
میدیای کۆنەپەرستی پارتە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتدارەکانیش، سەرتاپا بوونە سەنگەری دژایەتیی ئەم کارە و سەکۆیەک بۆ دواندنی هونەرمەندانی دەرباری خۆیان، تا لە زمانی کەسانێکی بەناو هونەرمەندەوە هەوڵی سووککردنی ئەو کارە بدەن. میدیا ئایینییە ئیسلامییەکانیش لێزانانە و بە تاکتیکێکی زیرەکانە، بێ ئەوەی بهێڵن دژایەتییان بۆ ئەم کارە لە سەر ئایدیۆلۆژیاکەیان بکەوێت و ڕەخنەی ئەوەیان لێ بگیرێت کە ئایدیۆلۆژیا ئایینییەکەیان دژی کاری هونەرییە، دێن لە دەرەوەی حیزبەکانی خۆیان ئیقتیباس لە گوتە و هەڵوێستی هونەرمەندانی دژ بەم کارە وەردەگرن و دەیکەنە ڕاپۆرت.
ئەو دژایەتییەش کە بەدەر لە ماس میدیا و لە ناو سۆشیاڵ میدیادا ئاڕاستەی ئەم کارە دەکرێت، لە جەوهەردا دوو بەشە، بەشێکی تەواوکەر و درێژکراوەی ئەو هاوپەیمانێتییە پیرۆزەیە، بەشەکەی دیکەشی کاردانەوەی کوێرانە و ڕووکەشانەی بەکارهێنەرانی ساویلکە و تەسکبینی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە، کە هەموو شتێک دەزانن، جگە لە بەرژەوەندیی خۆیان. دەمارگرژی و جوێندان و خۆگیڤکردنەوەی پیاوانی ژنکوژ و چەوسێنەر، کاردانەوە بوو بەرانبەر بینینی پارچە جلی مێینەی خێزانەکانیان، بینینەوەی پەڵەی چلکن و جێگەدەستی خۆیان بوو لە سەر پارچە جلەکان.
ئەوەی جێگەی پێکەنین و گاڵتەجاڕییە، ئەو عەقڵیەتە نەخۆش و هونەرنەناسەیە کە وەک حاسیبەیەکی شکاو خەریکی لێکدانەوەی هاوکێشەی ماتماتیکییە و هەموو دژایەتییەکی بۆ ئەم کارە لەوەدا کورت کردوەتەوە کە “چۆن لە ماوەی سێ مانگدا ئەم هەموو جلە کۆکراوەتەوە؟”، یان “کێ دەڵێت خاوەنی هەموو ئەو جلانە توندوتیژییان بەرانبەر کراوە؟ یاخود “خاوەنی پڕۆژەکەم بینی لە بازاڕ قوماش و جلەکانی کڕی!”، ئەم جۆرە لە کورتکردنەوەگەرایی بێتام، لە ئێستادا بوەتە عەقڵیەتێکی باوی بەناو ڕەخنەگر. تێگەیشتنێک بۆ هەڵوێستی هونەری لەم ئاستەدا بێت، ئیدی نەبوونی هونەرمەند و نووسەر و ڕۆژنامەنووسی بەهەڵوێست، کەی جێگەی سەرسوڕمانە؟
پێم وایە کەس هیچ بە کڵاوی ئەوانە ناپێوێت کە وەک مشەخۆرێکی بێبەرهەم تەنها لە پشت مۆبایلەکانیانەوە خەریکی ڕەتکردنەوەی هەڵوێستە جیدییەکانن و ڕۆژێک لە ڕۆژان بە کردار و بە گوفتار، دژایەتیی جدیی توندوتیژیی دژ بە ژنانیان نەکردوە.
دڵخۆشم کە ئەم کارە بە کاتێکی کورت پەیامی خۆی گەیاند و ‘هونەرمەندان’ی بێهەڵوێستی شەرمەزار کرد و هونەری ئاست نزمی ناو هۆڵە زەردەکانی هێندەی دیکە خستە دواوە.
بابان ئەنوەر