پێویستە دڵپیسی لە ئیرەیی جیابکەینەوە، لە دڵپیسیدا تاک ترسی هەیە کە کەسێک شتێک بەرێت کە ئەم خاوەنییەتی، بەڵام ئیرەیی بریتییە لە ئارەزوکردن بۆ بونی شتێک کە هی خەڵکی ترە، حەسودی زۆرجا دەبێتە هۆی هەستکردن بە دڵتەنگی و ئارەزوکردن لە گۆرانکاری، بەڵام دڵپیسی دەبێتە هۆی تورەیی و توندی دەرون!
دڵپیسی چەندین هۆکاری هەیە، دكتۆر جەعفەر عومەر، پزیشکی دەرونی ئەو هۆكارانەی خستوەتەڕو:
1. شێوازی پەیوەندیکردن لەگەل خەڵکی و لێکدانەوەی ئیمە بۆ ئەو پەیوەندیانە.
2. هەستی خۆبەکەمزانین لای تاک.
3. دروستبونی بێمتمانەیی لە نیوان هاوسەران بە هەر هۆیەک بێت.
4. تەنهایی و هەستی تەنهایی.
5. نەبونی ئارامی و ئاسایشی دەرونی.
6. جیاوازی لە سنوری پەیوەندییە کۆمەلایەتییەکان لەنێو تاکەکانی کۆمەڵگە.
چارەسەریان پێویستە:
دو حاڵەت هەیە جێگەی هەڵوەستە لەسەرکردنن و پێویستیان بە چارەسەرە:
– دڵپیسی یان ئیرەیی خوشکوبرایی: کاتێک مندالێک دوای منداڵێکی تر دێتە دونیاوە ئەوە منداڵی پێشو هەست بە غیرە دەکات بەرامبەر مندالی تازە، ئەمەش بە چەندین رەفتار دەردەبرێت، هۆکارەکەشی بریتییە لە گرنگیدانی زیاتر و بونی سەرنجی دایک و باوک و خزمان لەسەر منداڵی نوێ و فەرامۆشکردنی منداڵی پێشو.
– نەخۆشی یان وەهمی دڵپیسی: ئەمەش نەخۆشییەکی مەترسیدارە، تاک ئەم نیشانانەی هەیە، دڵپیسییەکەی لە رادەی ئاسایی چۆتە دەرەوە و کاریگەری گەورەی کردۆتە سەر ژیانی، لە لایەن خۆتەوە بەبێ بونی بەڵگە پییوایە کە هاوسەرەکەی خیانەتی لێدەکات، کاتی زۆر بە گەران بەدوای بەڵگەدا بۆ سەلماندنی بیرکردنەوەکەی تەرخان دەکات و زۆر رەفتار دەکات بۆ سەلماندنی راستی بیرەکردنەوەکەی بەڵام هیچ بەڵگەی دەستناکەوێت.
چۆن چارەسەری دڵپیسی بکەیت؟
یەکەم: لەبری ئەوەی دڵپیسی بکەیت، کاربکە بۆئەوەی متمانە لە نێوان خۆتان بنیادبنێ.
دوەم: درۆی لەگەڵ مەکە، هەستەکانت بە راستی دەربخە، ئەمەش وادەکات باوەڕ بە هاوسەرەکەت بکەیت، چونکە ئەو کەسانەی درۆ لەگەڵ بەرامبەرەکەیان دەکەن وا بیر دەکەنەوە هەموان درۆیان لەگەڵ دەکەن، بەمەش متمانە بە هاوسەرەکەت ناکەیت.
سێیەم: زیاتر خۆتت خۆشبوێت و متمانەت بە خۆت هەبێت، خۆبەکەمزانین وادەکات دڵپیس بیت.
چوارەم: راوێژ لەگەڵ خۆشەویست یان هاوسەرەکەت بکە، بیرکردنەوەکانی خۆتی بۆ باس بکە.
پێنجەم: هەرکاتێک هەست دەکەیت توڕەیت بەهۆی دڵپیسیەکەتەوە، چاوت بۆ چەند خولەکێک دابخە و تا 10 بژمێرە.
شەشەم: بەرێگەیەکی ژیرانە دڵپیسیەکەت نیشان بدە، لەبری ئەوەی توڕە بیت و هاوار بکەیت، بە شێوەیەکی نەرمتر خۆشەویستەکەت تێبگەیەنە.