەدا چەندین پرسیار خۆی دەخاتەڕوو، کە بەشێکیان ئەمانەن؛بۆچی حزبی بەلشەفی تەنانەت دوای شۆڕش نەیتوانی ببێتە حزبی بەشێکی زۆربەی کرێکاران و بۆچی نەبوە ڕێکخستنی سەرجەم پێکھاتە وتواناکانی چینێک ؟ ئایا حزبی کرێکاری کە لەدەسەڵاتدایە بە حزبی نوخبەی کۆمۆنیستەکان و بەشێک لە چینی کرێکار دەمێنێتەوە؟ بۆچی لەناو ئەم حزبەی چینی کرێکاردا ڕێگە بە دروستکردنی فراکسیۆنی جیاجیا نەدرا وەک “ئۆپۆزسیۆنی کرێکاری” و “ناوەندێتی دیموکراتی” و ھتد..؟ ئایا دروسبونی بۆچونی جیا و خەت و سیاسەتی جیاواز لە ناو حزبی چینێکدا سادەترین دیاردە نیە و کارکردنی فراکسیۆنەکان لە ناو حزبێکی جەماوەریدا ناتوانێ میکانیزمێک بێت بۆ دانەبڕان و قەتیس نەمانەوەی حزب لە چینەکەی؟ ئایا لە حزبێکی کرێکاریدا بۆچی بیرۆکراتیزم و سیکتاریزم سەرھەڵدەدا ئەگەر پایەکانی ئەم حزبە لە نێوچینی کرێکاردایە و حزب وەسیلەیەکە بۆ نەھێشتنی نەک جیاوازی لە نێو چینی کرێکاردا بەڵکو کار بۆ بەرتەسک نەبونەوەی دەسەڵات لە دەست چینێکی دیاریکراودا دەکا و دەیەوێ دەسەلاتی چینایەتی لە پرۆسەیەکدا کۆتایی پێ بێنێ و ئیدارە و دەسەڵات و حزب بەرەبەرە ھەڵوەشێنەوە و کۆمەڵگە لە دەست ئەم نوێنەرانەی خۆی ڕزگاری بێ؟ ئایا فەلسەفەی بونی حزبی کرێکاری و کۆمۆنیستی بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی بێ چین و بێ دەوڵەت و بێ حزب نیە؟ بۆچی تەقدیسی حزب و خەتێکی سیاسی و شەخسیاتی ڕابەری حزب و دروستبونی گروپی بیروکراتی لە حزبی بەلشەفیکدا لە گرتنە دەستی دەسەلاتەوە گەشە دەکا لە جیاتی ئەوەی لەناو بچێ؟
لەسەر دەوڵەت و ئۆرگانەکانی دەسەڵاتدارێتی ئەم پرسیارانە لە ئارادایە؛بۆچی لە جیاتی شورا و سۆڤێتەکان سیستەمی تاک حزبی بەلشەفیک دەبێتە دەسەڵاتدار؟ بۆچی بۆ ھەر بڕیارێکی گەورە و بچوک” دەگەڕێنەوە بۆ مەکتەبی سیاسی ‘پۆلیت بیرۆ”ی حزب؟ بۆچی دەبێ حزب دەسەڵات بدات بە سۆڤێتەکان و خۆیان خاوەنی دەسەڵات نەبن لەدوای ٣-٤ ساڵ لە شۆڕش؟ بۆچی ئازادی سیاسی بۆ ھەموو حزبێک نامێنێ و تەنیا حزبی بەلشەفی ئازادە؟ بۆچی دەوڵەت لە ئۆرگانی سەرکوتی ھێرش و بەرەنگاری ھێز و سوپا بورژوازیەکانەوە دەگۆڕێ بە دەوڵەتێک کە خۆی سوپای پیشەیی دروست دەکا و دەھێڵێتەوە؟ بۆچی ھیچ پرۆسەیەکی نەمانی دامودەزگای بیرۆکراتی دەوڵەتی دەست پێ ناکا و لەجێگایدا دژایەتی کۆنترۆڵی کرێکاری لەلایەن سەندیکا کرێکاریەکانەوە دەکرێ و حزب دەبێ کۆنترۆڵی کارگە و دامەزراوەکان بکا؟ بۆچی تیۆریە کۆمۆنیستیەکانی ناو”دەوڵەت و شۆڕش” لەسەر بەرتەسک بون و کاتی بونی دەوڵەت و پیویستی ھەڵوەشانەوەی دەوڵەت لە پراتیکی چەند ساڵەی بونی لینیندا ھەر ھەنگاوەکانی جێگیرکردنی ئیدەی دەوڵەت و کۆنترۆڵی حزبی و بەرتەسک بونەوەی ئەڵقەی دەسەڵاتدارێتی شوراکان ودەخاڵەتی سیاسی کرێکارانی لێ دەبینین؟ ھەربۆیە ئەو بۆچونانەی وەک ترۆترسکی کە شکستی شۆڕش تەنیا لە نەمانی لینین و لینینزم و سەرھەڵدانی ستالینیزم و بیرۆکراتیدا، دەبینێ ھێشتا لێکدانەوەیەکی بەرتەسکە و نەبینی سەرجەم کێشەکانی سیستەمی سۆڤیەت و ھۆکارەکانی شکستی شۆڕشە لە چارەسەری ئەو کێشە حزبی و ئیداری و ئابوریانەدا. سەرجەم ئەم زەمینە سیاسی و ئابوری و حزبیانەیە کە دەبێتە مایەی سەرکەوتنی ستالینزم و کۆتایی ھاتنی ڕەوتی شۆڕشگێڕانەی کرێکاری لە ڕوسیادا.
لە بواری ئابوریدا پرسیار ئەوەیە؛ بۆچی ھەرەوەزیەکان نەبونە شکڵی سەرەکی شیوازی بەرھەمھێنان و گواستنەوە و لەو ھەنگاوانەی دەوڵەت لە ئابوری کۆمۆنیستی ٢ ساڵی یەکەمدا پاشەکشە دەکرێ؟ بۆچی دەسەڵاتی ھەرەوەزیەکان لە بەرھەمھێنان و گۆڕینەوەدا نابینرێ؟ کۆنترۆڵی کرێکاری لە کارگە و دامەزراوەکاندا جێگای دەسەڵاتی حزب ناگرێتەوە؟ بۆچی سۆشیالیزم دەکرێ بە “کارەبایی کردن” و ” پیشەسازی گەورە” و سەرمایەداری دەوڵەتی، ئایا مانای سۆشیالیزم گۆڕینی یاساکان و شێوازی بەرھەمھێنانی سەرمایەداری نیە بۆچی بازگانی ئازاد و موڵکایەتی دەوڵەت جێگای نەمانی موڵکایەتی یان موڵکایەتی کۆمەڵگە دەگرێتەوە؟ ئایا خۆماڵیکردنی بانکەکان و دروستکردنی ترەستە پیشەسازیەکان چ پەیوەندیەکی لەگەڵ کۆمۆنیزمدا ھەیە و ئایا سیستەمی کردیت ناتوانێ لە سیستەمی سودی بانکی و بازرگانی جیابکرێتەوە؟ ئەو بۆچونەی مەنسور حیکمەت کە دەڵێ “لینین و بەلشەفیکەکان “بەرنامەیەکی ئابوری دیاریکراویان نەبوە و شۆڕش لە ناڕۆشنی ئەرکە ئابوریەکانیدا” شکستی خوارد و دواتر لینینزم نوێنەرایەتی نەکرا”، دیسانەوە بۆچونێکی یەکلایەنە و ناکامڵە وئەم کێشانە وەک کێشەی سیستەمێکی سیاسی و ئابوری لێکھەڵپێکراوی سۆڤیەت نابینێ ، بەتایبەت کە لە دەورانی ڕاگوزەردا سیاسەت بڕێنەرەوەیە و پرۆلیتاریا ھەڵەی ئابوری زۆر دەکا. ئەوەشی پێی وایە “نەبونی بەرنامەی ئابوری گەڕانەوەی سیاسی و بیرۆکراتیزمی دروستکردوە” لێکدانەوەیەکی دوور لەواقیعە لە کاتێکدا دەزانین لینین و بەلشەفیەکان بەرنامەی نیپ و سەرمایەداری دەوڵەتیان ھەبوو، ھەرچەند لینین دەڵێ تیۆریەکیان نیە کە ئەوە ڕۆشنبکاتەوە کە “سەرمایەداری دەوڵەتی لەسایەی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریادا چۆنە؟”. بەڵام ھەوڵی جواروجۆر ھەیە لە ١٩١٧تا ١٩٢٤ کە ئابوری ڕوسیا بەپێی مۆدێلی سەرمایەداری دەوڵەتی گەشەبکا و بازرگانی ئازاد ھەبێ و موڵکایەتی تایبەت و بچوک ڕێگە پێ دراوە و حزب و دەوڵەتی حزبی خاوەنی دامەزراوە و کارگە و بەڕیوەبردنن و گەشەی ئابوری ھەیە. ھەربۆیە ئەوە تەنیا ناڕۆشنی بەرنامەی ئابوری نیە کە شۆڕشی ئۆکتۆبەر شکست پێدێنێت بەڵکو سیستەمی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی کۆمۆنیزم لەلای بەلشەفیەکان ھێشتا پێنەگەیشتوە و کەموکوڕیەکی زۆری ھەیە سەرەڕای ھەوڵ و توانایی گرنگی لینین لە گەشەپێدانی میتۆد و جیھانبینی و سیاسەتە کۆمۆنیستیەکانیدا.
بەکورتی ئەو مەسەلانەی کە شۆڕشی ئۆکتۆبەر چارەسەری نەکرد ئەمڕۆ لەبەردەم بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستیدا پێویستی بەوەڵامە.لە بواری ناوخۆی حزب و پەیوەندی حزب و چینی کرێکار، دەوڵەتی سۆڤیەتی و دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی شوراکان، ئازادی سیاسی و گەیاندنی دیموکراتی ڕاستەوخۆ بە ئەوپەڕی خۆی دوای ھەڵوەشانەوەی پەرلەمان، ئازادی لە دەست دەوڵەت و ھێزی سەروو خەڵکی،ھەرەوەزیەکان و کۆنترۆڵی کرێکاری و بەشداری ڕاستەوخۆی شوراکان لە بەرھەمھێنان و گواستنەوە و گۆڕینەوەدا، گۆڕینی شیوازەکانی بەرھەمھێنانی کۆمەڵایەتی و پەیوەندی بەرھەمھێنان کە کرێکاران و کۆمەڵگە ڕاستەوخۆ خاوەندارێتی بەرھەمەکان بن نەک وەک کرێگرتەی دەوڵەت بن و قۆناغی گواستنەوە بریتی بێت لە ھەنگاوەکان وچۆنیەتی نەھێشتنی یاسا و دامەزراوە ئابوریەکانی سەرمایەداری وەک کرێ و بانک و بازرگانی نەک گەشەپیدانی ئەمانە و جێگیربونی یەکسانی و نەمانی چینی جیاواز و موڵکایەتی سەرمایە. ھەروەھا دەوری دەسەڵاتی سۆڤیەتی لە گەشەی بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی جیھاندا.
کۆمۆنیزم جیھانبینی چینی کرێکارە کە دەیەوێ سیستەمی سەرمایەداری بگۆڕێ بە سیستەمێکی بێ چین و چەوسانەوە ھەربۆیە لە ھەموو ھەوڵە تیۆری و پراتیکیەکانی تا ئێستای خۆی بەشیوەیەکی مێژوویی و دیالەکتیکی دەڕوانێ، کە بۆ گەیشتن بە ڕۆشنی و دروستی و زانستی پێویستی بە دەرس وەرگرتن لەو تەجروبە زیندوانەیە کە کرێکاران و کۆمۆنیستەکان لە کاروخەباتدا پێی دەگەن. ئەمەش وادەکا کە جیھانبینی کۆمۆنیستی ھەمیشە خۆی لە گۆڕان و بەرەو پێشەوەچوندا دەبینێ و کۆمەڵێک یاسا و ڕێسای دۆگم و ڕاستی ڕەھا نیە بۆ لەقاڵبدانی عەقڵ و پراتیکی شۆڕشگێڕانە.
کۆمۆنیزمی سەدەی ٢١ پیویستە جیھانبینیەکی ڕۆشن بخاتەڕوو ،نەک ھەر سەبارەت بەو کەموکوڕیانەی سەبارەت بە حزب و دەوڵەت و ئابوری لە شۆڕشی ئۆکتۆبەردا ھەبوو، بەڵکو بە پشت بەستن بە ھەموو ئەو گۆڕانکاریە ئابوری و سیاسی وکۆمەڵایەتیانەی دنیای ئێستا کەزەمینەی کە سەرکەوتنی شۆڕشی کۆمۆنیستی جیھانی و ڕادیکاڵ و دروستکردنی دنیایەکی بێ چین و چەوسانەوە و بێ دەوڵەت و ھێنانە دنیای ئینسانی ئازاد و کۆلیکتیڤیان فەراھەم کردوە پیویستی و ئیمکانیەتی سەرکەوتنی شۆڕشی کرێکاری بسەلمێنێ. بورژوازی لە چەندین سەدە و چەندین شۆڕشی فکری و سیاسی و کۆمەڵایەتیدا سیستەمی دەرەبەگایەتی و دەسەڵاتدارێتی پاشایەتی و کۆمەڵگەی تەقلیدی دینی گۆڕی ، کرێکارانیش لەدوای سەدەیەک لە ئۆکتۆبەر و سەدە و نیوێک لە کۆمۆنە پێویستیان بە درێژەدانی شۆڕش و خەباتی فکری و سیاسی و کۆمەڵایەتیە دژی سەرتاپای سیستەمی سەرمایەداری تاکو نمونە و فۆرم و پایە و دامەزراوەکانی خۆیان دەخەنە جێگای ئەم سیستەمەی لەسەر کۆیلایەتی کاری کرێ گرتە و ئینسان درێژە بەمانەوەی خۆی دەدا.
ئاسۆ کمال: