شیرین عەبدوڵڵا:
“خەتەنەکردن” یەکێک لە کۆنترین ڕێوڕەسمە باوکایەتیـیە بۆماوەییەکانە کە لە هەندێک شوێنی جیهاندا دایک و باوکان لەسەر منداڵەکانیان ئەنجامی دەدەن، ئەم نەریتە پێویستی بە ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکی پزیشکیـیە کە بریتییە لە بڕین و شێواندنی بەشێک لە ئەندامی زاوزێی دەرەکی منداڵ لە یەکەم ڕۆژەکانی تەمەنیدا یان پێش تەمەنی هەرزەکاری. جۆرێکە لە زاڵبوون، کە کەسانێکی خاوەن دەسەڵات و کاریگەریی لەسەر لاوازترەکان، بەکاری دەهێنن.
ئەم کردەوەیە لە زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و بەشێک لە ئاسیا و ئوسترالیادا بڵاوە، زۆربەی هۆکارەکانی پاڵنەرە ئایینی و خێڵەکیی یان کۆمەڵایەتییە بۆماوەییەکانن و بە دەگمەنیش هۆکاری تەندروستی. منداڵانی هەردوو ڕەگەز بە شێوەی جیاواز و بە پلەی جۆراوجۆر دووچاری خەتەنەکردن دەبن.
سەرچاوەی خەتەنەکردن و هۆکارەکانی:
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە کۆنترین بەڵگەی متمانەپێکراو لە میسری کۆنەوە هاتووە، و تا ئەمڕۆش ژمارەیەکی کەم لە هۆزە ڕەسەنەکان لە ئەفریقا و ئوسترالیا هەن کە خەتەنەکردن وەک بەشێک لە نەریتە خێڵەکییەکانیان ئەنجام دەدەن. چەندین تیۆری هەیە سەبارەت بە سەرچاوەی ئەو داب و نەریتە، لەوانە قوربانیدانی ئایینی یان وەک ڕێوڕەسمێکی تێپەڕین بۆ تەمەنی باڵغ بوون.
خەتەنەکردنی پیاوان بە یەکێک لە ڕێوڕەسمە ئاینییە بەهێزەکانی “ئایینە ئیبراهیمیەکان” دادەنرێت. لەم ئایینانەدا، وا زانراوە کە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پەیمانەی کە ئیبراهیم لەگەڵ “خودا” (پەیمانی خەتەنەکردن) وەک هێمای گوێڕایەڵی هەتاهەتایی بەستوویەتی. ئاماژە بەوە دەدرێت کە ئیبراهیم لە تەمەنی هەشتا ساڵیدا خۆی خەتەنە کردووە. بە بۆچوونی هەندێک لە توێژەران خەتەنەکردن وەک ئامرازێک بۆ جیاکردنەوە و بەهێزکردنی پاتریارکی جولەکە لە بەرامبەر بە پاتریارکی یۆنانی لەو سەردەمەدا بەکارهێنراوە. پاشان نەوە یەک لە دوا یەکەکان، بەردەوام بوون لە پەیڕەوکردنی خەتەنەکردن وەک پراکتیزەیەک کە بە توندی لە لایەن “پێغەمبەرەکانەوە” پێشنیارکرابوو. جێگای سەرنجە کە خەتەنەکردن لە ئیسلامدا وەک بەشێک لە خووی پاکوخاوێنی پێشنیار کراوە، هاوشێوەی بڕینی نینۆک و بڕینی مووی سمێڵ و پاککردنەوەی بنباڵ و ئەمەش ڕەنگە بەهۆی کەمی ئاوی خۆ شوشتنەوە بوبێت لە بیابانەکاندا لەو زەمانەدا.
زۆرێک لە ئایینەکانی تر هەڵوێستێکی بێلایەن یان دژ بە خەتەنە دەگرنەبەر، بۆ نموونە ئایینی بودا و هیندۆسی خەتەنەکردنی ناپزیشکی هان نادەن، ئایینی هیندۆسی پێی وایە جەستە لەلایەن “خودای گەورە” ەوە دروستکراوە و کەس مافی گۆڕینی نییە مەگەر بە ئیرادەی ئەو کەسەی کە گۆڕانکارییەکەی بەسەردا دێت.
مەترسییە تەندروستییەکان و “سودەکانی”:
لە ڕاستیدا (کۆمەڵەی پزیشکانی نەشتەرگەری منداڵانی بەریتانیا) ئاماژە بەوە دەکات کە زۆر دەگمەنە کە خەتەنەکردن لە ڕووی پزیشکییەوە پێویست بێت. تەنها چەند حاڵەتێکی پزیشکیی ژمێردراو هەن کە پێویستیان بە خەتەنەکردنی نێر هەیە، وەک دووبارە بوونەوەی هەوکردنی ناوخۆیی، یان لکاندنی شانەکان کە لەوانەیە ببێتە هۆی گیرانی بەشەکی یان تەواوەتی بۆری میز. لە حاڵەتی دیکەدا، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بە پشتبەستن بە هەندێک لێکۆڵینەوە پێشنیاری ئەوە دەکات کە “خەتەنەکردن بۆ پیاوان وەک “بەشێک لە بەرنامەیەکی گشتگیر بۆ کەمکردنەوەی مەترسی تووشبوون بە هەندێک جۆری هەوکردنی سێکسی وەک ئایدز لە هەندێک وڵاتی ئەفریقادا لەبەرچاو بگیرێت”، بەڵام ئەم گوایە “سوودە” لە ئەڵقە پزیشکیەکاندا جێی گفتوگۆیە و وەک ڕێکارێکی پزیشکی خۆپارێزی لە سەرانسەری جیهاندا نەسەلمێنراوە.
جگە لە مەترسییە تەندروستییە زانراوەکانی وەک هەوکردن، خوێنبەربوون، نەزۆکی، شێواندن و کاریگەرییە دەروونییەکانی دەرئەنجامی پرۆسەی خەتەنەکردن، چ بۆ کچان بێت یان کوڕان، حاڵەتیش هەیە کە ڕەنگە خەتەنەکردن گونجاو نەبێت وەک نەخۆشیەکانی خوێن مەیین، یان بۆ منداڵی پێشوەخت لەدایک بوو کە کۆرپەکان هێشتا پێویستیان بە چاودێری پزیشکی هەیە لە نەخۆشخانە، وە یان شێواوی زگماگی.
ڕەنگە هەندێک پرسیار لەبارەی “سودەکانی” خەتەنەکردن بۆ باشترکردنی توانای منداڵبوون، یان کاریگەری لەسەر چێژی سێکسی بکەن، وەڵامەکە ئەوەیە کە هیچ بەڵگەیەک نییە کە خەتەنەکردن، یان نەکردنی، کاریگەری نەرێنی یان ئەرێنی لەسەر منداڵبوون هەبێت، هەروەها بە گشتی باوەڕ ناکرێت کە خەتەنەکردن دەوری لە سەر چێژی سێکسی پیاوان یان ژنەکان هەبێت.
هەندێک لە لایەنگرانی خەتەنەکردن بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هاوشێوەی پرۆسەی دەرهێنانی ددانی عەقڵ و ڕیخۆڵە کوێرە، یان لەوزەتەینە، بەڵام جیاوازییەکە ئەوەیە کە ئەم ئەندامانە تەنها کاتێک دەبڕدرێن کە کێشەی تەندروستییان بۆ دروست بێت. کەواتە زەروورەتی بڕینی ئەندامی زاوزێ، یان بەشێکی، چییە بۆ ملیۆنان کەس ئەگەر کێشەی نەخۆشییان بۆ دروست نەکات؟
وەک ئاماژەمان پێدا، بە دەگمەن هۆکاری تەندروستی هەیە بۆ خەتەنەکردنی کوڕان، بەڵام ئەوەی پێی دەوترێت خەتەنەکردنی کچان تاوانێکی تەواوە بەرامبەر بە کچ وە بە هیچ شێوەیەک و بە هیچ بیانوویەک ناتوانرێت پاساوی بۆ بهێنرێتەوە، هیچ حاڵەتێکی پزیشکی نییە کە پێویستی بە ئەنجامدانی ئەو توندوتیژیە بێت لەسەر هەر کچێک یان ژنێک لە هەر قۆناغێکی ژیانیاندا. سەرەڕای قەدەغەکردنی یاسایی لە زۆرێک لە وڵاتان، هێشتا ئەم داب و نەریتە بە شێوەیەکی سیستەماتیک لە ناوچەکانی ئەفریقا و ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەڕێوەدەچێت. خەتەنەکردن بەبێ ویستی کچەکە ئەنجام دەدرێت و یەکێکە لە سەختترین جۆرەکانی توندوتیژی دژی ژنان و نەک هەر پێشێلکردنی مافە مرۆییەکانیان، بەڵکو شکاندنیانە لە ڕووی جەستەیی و دەروونییەوە. هۆکارەکانی ئەم کارە جگە لە بیروباوەڕی دژە ژنی کۆنەپەرستانە و تێڕوانینە هەڵەکان سەبارەت بە تەندروستی و ئەفسانە سەبارەت بە ئەوەی پێی دەوترێت “پاکیزەیی” و “ئامادەکردنی ژنان بۆ هاوسەرگیری” و زیادکردنی چێژی سێکسی پیاوان، هیچی تر نییە. لە هەندێک کۆمەڵگادا بیرۆکە هەیە کە گوایە زێ پێویستی بە بڕین هەیە و هەروەها ئەو ژنانەی خەتەنە نەکراون، تەندروست نین، یان پیسن یان شایەنی بایەخ پێدان نین.
مافی منداڵ یان مافی دایک و باوک!
هەندێک باس لە مافی دایک و باوکەکان بۆ پراکتیزەکردنی ڕێوڕەسمە ئاینییەکانیان دەکەن و بێگومان ئەمەش بابەتێکی تایبەتی کەسەکانە، بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین کە ئەوەی بەپێی یاسای نێودەوڵەتی وەک مافی مرۆڤ قبوڵکراوە ئەوەیە کە مافی تاکێک بۆ ئازادی باوەڕ لەسەروو مافی تاکێکی دیکەوە بۆ سەلامەتی جەستەیی نیە. دایک و باوک ئازادن لە پێناوی بیروباوەڕەکانیان ئەگەر بیانەوێت خۆیان بکەنە قوربانی، بەڵام بڕیاری بڕینیەوەی بەشێک لە جەستەی منداڵەکەیان دەبێت بە ڕەزامەندی ئازاد و هەڵبژاردنی هۆشیاری منداڵەکە بێت، ئەویش بە دوای گەیشتن بە تەمەنێکی دیاریکراو کە بتوانێت بە هۆشیاری و تێگەیشتنێکی تەواوەوە بڕیارەکە بدات. هەروەها ئەمە پشتگیری لە مافی منداڵ دەکات بۆ ئازادی باوەڕ و بەم شێوەیە پەروەردەکردنی نەوەیەک مسۆگەر دەکات کە بیرکردنەوەی دروستی هەبێت کە توانای بڕیاردان و هەڵگرتنی دەرئەنجامەکانی خۆیان هەبێت.
دەبینین ئەم نەشتەرگەرییە، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، چ بۆ نێر بێت یان مێ، بە دافیعێکی غەیرە پزیشکی دەکرێت و ئەوانەی نەشتەرگەرییەکە ئەنجام دەدەن زۆرجار کەسانێکن کە پێگە و بڕوانامەی ئایینی یان، کۆمەڵایەتییان هەیە نەک بڕوانامەی پزیشکی. لە هیچ کام لە مەنهەجی فێرکاری زانکۆ پزیشکیـیەکاندا، فێرکاری دەربارەی خەتەنەکردن بابەتێک نیە، هەر وەک چۆن فەحسی پاکیزەیی و پەردەی کچێنی و نەشتەرگەرییەکانی ئەم بە ناو پەردەیە ناخوێنرێت لە زانکۆکاندا. بەڵام پزیشک و کارمەندی تەندروستی هەیە کە لە کەرتی تایبەتدا ئەم ڕێکارە ئەنجام دەدەن، چونکە قازانجێکی باشیان بۆ دروست دەکات، بەو پێیەی ئەم ڕێکارانە لەناو پاکێجی خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی گشتیدا بەردەست نییە. هەروەها، ناڕۆشنی پزیشکی- یاسایی و لاوازی ڕێنمایی پیشەیی لەم بارەیەوە، دایک و باوکەکان دووچاری ئیستغلالکردن دەکات لەلایەن هەندێک لە پێشکەشکارانی تاڕادەیەک ڕێکنەخراو لە خزمەتگوزارییەکانی خەتەنەکردن. بەم شێوەیە ڕەنگە ئەم پزیشکانە بە ئاگاداری یان نائاگایانە بەشداری بکەن لە چاوپۆشیکردن و درێژەدان بەو پێشێلکاریانە بە دژی منداڵان، بێگومان پزیشکانیش خۆیان بەشێکن لە کۆمەڵگا و هەڵگری بیرۆکە باوەکانن کە تیایدایە.
وەک دەزانرێت، خەباتکاری بە ناوبانگ نەوال ئەلسەعداوی (خۆی لە منداڵیدا یەکێک لە قوربانیانی خەتەنەکردن بووە) کاتێک دژی خەتەنەکردن وەستایەوە و داوای لە پزیشکانی میسر کرد کە زانیاری هەڵەی باوی ناو کۆمەڵگا ڕاستبکەنەوە، لە کارەکەی دەرکرا و تووشی سەرکوتکردن بوو.
لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا، سەرەڕای ئیدیعاکانیان سەبارەت بە مافی مرۆڤ و مافی منداڵان و خزمەتگوزاری چاودێری دایکان و منداڵان، دامەزراوە تەندروستییەکان بە گشتی لە بڕیارەکانی خەتەنەکردندا تەدەخول ناکەن و بڕیارەکە بۆ دایک و باوک جێدەهێڵن، و بەم جۆرە مافی بیروباوەڕی کولتووری و ئایینی دایک و باوک لە پێش مافی منداڵەکەوە بۆ سەلامەتی جەستەیی دادەنرێت، ئەویش بۆ لە بەرچاوگرتنی هەستیاری ڕێژەیی کولتووری، و لە ترسی تۆمەتبارکردن بە دوژمنایەتی لەگەڵ ئەم ئایین یان ئەو باوەڕە.
خەتەنەکردن چەسپاندنی پیاوسالاریـیە!
خەتەنەکردن، چ بۆ کچان بێت یان کوڕان، پێشێلکارییەکی قبوڵنەکراوە وشێواندنی جەستەی ئینسانێکە (نێر یان مێ) کە هیچ ئیختیارێکی پێ نەدراوە، و ئاگاداری دەرئەنجامەکانی ئەو دەستدرێژییە نییە کە لەلایەن نزیکترین کەسەوە بەرامبەری دەکرێت – دایک و باوک – بەڵام ئەگەر لە نزیکەوە سەیری پاڵنەرەکانی بکەین، دەبینین کە چۆن ئەو دەزگا کۆمەڵایەتییەی کە پێداگرە لە سەر بەردەوامبوونی خەتەنە، لە بنەڕەتدا پیاوسالاری و دەسەڵاتی پیاوی چەسپاندووە.
خەتەنەکردنی کوڕان بە ووشەو تەعابیری پۆزەتیڤ کە بەهێزبوون و متمانە بەخۆبوونی کوڕەکە بەرز دەکاتەوە باس دەکرێت، وەک “پاک و خاوێنی” یان “ئامادەکاری بۆ قۆناغی ‘پیاویی’ هەندێک جار هاوکات دەکرێت لەگەڵ ڕێوڕەسمی بەدیهێنانی دەستکەوتێکی کوڕەکە، وەک خەتم کردنی کتێبێکی ئایینی یان شتێکی لەم بابەتە… و شێواوی جەستەیی و تەندروستی لێ نابێتەوە (جگە لە کاریگەرییە دەروونییە – بە ئاگا یان نائاگا- درێژخایەنەکانی شۆکەکە)، مەگەر موزاعەفاتی هەبێت. بەڵام لە هەمان کاتدا، نامانەوێت مەترسی و زیانەکانی نەشتەرگەریەکە بۆ سەر منداڵان کەم بکەینەوە.
بەڵام سەبارەت بە مێینەکان، خەتەنە بە ئامانجی بڕین و شێواندنی ئەندامێک لە جەستەی و مسۆگەرکردنی تێک شکانی کۆمەڵایەتی و دەروونی کچەکە و ملکەچبوونی داهاتوویی بۆ دەسەڵاتی پیاو و سیستەمی کۆمەڵایەتی زەبەلاحی پیاوسالاری لە کاتێکدا کە هێشتا گەنجە، ئەنجام دەدرێت، وەک مردنی کچەکەیە، ئەگەر نەبێتە هۆی مردنی ڕاستەقینەی.
کەواتە لە ڕوانگەی یەکسانییەوە، هەروەک چۆن خەتەنەکردنی کچان پرسێکی فێمینیستیـیە کە دەبێت بەردەوام بین لە دژ وەستانەوەی، بە هەمان شێوە دەبێت خەبات بکەین بۆ هەڵوەشاندنەوە و ڕێگریکردن لە خەتەنەکردنی کوڕانیش، نەک تەنها لەبەر ئەوەی کارێکی توندوتیژییە و پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ و پشتگوێخستنی مافی منداڵ بۆ سەلامەتی جەستەیی و دەروونی و ئازادی باوەڕ، بەڵام هەروەها لەبەر ئەوەی بەشێکە لە بیرۆکەی پیاوسالاری و بەهێزکردنی سیستەمی پاتریارکی لە جیهانی ئێمەدا.