٣٩ساڵ پێش ئێستا، پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە، لەسەرەتای دروستبوونیدا، لەکۆنگرەی یەکەمی لە ٢٧ی ١١ی ١٩٧٨دامەزرا، لەگەڵ لەدایکبوونی، دۆخی ناجێگری تورکیای زیاتر شڵەقاند.
پەکەکە، لەسەر ئایدۆلۆژیای مارکسی لینینی کاری دەستپێکردوو، شەڕی چەکداری لەدژی حکومەتی تورکیا، لەساڵی ١٩٨٤ەوە، دەستپێکرد، ھەوڵەکانی سەرەتای ئامانجی دروستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بوو، بۆکورد، لەتورکیا، بۆ ئەوەش دەرگای شەڕێکی دوروودرێژی بەروودا کرایەوە.
پەکەکە، دوای دەستگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجەلان، دەستبەرداری خواستی سەرەکی خۆی بوو کە دەوڵەتی سەربەخۆ بوو، داواکاری خۆی گۆڕی بۆ(بەڕێوەبەری خۆسەری دیموکراتی).
پەکەکە، لەماوەی خەباتیدا، توشی چەندان ھەورازو نشێوی بوو، بەڵام دەستگیرکردنی رێبەرەکەی لەساڵی ١٩٩٩ سەختترین ھەورازبوو بۆ ئەوحزبە کە بەتێپەرینی کات، بەبڕوای چاودێران توانی بە شێوازێکی دیکە ئەو بۆشاییە پڕبکاتەوە, لەوکاتەوە سیاسەتی پەکەکە بەچەند قۆناغێک تێپەڕیوە.
ئۆجەلان، لەساڵی ٢٠١٣داوای ئاگربەستی کردو ھانی پەکەکەیدا، کە گەریلاکانی لەناوچەکانی باکوری کوردستان و تورکیا، پاشەکشەپێبکات، بەڵام ئەو ئاگربەستە لەساڵی ٢٠١٥کۆتاییپێھات کاتێک تورکیا، ھێرشی ئاسمانی لەدژی کامپەکانی پەکەکە لەباکوری عێراق ئەنجامدا.
ئەو ھەنگاوەی ئۆجەلان، یەکەم ھەوڵ نەبوو بۆئاشتی، پەکەکە دوای دەستگیرکردنی ئۆجەلان دەستپێشخەری ئاگربەستی تاکلایەنەی راگەیاند، بۆماوەی ٥ساڵ و ژمارەیەک ھەنگاوی نا وەکو ھەوڵێک بۆ گۆرانکاری و فراوانکردنی پێگەی جەماوەری.
پەکەکە، لەساڵی ٢٠٠٤جارێکی تر دەستی بە ھەڵمەتی چەکداری کردەوەو بەردەوامبوو تاساڵی ٢٠٠٩کاتێک گفتوگۆکانی ئاشتی دەستیپێکرد کە بەنھێنی بەڕێوەدەچوون، پەکەکە ئاگربەستی راگەیاند.
تەشەنەسەندنی شەڕ
گفتوگۆ نھێنییەکان لەسەر ئاستی باڵا لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١١ لەنێوان پەکەکەو حکومەتی تورکیا لەئۆسلۆی پایتەختی نەرویج، بەڕێوەچوو، بەڵام دوای شەڕ و پێکدادانەکانی مانگی حوزەیرانی ٢٠١١، کە تێیدا ١٤سەربازی تورکیا کوژران، گفتوگۆکان تێکچوون.
دوای تێکچوونی ئاگربەست، شەڕ بۆ ئاستێکی نوێ بەرزبووەوەو ھێرشی گەورەیان ئەنجامداو لە لایەکی ترەوە، مانگرتن لەخواردن لەزیندانەکانی تورکیا دەستیپێکرد، تا گەیشتە ٦٨رۆژ و لەسەر بڕیاری ئۆجەلان کوتایی بەو مانگرتنە ھات.
لە ٣١ی کانونی یەکەمی ساڵی٢٠١٢، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی تورکیا گفتوگۆی ئاشتی لەگەڵ ئۆجەلان راگەیاند، لەزیندانی ئیمرالی و پەکەکە ٨سەربازی دیلی تورکیای ئازادکرد، لەبەرامبەر ئازادکردنی زیندانیانی پەکەکە.
بەڵام شەڕ لەسوریاو رۆڵی کورد لەشەڕی دژی داعش لەرۆژئاوای کوردستان، گرژی لەنێوان تورکیا و پەکەکە زیادکرد، لەتەمووزی ساڵی ٢٠١٥ دوای تەقینەوەیەکی خۆکوژی کە داعش لەشاری سروج سەر بەپارێزگای ئۆرفا لەباکوری کوردستان ھاوسنور لەگەڵ کۆبانی ئەنجامیداو ٣٢گەنج و خوێندکاری کوردو تورک، کە بەدروشمی ئاشتی روویان لەکۆبانێ کردبوو کوژران.
پەکەکەو ھەدەپەو پەیەدە، بەرپرسیارێتی ئەو کۆمەڵکوژییەیان خستە ئەستۆی حکومەتی تورکیا، وتیان ئەمە،”بۆ شکاندنی خۆراگری یەپەگەو یەپەژەیە، لەکۆبانێ لەدژی داعش”و دوای چەند رۆژ لەو تەقینەوەیە پەکەکە، بەرپرسیارێتی کوشتنی دوو پۆلیسی تورکیای لەشارۆچکەی “جەیلان پنار” لەئۆرفا گرتە ئەستۆی خۆی.
دوای ئەوە، تورکیا ھێرشی ئاسمانی فراوانی لەدژی پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە، لەباکوری عێراق و باکوری کوردستان، ئەنجامداو دواتر پەکەکە، رایگەیاند، کە ئەوگورزە ئاسمانییە گفتوگۆکانی ئاشتی کۆتایی پێھێناوە.
دوای کۆبوونەوەی کۆشکی”دوڵمە باخجە”ی شاری ئەنقەرە، لە ٢٨ی شوباتی ٢٠١٥ لەنێوان شاندی ھەدەپە-ی ئیمرالی و شاندی حکومەتی تورکیاو واژۆکردنی رێککەوتنی ئاشتی نێوانیان ھەردوولا، بۆ ھەنگاو نان بەرەو پرۆسەی چارەسەری سیاسی و دانانی چەک لەلایەن پەکەکەوە بەڵام پرۆسەکە تێکچوو و جارێکی تر شەڕ ھەڵگیرسایەوەو تا ئێستا شەڕ بەردەوامە.