لەسەرەتای دەستپێكردنی هێرشەكانی توركیا بۆ سەر عەفرین كە بەناوی (چڵە زەیتون)وە بەرەزامەندیو ئاگاداری ناتۆ بوە، جگە لەهەڵكردنی گڵۆپی سەوز بۆ توركیا بۆ هێرشكردن، ئەمەریكا بەڕەسمی داوای وەستاندن یان كشانەوەی توركیای نەكردوە لەعەفرین، بەڵکو داوای دان بەخۆدا گرتنی دەكرد. روسەكان خۆیان دەڵێن ئێمە گڵۆپی زەردمان بۆ توركیا هەڵکردوە. بێگومان رێگەدان بە توركیا بەناوی پاراستنی سنورەكانی، بەرامبەر بەسازشكردنی توركیا بو بۆ ئامانجەكانی روسیا لەسور.
ئێستا كێشەی كورد لەرۆژئاوا كەوتونەتە نێوان هاوكێشەو شەڕی بەرژەوەندییەكانی نێوان ئەمەریكاو روسیاو هاوپەیمانەكانیان، روسیا كوردەكان سزا دەدات بەرامبەر هاوكاری كردنیان لەگەڵ ئەمەریكادا. ئەمەریكاو وڵاتانی ئەوروپا پاراستنی بەرژەوەندییەكانیان لەگەڵ وڵاتێكی هاوپەیمانیان لەناتۆ لەپێشترە لەپاراستنی گەلێكی بێ دەوڵەت كە گرنگ نیە چارەنوسیان بەرەو كوێ دەڕوات.
عەفرین مەسەلەو هاوكێشەیەكی ئاكاریی هێنایە كایەوەو وڵاتان دەخاتە بەردەم پرۆسەیەكی ئەخلاقی لەپاراستنی مافەكانی مرۆڤ كە چۆن رێگری لە كۆمەڵکوژی دیكتاتۆرێكی فاشی وەك ئەردۆغان بكەن یان بێدەنگی هەڵبژێرن.
هێرشی وەحشیگەری و دوژمنكارانەی رژێمی رەگەزپەرستی توركیا بۆ سەر عەفرین و بێدەنگ بونی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر تاوانەكانی توركیا لە شەڕێكی نابەرامبەردا لە نێوان دوەم دەوڵەتی خاوەن سوپا لە ناتۆ كە هەمو جۆرە چەكێكی قورس لە تۆپ و تانك و فرۆكەی جەنگی بەكار دەهێنێت، لەگەڵ گەلێكی بێ دەوڵەت و ناسنامە و بێ پشتیوان كە تەنها شەڕ لە پێناوی مافی چارەی خۆنوسین و شەڕی پارێزگاری لەخۆی و خاكەكەی دەكات، ئەمە كۆمەڵێك پرسی گرنگ دەوروژێنێت كە دیارترینیان پێشێلكردنی بنەماكانی مافی مرۆڤ، پێشێلكردنی بنەما سەرەكیەكانی پەیماننامەی خودی نەتەوە یەكگرتوەكان خۆیەتی. ئەوەی جێگەی تێڕوانینە كە پرسی رەوایەتی و ئاكار و بێلایەنی نەتەوە یەكگرتوەكان دەخاتە ژێر پرسیارەوە، كە گەورەترین كاریگەری دەبێت لەسەر پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی.
لەم تاوانكارییانەی ئەردۆغان دژی عەفرین، ئەمڕۆ كۆمەڵگای نێودەوڵەتیو مرۆڤایەتی لەبەردەم داڕمانی ئاكاری دژی مرۆڤایەتی تێدەپەڕێننو شەریكە تاوانن لەگەڵ توركیا بەئەنجامدانی تاوانەكانی جەنگ لەكوشتنی ژنانو منداڵو پیرداو رێگەدان بەكاوڵكاری ژینگەیی، سوكایەتیو شێواندنی جەستەی شەهیدەكانو هەمو تاوانەكانی كە دژ بەمرۆڤایەتی ئەنجامدەدرێت. بەدیارچاوی هەمو جیهانەوە توركیا گروپە تیرۆرستەكانی پاشماوەكانی داعشی سوریاو عێراقی لەژێر ناوی ئۆپۆزسیۆنو سوپای ئازاد کۆكردۆتەوە، بەئاشکرا تەنها بۆ دوژمنایەتیو لەناوبردنی كورد كۆیكردنەتەوە.
لەهەمانكاتدا هێرشەكانی سەر عەفرین جەختكردنەسەر كێشەی ئەخلاقی كۆمەڵگای ئیسلامی و عەرەبی و ناسنامەی ئیسلامی بونە، لە پشتگیری كردن و هەڵبژاردنی بێدەنگی لە بەرامبەر بە كاول كاریی لە عەفرین و جینۆسایدی كورد لە سوریادا؟ كاتێك كە سەرۆكی پەرلەمانی توركیا رایگەیاند كە لە شەڕی عەفریندا لەڕێگەی جیهادەوە سەر دەكەوین، و لە كاتی دەست پێكردنی هێرشەكاندا، فرقەی تایبەتی عوسمانی مارشی نیشتمانی لێدراو لە مزگەوتەكان بە تەكبیر و (سوره فتح) جەنگی دوژمنكارەیان راگەیاند. دوێنێ بو كە هەڵەبجە بە سورەتی ئەنفال كیمیاباران كرا ئەمڕۆش عەفرین بە (سورەتی فتح) تاڵان و كاولكاری دەكرێت، لەگەڵ ئەمانەشدا نە وڵاتانی موسڵمانانی عەرەبی و نە ئەزهەر و نە دەیان رێكخراو هەزاران لە پارتە ئیسلامیە سیاسیەكان و یەكێتی زانایانی موسڵمان لەسەر ئاستی جیهان ویژدانیان نەجوڵا دژی ئەم تاوانكارییە بەرامبەر بە میللەتی كوردی موسڵمان و پچوكترین هەڵوێستیان نەنواند.
گەورەترین شەرمەزاری كۆمەڵگای نێودەوڵەتیە كاتێك شەڕی بەرژەوەندییە باڵاكانی وڵاتە زلهێزەكان لە سەرو پاراستنی و كەرامەت و ژیانی خەڵکانی مەدەنی و میللەتانی ژێر دەستە دەبێت، تەنانەت لەسەرو بنەما و هەمو ئاكار و رێچكەیەكی ئایدیۆلۆجیای خۆیان دەبێت كە رۆژێك رەمزی نەتەوایەتی و پێشبڕكێی نەتەوەكانی دنیا بوبێت. ئێستا روسیایەكی بەڵشەفی گەورەترین هاوپەیمانێتی دەوڵەتێكی ئایینی وەك ئێران و رژێمێکی دیكتاتۆری وەك بەشار ئەسەد و ئەردۆغانە. لە كاتێكدا كە توركیا لەبەرچاوی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی نەتەوە یەكگرتوەكان و ناتۆ گەورەترین تاوانكاری و پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ دەكات، هەمو بنەما و رێسا مرۆیی و سروشتیەكان ژێر پێدەخات، سەلماندنی گەورەترین شەرمەزاری و رسواییە لە مێژوی ئەنجومەنی ئاسایش تا ئێستا بەخۆیەوە بینیبێت كە نەك بەهیج شێوەیەك ئیدانەی هێرشەكانی توركیایان نەكرد، بەڵكو رێگەی داوە بە توركیا بە قڕكردنی كورد و تاكڕەویەتی روسیا لە پێشێلكاری هەمو بنەما نێودەڵەتیەكان و شكست پێهێنانی هەوڵەكان بۆ گۆڕانكاری دەسەڵات لە سوریادا.
د. سەیران تەها