لەم ساڵانەی دوایدا تەکنەلۆژیای زیرەکی دەستکرد گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، كە ئێستا لە زۆر بواردا بەکاردەهێنرێت، لەوانەش بوارەکانی پزیشکی، ئایا ئەم تەکنەلۆجیایانە دەتوانن لە داهاتودا جێگەی پزیشک بگرنەوە؟
لە میانی کۆنفرانسی زانستی “نیشاندەری وەرەم لایەنە بنەڕەتی و کلینیکییەکان” کە لە روسیا بەڕێوەچو دكتۆر ڤیکتۆر تکاچۆڤ، پسپۆڕی تەکنیکی و بەڕێوەبەری تەکنیکی کۆمپانیای ئۆمیکس وەی، رایگەیاند: زیرەکی دەستکرد ناتوانێت لە بواری پزیشکیدا جێگەی پزیشک بگرێتەوە، بەڵکو یاریدەدەرە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی تواناكان لە دەستنیشانكردن، شیكارییەكان و دیاریكردنی دەرمان بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشەکان.
وتیشی: زیرەکی دەستکرد لە پرۆسێسی داتاکاندا لە مرۆڤ باڵاترە، شیکارییەکانی بۆ داتاکان بابەتیانە، بەڵام شارەزایی مرۆڤ لە هەڵسەنگاندنی دۆخەکە بە گشتی لە کاتی پرۆسەکانی دەستنیشانکردن و دیاریكردنی چارەسەرەكاندا بۆ نەخۆشەكان بەتایبەتی وردترە و بارودۆخی نەخۆشەكە لەبەرچاو دەگرێت.
دكتۆر ڤیکتۆر تکاچۆڤ ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، بۆ بەرەوپێشچونی زیاتری بواری پزیشكی بەگشتی و سود وەرگرتن لە زیرەكی دەستكرد، پێویستە روسیا پشت بە تەکنیکەکانی زیرەکی دەستکرد لە زۆرێک لە بوارە پزیشکییەکاندا ببەستێت، کە لە داهاتودا یارمەتیدەر دەبێت بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییە جۆربەجۆرەكان.