لاپەڕەی سەرەکی دۆسیەی تایبەت زێدی‌ ئێزیدیه‌كان دەبێتە سوتماک

زێدی‌ ئێزیدیه‌كان دەبێتە سوتماک

0 تێبینییەکان 16 بینینەکان

ئا: نیاز محه‌مه‌د

جوڵەی هێزەكانی حەشدی شەعبی بەرەو ناوچەكانی ئێزیدی نشین مەترسییەكانی سەر ناوچەكە چەند هێندەتر دەكات‌و سیاسیەكی ئێزیدی سەربەخۆ پێی وایە ئەگەری ئەوە هەیە شەڕی ناوچەكە پاش داعش بگۆڕێت بۆ شەڕێكی ئیقلیمی‌و بەرپرسی مەڵبەندی شەنگالی یەكێتیش ئاماژە بەوەدەدات ئەگەر حەشدی شەعبی بیەوێت لەوناوچەیە جێگیر بێت ناوچەكە روبەڕوی مەترسی دەكاتەوە.

رۆژی12ی ئەم مانگە لەجوڵەیەكی چاوەڕواننەكراودا هێزەكانی حەشدی شەعبی پەلاماری چەند ناوچەیەكی ژێر دەستی داعشیاندا كە دەكەونە باشوری شاخی شەنگال‌و هەرێمی كوردستان. بە سەدان گوندو شەش كۆمەڵگەی زۆرەملێی ئێزیدی نشین لەژێر دەستی چەكدارانی داعش ماون كە لێیانەوە نزیكەی180 هەزار ئێزیدی ئاوارە بون.

ناوچەی شەنگال بەناوچەیەكی ستراتیژی دەژمێردرێت، ئێران وەك هێزێكی ئیقلیمی چاوی لەسەریەتی تاوەكو لەو رێگەیەوە بتوانێت هێڵێكی وشكانی لەنێوان وڵاتەكەی‌و سوریادا بكاتەوەو بۆ ئەمەش بەپلەی یەكەم پشت بەهێزەكانی حەشدی شەعبی لەعێراق دەبەستێت، ئەم دواجوڵەیەی حەشدی شەعبیش لەناوچەكە لەو چوارچێوەیەدا لێكدەدرێتەوە بەتایبەت وەك حەشدی شەعبی دەڵێن ئامانجیانە بەرەو سەر سنوری سوریا بڕۆن.

ناسر كرێت، سیاسی سەربەخۆی ئێزیدی، پێی وایە ناوچەی ئێزیدی نشینی شەنگال لەئێستادا بۆتە كەمپێكی سەربازی‌و ئەو خەڵكەی ئێزیدی لەو ناوچەیە ماونەتەوە هیچیان مەدەنی نین‌و ماوەی دو ساڵە بۆ شەڕێك چ لەلایەن هێزە كوردییەكانی وەك پارتی‌و پەكەكەوەو چ لەلایەن حەشدی شەعبییەوە لەژێر ناوی حەشدی ئێزیدی، ئامادە دەكرێن.

ئەو پێشی وایە توركیا حەشدی شەعبی وەك جێبەجێكەری پلانی ئێران دەبینێت‌و قبوڵ ناكات لەكاتێكدا رێگەنادات پەكەكە لەوێ جێگیرببن چۆن رازی دەبێت ئەوان جێگیرببن بۆیە بەدوری نازانێت كە شەڕەكە بەرەو شەڕێكی ئیقلیمی بگۆڕێت ئەگەر هێزە نێودەوڵەتییەكان پارێزگارییەك بۆ ئەو ناوچەیە دابین نەكەن.

جەمیل خدر، بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لەشەنگال ئەو جوڵەیەی حەشدی شەعبی بەمەترسیدار ناودەبات‌و پێشی وایە ئەگەر پاش دەركردنی داعش لەوێ جێگیرببن هەم بۆ كورد خراپەو هەم بۆ ئێزیدییەكانیش كە ئیدی ناتوانن بگەڕێنەوە ناوچەكانیان چونكە مانەوەی حەشدی شەعبی لەوێ ناوچەی ئێزیدییەكان بەسەر دو بەرەی تەواو جیاو لێكدژدا دابەشدەكات.

حەشدی شەعبی لەسەرەتای پەلامارەكانی رێكخراوی داعش لەسەر فتوای سیستانی، گەورە مەرجەعی شیعەكان دروست بوو لەمساڵیشدا پەرلەمانی عێراق وەك هێزێكی فەرمی‌و بەشێك لەسیستمی بەرگری وڵات شەرعیەتی پێدا.

بەڵام بەرپرسی مەڵبەندی شنگالی یەكێتی پێی وایە حەشدی شەعبی راستە لەڕوی یاساییەوە سەر بەسیستمی بەرگری عێراقییە بەڵام لەڕوی ترەوە هێزێكە لەژێر كۆنترۆڵی خەڵكی تردایە نەك بەتەنیا لەژێر كۆنترۆڵی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكاندا بێت، چەندان كەس هەن دەتوانن بیجۆڵێنن‌و هیچ متمانەیان پێناكرێت وەك هێزێكی سەربازی نیزامی.

بەڵام دژوار فەقیر، فەرماندەی یەكینەكانی بەرخۆدانی شەنگال پێی وایە هەرێمی كوردستان كەمتەرخەم بوە بەتایبەت پارتی لەوەی ئەو ناوچانەی ئێزیدییەكانی رزگار نەكردۆتەوەو بۆتە ئاستەنگیش لەبەردەم ئەواندا كاتێك بەرنامەیان هەبوە ئەو ناوچانە رزگاربكەن‌و وتیشی”پارتی ئاستەنگی دروستكردو هێزی هاوپەیمانانیش لەڕوی ئاسمانییەوە هاوكاریان نەكردین”.

جوڵەی هێزەكانی حەشدی شەعبیش بەو ئاڕاستەیە بەخراپ نازانێت‌و پێی وایە گرنگ ئەوەیە ئەو ناوچانە لەژێر دەستی داعش دەربهێنرێن نەك ئەوەی كێ رزگاریان دەكات چونكە كێشەكە كێشەی خاكە نەك حزب‌و لایەنێك.

“عێراقیش دواجار رەنگە پێی وابێت ئەو ناوچانە دەبێت لەژێر كۆنترۆڵی هێزە عێراقییەكاندا بێت نەك هێزەكانی هەرێم. ئەگەر هەرێم ئەو ناوچانەی بەخاكی خۆی دەزانی‌و ئەو هەمو هێزەی هەیە بۆچی تائێستا رزگاری نەكردن”!؟

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە