شوان حەسەن:
ماوەیەک بەر لە ئێستا سەیری فیلمێکم کرد بە ناوی( Loving) کە بیرۆکەی فیلمەکە لە چیرۆکێکی واقیعی وەرگیرابوو، بێ گومان مرۆڤ ئازار دەخوات کە دەبینێت ئەوانیتر لەسەر شتێکی بێ مانا ئازاردەچێژن، بەڵام ئەڵەنگاری و سەرکەوتنەکانیان لە کۆتایی فیلمەکە، خەمی ئەوان کەمێک کەمتر دەکاتەوە، خەندەیەکیش لە ڕووخساری ئەوان بۆ تۆی بینەر دەگوازرێتەوە، وەهەروەها پەیامی ئەوەشت پیدەدات، زاڵم بە ناشیرینی سەری شؤڕدەکات و ناوێرێت چیتر بە چاوە زەقەکانی سەیری کامێرای مێژوو بکات.
ئەو خێزانە بە دەست یاسای ڕەگەزپەرستیەوە ئازارێکی زۆریان چەشت، یاسایەک کە ڕێگری دەکات دوو مرۆڤ بە بیانووی ئەوەی گوایە “ڕەگەزیان جیاوازە و نابێت ئەو دوو ڕەگەزە تێکەڵ ببن” زۆر ستەمیان لێکرا.خۆی خودی دابەشکردنەکە بۆ خۆی ئەو پەڕی نامرۆڤانەیە، چونکە ئەوان بە ڕەگەز جیاواز نین بەڵکو ڕاستیەکە ئەوەیە کە تەنێ ڕەنگی پێستیان جیاوازە و ئەوەش بەس پێوەندی بە کەشوهەواوە هەیە، ئەگەر بە وردی دیقەت بدەینێ ئەو ڕەنگی پێستی مرۆڤە گوندنشینەکان جیاوازە لەگەڵ مرۆڤەکانی شار، جا زانستیش سەلماندوویەتی کە خودی سپی پێستەکە دەبێت زیاتر بە دوای خۆگونجاندن بگەڕێت نەک ڕەشپێستەکە. هەموومان زانیاریمان بای ئەوەندە هەیە لەسەر ململانێ لە پێناو مانەوەدا .
خالێکی جوان کە لەو فیلمە نیشانی بینەری دەدات جیاوازی نێوان” گرفت” و” کێشە” یە، پیاوە سپی پێستەکە تەنیا گرفتی ئەوەیە چۆن خێزانەکەی خۆی بپارێزێت، بەڵام بۆ ژنەکە تەواو دەگۆڕێت لەو کاتەی کە لە تەلەفزیۆن خۆپیشاندانەکانی ساڵی ١٩٦٨ دەبینێت بە سەرکردایەتی( مارتن لۆسەر کینگ) ئیتر بڕیار دەدات کێشەکەی خۆیان بگەینێت بە ڕای گشتی و چیتر هاوڵاتیەکان لەسەر ئەو یاسایە پڕشەرمەزارییە سزا نەدرێن، بێ گومان لە کۆتاییەکەش سەردەکەون، چونکە هەر دەبێت هەق بەسەر ناهەقیدا زاڵبێت. ئەگەر هەرچەندیش بخایەنێت،لەبەر ئەوەی سەرچاوەی ناهەقی لە کەمزانییەوە دێت.
کۆی ئەو باسەم لەسەر ئەو هەموو هێرشانە دێت، کە بەرانبەر بە ئێزیدییەکان دەکرێت، ڕۆژێک دێت نەوەکانی سەر گۆی ئەم زەویە ئەو لێپێچینەوەمان لە گەڵدا دەکەن، ناکرێت کۆمەڵێک خەڵکی کەمزان ئەو پێکەوەژیانە جوان و مێژووییە تێکبدەن ئێمەش بێدەنگ بین، لەکاتێکدا دنیا هێندە پێشکەوتووە هەنگاو بەرەو قۆناغی هاوڵاتیبوون دەنێت و پشت لە چەمکی هاونیشتیمانیبوون دەکات، ئێمەش بێن هاونیشتیمانەکانی خۆمان دەربکەین و وەک هاوڵاتیەکیش قبوڵیان نەکەین، مێژوو دەڵێت “شەرمە” چونکە ئێمە لە دووسەر تاوانبارین، خەڵکانێک لە زێدی خۆیان دەردەکەین کە هاونیشتیمانی ئێمەن، خەڵکانێک دەردەکەین کە هاوڵاتی ئەو نیشتیمانەن.
لە سوید ئێمە هەموو هاوڵاتین، بێ گومان لە ڕوانگەی نەتەوەییە توندڕەوەکان نا.
ڕاستە زۆر جار کە دەگەڕێمەوە کوردستان وشەی هاونیشتیمانم بۆ بەکار دەهێنن، لەگەڵ ئەوەی زێدی خۆم زۆر خۆشدەوێت، بەڵام هەر پێم خۆشە وەک هاوڵاتیەک مامەڵەم لە گەڵدا بکرێت، وەک هاوڵاتیش بانگ بکرێم، لە بەر ئەوەی نامەوێت لە هاوڵاتیەکانی دیکە جیا بکرێمەوە.
بۆ ئەوەی لەم جیهانە جێگەت ببێتەوە تەنیا گرنگە ئەرکی خۆت جێ بە جێ بکەیت، کە واتکرد هەموو شوێنێک نیشتیمانی تۆیە.
تێبینی: ئەوانەی هێرش دەکەنە سەر ئێزیدییەکان،لە دەمی دوو گروپ بەردەبنەوە، ئەو گروپەی بەناوی کوردایەتی داعشیان بردە سەریان، بۆ ئەوەی میللەتەکە وەک خۆیان لێ بکەن.گروپەکەی دیکەش ئەو ئیسلامیە توندڕەوانەن کە قەت لەگەڵ پێکەوەژیان هەلیان نەکردووە، ئەوانەی ئەو کارانە دەکەن تەنیا نەفرەت و شەرمەزارییان بۆ دەمێنتەوە، میژوو هەزاران وانەی ئەوهای بۆ بە جێ هێشتووین، هەر وەک ئەو کوردانەی کاتی خۆی دەست لەناو دەستی عوسمانیەکان دراوسێیە ئەرمەنیەکانیان لە نەخشەدا سڕیەوە، ساڵانیکە دەزانین ئەوان چ شەرمەزارییەکیان بۆ ئێمە بە جێهێشتووە.
ئێستاش کە ئەو مێژووە لەبەر چاوی ئێمە بۆ چەندەمین جار بەرانبەر بە ئێزیدییەکان دووبارە دەبێتەوە هەڵگری هەمان ئەقڵیەت و تێڕوانینە،
ڕاستیەکە ئەوەیە بەهەر نرخێک بێت (ئەردۆگان) ئەو ناوچەیەی دەوێت، لەبەر ئەوەی شوێنەکەیان گرنگ و ستراتیژییە، ئەگەر ئەو شوێنە بگرێت پاڵەپەستۆییەکی زیاتر دەخاتە سەر شەڕڤانانی ڕۆژئاوا و چیتر کۆمەکیان ناگاتێ، بەگشتی ژیانی ئەو ئێزیدییانەی لەم ناوچەیەدا دەژین لە مەترسیدایە.
بۆیە ڕۆژێک شەریان پێدەفرۆشن دەڵین گوتوویانە” ئێمە کورد نین” ئەوە کەی کێشەیە با کورد نەبن، بۆ ئەوەی کورد نەبێت بۆی نییە لەسەر ئەو خاکە بژی.
ڕؤژێک بە بیانووی کووشتنی( دوعا) وەک بڵێ کوردە حەیاتەکەی خۆمان قەت ژن ناکوژن.
ڕؤژێک بە بیانووی هاوسۆزی لەگەڵ پەکەکە
ئێستاش بە بیانووێک کە کەسێک کردوویەتی کە هەموومان دەزانین(قاسم شەشۆ)ش لە گیرفانە گەرمەکانی دەسەڵاتی باشوور خۆی حەشارداوە.ئاخر سەیرەکە لەوەدایە مولحیدەکانی سەر بە دەسەڵات ڕۆژانە زۆر لەوە زیاتر دەڵێن کەچی مەلایەک فزەی لێوە نایەت .
بۆیە شەرمەزارییە بەهەر بیانووێک بێت، دژایەتی ئێزیدییەکان بکەین، یاخود هەر نەتەوە و ئاینێک…
باچیتر شەرمەزاری مێژوونەبین و ڕووێکمان هەبێت ئاوڕ لە ئەمڕۆ و دوێنێی خۆمان بدەینەوە