
بەگوێرەی ئەو وردەکارییەکی دەست ماڵپەڕی ” سپی ” کەوتووە لە كۆی ١٨٢ خانەنشین بە پلەی وەزیر، ٤١ كەسیان یاسای چاكسازی دەیانگرێتەوە و دەبێ مووچەكانیان رابگیرێت.
هەروەها لە ” ١٧٤ كەس بە پلەی بریكاری وەزیر خانەنشینن، تەنها ١٣٩ كەسیان ئەو پلەیەیان وەرگرتووەو کاریان تێدا کردووە، ئەوانیتر کە ژمارەیان ٣٥ وەزیرە دەبێت مووچەكەیان رابگیرێت”.
ئەوانەی پەلەی راوێژکاریان هەیە لە كۆی ” ٣٤٦ ” راوێژكاری خانەنشین، تەنھا ٢٩٧ كەسیان كێشەیان نییە، ئەوانیتر ٤٩ کەسن یاسایی نین و دەبێت مووچەكەیان رابگیرێت.
لە بارەی ژمارەی بەڕێوەبەرە گشتیەکانەوە خانەنشینکراوەکانەوە، “زیاتر” لە ٧٠٠ كەس بە پلەی بەڕێوبەری گشتی خانەنشین بووە، ٣٥٤ كەسیان بە کردار بەڕێوبەری گشتی نەبوون و مووچەكانیان بەپێی یاسای چاكسازی دەبێت رابگیرێت، لەو ٧٠٠ بەڕێوەبەری گشتیە خانەنشینکراوە، تەنها ٣٦٩ كەسیان كێشەیان نییە.
لە کۆبوونەوەی رۆژی ٦ ی نیسانی ئەنجومەنی وەزیران یاسای چاکسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان خرایە بەر باس، لەو کۆبوونەوەیەدا جەختکرایەوە ” یاسای چاکسازیی لە پێناوی زامنکردنی ماف و شایستەی دارایی مووچەخۆرانی شایستەیە و نابێت ببێتە هۆی زیان لێکەوتنی کەسانی شایستە، ئامانج لە دەرکردنی یاساکەش، لە بنەڕەتدا ڕێگرتنە لە سوودمەندبوونی ناڕەوا لە بودجەی گشتی “.
هەندێ ناوەندی حوکمی و سەرجەم هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنیش گومان دەکەن کە حکومەتی هەرێم چاکسازی لە خانەنشینی پلە باڵاکاندا بکات، هەندێکیان هۆکەی دەگەڕێننەوە بۆ خودی پارتی و یەکێتی کە بە فەرمانی خۆیان لەساڵانی رابردوودا ئەو کەسانەیان خانەنشینکردووە، هۆکارێکی تریشی دەگەرێننەوە بۆ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ترس لە دەنگدان.
رۆژانی داهاتوودا رۆژانی تاقیکردنەوەی جدیەتی ئەم کابینەیە لە دژایەتیکردن گەندەڵی، یان چاپۆشین و بەسەربردنی ژیان لەگەڵ گەندەڵیدا، وەک کابینەکانی پێشوو.