
رۆژی پێنجشەممە، 26ـی ئابی 2021، وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، نورزان شەممەری لە نزیک پردی جادرییە لە بەغدای پایتەختی عێراق کوژراوە، بەپێی لێدوانی لیوا سەعد مەعن، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆ هەر لە ساتەکانی یەکەمی پاش رووداوەکە لیژنەیەکیان لە پسپۆڕان و لێکۆڵەران پێکهێناوە بۆ گەیشتن بە تاوانبارانی رووداوی کوشتنەکە و گوتی “کوشتنەکە بە چەقۆ و لەلایەن سێ کەسەوە ئەنجامدراوە.”
بەپێی ئەو بەرپرسە باڵایەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، “هیچ دەستدرێژییەکی سێکسی نەکراوەتە سەر نورزان شەممەری، چونکە تاوانەکە لە شەقامدا روویداوە، بەڵام چاوەڕوانی راپۆرتی پزیشکی دادی دەکەین.”
بەپێی وەزارەتی ناوخۆ، لێدوانی شایەتحاڵ و سکاڵاکاریش کە دایکی کچەکەیە وەرگیراوە.
هاشتاگی مافی نورزان شەممەری قوربانیی دەستدرێژی لە عێراق ئەمڕۆ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بڵاوکرایەوە و هەر زوو چالاکوانانی عێراق باسیان لەوەکرد ئەو کچە 20 ساڵانە رووبەڕووی دەستدرێژیی سێکسی بووەتەوە و لەنزیک پردی جادرییە بە چەقۆ کوژراوە.
ژمارەیەک کەس کە خۆیان بە نزیکی قوربانییەکە ناساندووە گوتوویانە نورزان بەمدواییانەدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی نووسیویەتی کە لەکاتی رۆیشتنی بۆکار هەست بە نائارامی دەکات.
رووداوی کوشتنی نورزان شەپۆلێکی ناڕەزایی لەلایەن چالاکوانانەوە بەدوای خۆیدا هێنا و بەتووندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو رووداوەیان کردووە.
بەڕێوەبەری لقی دامەزراوە و کەناڵی مەسائی نێودەوڵەتی لە دوبەی، نووسەر و رۆژنامەنووس رەغەد حەیالی لە لێدوانێکدا بۆ رووداو لەبارەی رووداوەکەوە گوتی “ئافرەتانی عێراق لە هەموو شوێنێک رووبەڕووی بێزارکردن دەبنەوە و رێژەی ئەو ئافرەتانەی عێراق کە دەستدرێژییان کراوەتە سەر دەگاتە 77٪، بەداخەوە ئەو دەستدرێژییەی ئەمڕۆ بەکوشتن کۆتایی هاتووە و نورزان قوربانیی رووداوێکی وەحشیگەرانەیە کە دوای دەستدرێژیکردنەسەری کوژراوە.”
لە ماوەی چەند مانگی رابردوو ژمارەی تاوانەکان زۆر زیادیان کردووە و بوونەتە هۆکاری کوشتنی دەیان کەس لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق. بەلای بەشێک لە پسپۆڕانەوە، خراپبوونی باری دارایی خەڵک و کاریگەریی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و زیادبوونی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەرزبوونەی ژمارەی تاوانەکانن لە عێراق.