لەتیف فاتیح فەرەج:
من بەسروشت دوو شارە کوردیە هاوئاوازەکانم خۆش دەوێت، هەست دەکەم لەڕوی مرۆی بونی خۆمانەوە، وەک کوردی ئاشتیخواز ، بۆنی کوردایەتی عەیار بیست و چوار لەو شارانە زیاتر دێت، سنەو سلێمانی، دەرسیم و دهۆک، کەرکوک و کۆبانێ، هەموو شارو شارۆکەو گوندێکی کوردستان، شوناس و ڕومەتی کوردن، لێ هەندێکیان سومبلیکن، یان لەخاڵێکا لەشوێنێکی تر جیاوازترن، هەڵەبجەو هەولێر هەردوک دیرۆکی قوربانی و بەرگریان هەیە.
کەرکوک و کۆبانێ دوو سومبل و ناسنامەی کوردن، کەرکوک سومبلی قوربانی و بەگژاچونەوەی عەرەباندن و بەعساندن و تاراندن و لێسەندنەوەی ناسنامەیە، لێ کوردی ئەمپارچە هەش بەسەرەی خۆمان هێشتا لەسەری ناکۆکە و کاکم لەبری عیلاجی دەردەکەی دێ میعری بەسەردا هەڵدەڵێ و دەڵێ نابێ جگە لەناوی فڵانی کەسی تر ناوی لێبنێ، کەچی ئامادەنین ساڵی جارێکیش سەردانی بکەن، کۆبانێش سومبلی بەرخودان و نەکەوتنە، ئاخر جگە لەچەقەڵ و گورگەکانی وڵاتێکی زل و زەبەلاح، وڵاتەکە خۆیشی بەهەموو کەرەسە جەنگیەکانی ناتۆوە بەر بوەتە ئەو شارە بچوک و قشتەی کوردان و دەیەوێ بیخات، لەکاتێکا داعش بەهەموو تواناو دڕندەیی خۆیەوە نەیتوانی بیخات، داعشێک لەپڕێکدا ئەو موسڵە گەورەو گرانەی خست، کێشەئەوەیە ئەوەی بەرانبەر کۆبانێ دەکرێت وەک گەلەکۆمەی چەقەڵ دێتە بەرچاو لەکارژۆڵەیەک کەدەیەوێ بکەوێتە سەر پاشوو، دنیاش زرپ و زەق سەیر دەکات.
من لاموایە بەرپرسیارەتیەکی ئاکاری لەئەستۆی ڕایەدارانی دنیا هەیە دەرهەق بەکورد بەگشتی و بە کەرکوک و کۆبانێ بەتایبەتی، کۆبانێ لەشەڕی دژی داعشدا هەر ئەوە نەبوو ژنی کردەوە بەخاوەنی دیرۆک و مرۆڤایەتی، داکۆکی لەکەرامەتی مرۆڤایەتیش کرد، ئەو لەڕۆژگارێکا بەگژ تاریکیدا چوەوە، میدیا جیهانیەکان ڕۆژ نەبوو بەنیشاندانی دڕندەیی داعش هەترەشی دنیا نەبەن، ئەو بەرخودانە گەیشتبوە ئاستی پەڕجوو، خاتونێکی میدیاکاری بیانی دوای چونە کۆبانێ بە گومانەوە دەپرسێ ئەو بەرگریە بێوێنەیە ژن و کچی کورد کردیان، چەند شەرمە سەرۆکی وڵاتێ کەوتنی درنجی داعش بەدەستی شێرە ژنی کورد نەبینێ و بێت بڵێ لەشەڕی نۆرماندی لەهاوشانمان نەبون، کەرکوکیش یەکێکە لەوشارانەی سەت ساڵ پترە ستەم لەخاوەنە هەقیقیەکەی دەکرێت، ئێستاش لەهەڵەتەکانی شوان و جەباری و پێدەشتەکانی نەوجول و لەیلان و دوبز بۆنی ئەنفال و احنە البەدو دێت، هێشتا ماڵ لەخاوەن ماڵ حەرامە.
بەلامەوە جێی سەرسوڕمانە ئەو دوو شارە سومبلیکەی کورد هەندێ جار خەڵکی تر لەو پەڕی دنیاوە لەسەریان بەجواب هاتوەو بەدڕندەو بڕندەی گوتوە، دەست هەڵگرە، لێ کوردە حەیاتەکە ئێستاش ئامادەنیە لەپێناویاندا پێکەوە بێت، پێکەوەبوون بەو مانایەی برینی جەستەی ئەو دووشارە برینی جەستەی شارەکانی دیکەش بێت، تۆ بڵێی ئەو ڕۆژەبێت هەموو پێکەوە لەسەنگەری داکۆکی لەشوناسا کەرکوک و کۆبانێ بەهی خۆمان بزانین، یان هەروا پرش و بڵاوو کەلەلادەبین.