لەو چەند ڕۆژەی ڕابردوودا، وا رێکەوت بە تاکسی لە سلێمانییەوە بێمەوە رانیە، ئێوارەیەکی درەنگ ئازیزێکم گەیاندمییەوە گەراجی رانیە لە سلێمانی، کابرای سەندیکا هاواری ئەکرد:
دوو نەفەر ڕانیە.
من بوومە نەفەری سێیەم.
ئەوجارە:
یەک نەفەر رانیە و ئەڕۆین….
هەر نەهات و گەرماش خواردینی، نەفەرەکانی پێشوو، کابرایەکی زلەی سەروو پەنجا ساڵ بە قاتێک جلی کوردیەوە وەک بڵێی لە خوازبێنی بۆ خۆی هاتبێتەوە، نەخۆش بوو و بۆ بینینی دکتۆر چووبوو ( خەڵکی ئەو دەڤەرە نیە و ماوەیەکە لەوێ ئەژی باش ئەیناسم).
نەفەرەکەی تر ژنێکی داماوی سەروو 60 ساڵ، بەرگێکی شڕ و ئارەقاوی و بێتاقەت، هیلاکی ژیان و رۆژگار لە دەم و چاوی ئەخوێنرایەوە.
کابرای زلە سەری نایە سەر ژنە و پێی دەگوت:
(ئەبێ پێم بڵێی ئەوڕۆ چەندت کۆکردۆتەوە، ئەوێ ڕۆژێ ژنێکی وەک تۆ لە نەجەف مرد و چەند ملیۆنێک و زێڕی زۆری لەپاش بەجێما، تۆش وەک ئەویت)!
ژنەش بە کزۆڵەیی تەماشای ئەکرد و وەڵامی نەئەدایەوە، وەک بڵێی دائیرەی ئەمنی بەعس بێ و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ بکا.
پێش من بگەم پارەیان لە نەفەرەکان کۆکردبووەوە، دیاربوو ژنە پارەی تەواوی پێ نەبووە و هەزار دینارێکی کەمتر دابوو، کابرا لە نیوەی ڕێگا بە شۆفێری تاکسیەکەی دەگوت:
(با هەوای تەبرید کەمتر بۆ پیرێژن بچێ، پارەی تەواوی نەداوە)!!!!
لە ڕێگا، بەو دەنگە زلە گڕە ناخۆش و شێوازە بێڕێزەی قسەی ئەکرد لەگەڵ خزمێکی:
(کاکە ئەمنیش نەخۆشم بەس وەکی تو نیم، ئەمن وەکی نەخۆشەبم شەڕەفی یەکێتی و پارتی ئەشکینم)!!!
ئێستاش نەمزانی نەخۆشیەکەی ئەو چ پەیوەندی بە یەکێتی و پارتیەوە هەبوو لە کاتێکدا بۆ خۆشیان لەوپەڕی هەژاریدا بوون و لە سایەی یەکێتی ئاوا پڕ بوون!!!!
لە بازگەی قەمتەران ڕاگیراین، کوڕێکی گەنجی ڕۆژهەڵاتی کەوتبووە دواوە لەگەڵ ئێمە، لە بازگەکە زۆر بەڕێزەوە داوای لێکرا دابەزێ بۆ هەندێک ئیجرائاتی یاسایی، دیسان کابرا دەستیکرد بە بێڕێزی:
(ئەزانن لە هەموو دونیا پۆلیس و ئاساییش ڕێزدارە لەو کوردستانە نەبێ خوێڕی ترین کەس ئەوانن)؟!!!!!
(ڕێزم بۆ ئاساییش و پۆلیس، لای من زۆر گەورەن).
چیتر خۆم بۆ نەگیرا و لەو ناماقولیکردنەی هاتمەدەنگ، بە درەنگەوە زانیم بۆ خۆی کەسێکی دۆڕاوە لە هەموو ڕوێکەوە.
تا ئێستاش بیر لەو سەرزلە کەللەپووچە بێڕێزە ئەکەمەوە، هەرچی لەو دەوروبەرە کەوتە بەرچاوی گازی لێگرت، پەلاماریدا، بەسەریدا ڕشایەوە، چ ڕق و قینەیەکە ئەوانە هەیانە بۆ ئەو وڵات و میللەت و دام و دەزگایانە؟!!!
ئۆپۆزسیۆنی ئاوا ئەکرێ بە ڕق و جنێودان، ئاوا ئەکرێ خۆیان پڕکرد و شڕەخۆر خۆیانن، لێی شانیشتوون و خاوەن کۆمپانیا و سەرمایەن لە سایەی حزبەکان و ئێستاش گاز لە میللەت و ئاساییش و پۆلیس ئەگرن؟!!!
لە جیهاندا دژایەتیکردنی دەسەڵاتیش هەبێ دژایەتیکردنی دام و دەزگا حکومی و خزمەتگوزاریەکان و تاکەکانی کۆمەڵ ناکرێ و سووکایەتیی بە هەست و سۆزی دایکێک ناکرێ کە ناچارە دەست لەبەر (نا)پیاوی وەک ئەو پان کاتەوە بۆ بژێوی نەوە هەتیوەکانی ( وەک خۆی لە ڕێگا بۆی باسکردم)!
شۆفێری تاکسیەکەش لەو ناپیاوتر و بێ شعوورتر بوو.
لە خەلەکان تاسەیەکی زۆر بەرز هەبوو، ژێری تاکسیەکە لە تاسەکەیدا، شۆفێرەکە گوتی:
پیرێژن زۆر قەڵەوە بۆیە ژێری لە تاسەکەیدا!!!
زلە بێ شعوورەکەی تەنیشتی دوو ئەوەندەی ئەو ژنە بوو بەڵام چونکە وەک خۆی دوو ناپیاوی بێڕێزی بێ هەستی کوڕەتیو بوون بۆیە وەک یەک قسەیان ئەکرد.