
رۆژیشەممە 23-12-2023، سێیەم رۆژی ژماردنەوەی دەستیی دەنگی نزیکەی دوو هەزار سندووقی دەنگدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقە کە زۆربەیان دەنگی تایبەت بوون.
هۆگر چەتۆ، سەرپەرشتیاری تۆڕی شەمس بۆ چاودێریی هەڵبژاردن، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ”تائێستاش چاودێریکردنمان لە هەندێک پارێزگای وەکو بەغدا، ئەنبار و نەینەوا کە ژماردنەوەی دەنگەکانی تێدا تەواو نەبووە، بەردەوامە”.
هۆگر چەتۆ گوتی، تائێستا نزیکەی 120 سکاڵا لە دەنگدانی گشتی و تایبەت تۆمارکراون کە پێویستە کۆمیسیۆن بە شێوەیەکی گشتی لە رووی یاساییەوە لە سێ رۆژدا یەکلاییان بکاتەوە.
دوای راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن، لایەنە سیاسییەکان دەتوانن تانە لە بڕیارەکانی کۆمیسیۆن بدەن، ئەو سەرپەرشتیارە ئاماژەی بەوە کرد، ”سێ رۆژ دەرفەتی تانەلێدان لە بڕیاری کۆمیسیۆنیان هەیە، تانەکە دەچێتە بەردەم دادگەیەکی تایبەت کە لە سێ دادوەر پێکهاتوون، پاشان دادوەرەکان بڕیاری کۆتایی دەدەن و لە هەفتەیەکدا تانەکان یەکلایی دەکەنەوە”.
هۆگر چەتۆ گوتیشی، ”دوای یەکلاییکردنەوەی تانەکان دەبێ کۆمیسیۆن لە ماوەی 15 رۆژدا بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن بدات و ئەمە تەنیا ئەنجوومەنی کۆمیسیاران دەیکات و پێویستی بە دادگەی فیدراڵی نییە و تانە لە ئەنجامەکە نادرێتەوە.”
کڕینەوەی دەنگ و دوورخستنەوەی بەربژێران
سەرپەرشتیاری تۆڕی شەمس بۆ چاودێریی هەڵبژاردن باسی لە هەندێک پێشێلکاری لە پڕۆسەی هەڵبژاردن و بەڕێوەچوونی دەنگدانی تایبەت و گشتی کرد و گوتی، ”بەپێی بەڵگەکان دەرکەوتووە کە سێ بەربژێر دەنگیان کڕیوەتەوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەی دەنگیشیان بەدەستهێناوە، لەلایەن کۆمیسیۆنەوە دوورخراونەوە، هەروەها سێ بەربژێری دیکەش بە هەمان هۆکار مەترسیی دوورخستنەوەیان لەسەرە کە زۆربەیان لە ناوچە سوننەنشینەکانن و سەر بە لیستی جیان.”
وەک هۆگر چەتۆ ئاماژەیدا، لە ناوچە کوردستانییەکان پێشێلکاریی کڕینەوەی دەنگ لەلایەن بەربژێرانەوە نەبینراوە، بەڵام سکاڵا تۆمارکراوە کە گوشارخراوەتە سەر دەنگدەر بۆ ئەوەی دەنگ بە بەربژێرێکی دیاریکراو بدرێت.
ئەو سەرپرشتیارەی تۆڕی چاودێریی هەڵبژاردن دەڵێت، لە کۆی دوو هەزار و 976 چاودێریان لە سەرجەم شارەکانی عێراق، نزیکەی 198 حاڵەتی پێشێلکارییان لە ئاشکراکردنی دەنگی دەنگدەران بە مۆبایل و وێنەگرتن تۆمارکردووە کە کۆمیسیۆن بەڵێنی داوە بەشێکیان سزا بدرێن، گوتیشی، ”بە دەیان بەڵگە و تۆماری دەنگیان کەوتووەتە بەردەست کە بەرپرسان، هێزە ئەمنییەکان ناچار دەکەن دەنگ بدەن”.
یەکێک لە گرفتە تەکنیکییەکانی دەنگدان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری دەنگدەران بوو، هۆگر چەتۆ ئاماژەیدا، رێژەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر، زۆر زیاتر لە 5٪ـی ژمارەی دەنگدەران بووە و ”کۆمەڵێک دەنگدەر هەوڵی دەنگدانیان داوە، بەڵام بەوهۆیەوە نەیانتوانیوە دەنگی خۆیان تۆمار بکەن.”
”زیاتر لە 100 هەزار دەنگی پووچەڵ تۆمارکراون”
بەگوتەی هۆگر چەتۆ، بەهۆی ناشارەزایی دەنگدەران لە چۆنێتیی دەنگدان، زیاتر لە 100 هەزار دەنگی پووچەڵ لە سەرانسەری عێراق و ناوچە کێشەلەسەرەکان تۆمارکراون کە بەراورد بە ژمارەی دەنگدەران رێژەیەکی بەرچاوە.
کورد لە کەرکووک بە پێنج لیست بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکە بوو و حەوت کورسی بەدەستهێنا، پارتی بە تەنیا، یەکێتی و حیزبی شیوعی پێکەوە، نەوەی نوێ و سۆسیالیستیش بە تەنیا و کۆمەڵ و یەکگرتوو پێکەوە بەشداربوون. سەرپەرشتیاری تۆڕی شەمس بۆ چاودێریی هەڵبژاردن پێیوایە، ”پەرتەوازەبوون هۆکاری نەبردنەوەی 50+1ـی کورسییەکانی ئەنجوومەن لەلایەن کورد بوو و ئەگەر کۆمەڵ، یەکگرتوو و نەوەی نوێ بە یەک لیست بەشداربووبان، کورد کورسییەکی دیکەشی بەدەستدەهێنا.”
رۆژی 16ـی کانوونى یەکەم دەنگدانى تایبەت و لە 18ـی کانوونى یەکەم دەنگدانى گشتیی ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و عێراق کرا. کە هێشتا ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکە لەلایەن کۆمیسیۆنەوە رانەگەیێندراوە.