کامپەینی یەکڕیزی ژنان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسیی عێراقیی مەترسییەکی گەورەیە و کۆمەڵگە بەرەو دۆخێکی دواکەوتوویی و چارەنووسێکی تاریک و نادریار دەبات.
لە بارەگاى پارتى سەوزى کوردستان لە شاری سلێمانی، کامپەینی یەکڕیزی ژنان، دژی هەوڵدان بۆ هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسی ژمارە ١٨٨ـی ساڵی ١٩٥٩ـی عێراق، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان ئەنجامدا و تێیدا دووپاتیان کردەوە، ئەو هەمووارە مەترسییە بۆ سەر تاک و کۆمەڵگە بەرەو چارەنووس و ئاڕاستەیەکی تاریک و خراپدا دەبات.
لە کۆنگرەکەدا شەیدا مەعرووف ئهندامی سهرکردایهتی حزبی زەحمەت کێشانی کوردستان بەیاننامەکەی خوێندەوە و ڕایگەیاند، ئەو هەمووارە لەگەڵ ئەوەی تەواوی کۆمەڵگە بەرەو تونێل و چارەنووسێکی تاریک و نادیار دەبات، پیلانگێڕییەکی مەترسیدارە بۆسەر مافەکانی ژنان و منداڵان.
لە ناوەڕۆکی بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، کێشە کۆمەڵایەتییەکان زیاتر دەبن و بۆشایی یاسایی دێتە ئاراوە، بۆ ڕێکخستنەوەی دۆخی کۆمەڵگە و چارسەرەی کێشەکان پێویستە بەرنامەو یاسای گونجا دابڕێژن، کە بتوانێ مافی تاکەکانی کۆمەڵگە تێیدا پارێزراو بێت، بەڵام ئەوەی دەیبنین لەم هەمووارە تازەیەدا نەک پێشکەوتنی بەخۆییەوە نەبینیوە، بەڵکو گەڕاوەتەوە بۆ مێژوویەک زۆر دوورتر لە یاسا بەرکارەکە.
دووپاتکرایەوە، ئەوە مەترسییەکی زۆری هەیە بۆ سەر کۆمەڵگە و پێشێلکاریەکی زەقە بەرامبەر مافەکانی تاک و بەرتسکردنەوەی ئازادیی و زاڵکردنی چینایەتی و ڕەگەزگەراییە، بە تایبەت پێشێلکارییە بەرامبەر مافەکانی ژنان و منداڵان.
لە درێژەی بەیاننامەکەدا ئەوە ڕاگەیەندرا، کە توندوتیژییەکانی ئێستا لە کۆمەڵگەدا پەرەیسەندووە سەرچاوەکەی ئەقڵییەتی پیاوسالاریی، کە هەمیشە ڕەنگدانەوەی هەبووە لە داڕشتن و نووسینەوەی یاساکان تا ئێستا کۆمەڵگە پێوەی دەناڵێ، لە جیاتی ئەوەی هەوڵ بدرێت بۆ چارەسەری کێشەکان و پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە یاسایانە و هاوسەنگی نێوان تاکەکانی کۆمەڵگە بەشێوەیەک کە بگونجێ لەگەڵ پێشکەوتن و گۆڕانکارییەکان، مافاکان و ئازادیی تاکەکانی تێیدا پارێزراو بێت، دێن یاسایەک دادەڕێژن بەڕوونی پێشێلکارییە بەرامبەر مافەکانی ژنان، وەک مافی لەخۆگرتنی منداڵ، میرات، هاوسەرگیری، جیابوونەوە و نەفەقە و بەتایبەتیش هاوسەرگیری پێکردنی منداڵان کە لەگەڵ داب و نەریت و زانست یەک ناگرێتەوە.
تیشکخرایە سەر ئەوەی، ئەم یاساییە ئەگەر بکەوێتە بواری جێبەجێکردن دەسەپێت بەسەر هەرێمی کوردستانیش هەرچی ئەو دەسکەوتانەی کە هاتونەتە بەرهەم بە هەوڵ و تێکۆشانی ڕێکخراوەکانی ژنان، چالاکەوانانی مافەکانی مرۆڤ و ئازادیخوازان هەموو لەبار ئەبرێت و توندوتیژییەکان قوڵتر دەبنەوە و خێزانەکان ڕووبەڕووی مەترسیەکی گەورە دەبنەوە، کۆمەڵگا بەرەو تونێلێکی تاریک و نادیار دەبات.
لە کۆتاییدا ڕایانگەیاند، بۆیە داواکارین لە هەموو خەمخۆران کە لەخەمی ئەوەن کۆمەڵگەیەکی ئارام و دادپەروەرانە فەراهەم بکەن یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم جۆرە بڕیار و هەوڵە قێزەونانە کە ئامانجیان ئەوەیە کۆمەڵگە بەرەو دواکەوتووی پەشێویی ببنەن.