
رۆژی سێشەممە 19ـی ئەیلوولی 2023 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا عەباس محەممەد، جێگری سەرۆکی لیژنەی تەندروستی لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر چەند ئامارێکی ئاشکراکرد و گوتی، ماوەی زیاتر لە شەش مانگە بەدواداچوون بۆ کوالێتی و هەڵسەنگاندنی کەرتی گشتی لە نێو ‘پارێزگای هەولێر و دەورووبەری وەکو شەقڵاوە، خەبات و بنەسڵاوە’ دەکەن.
عەباس محەممەد، جێگری سەرۆکی لیژنەی تەندروستیی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، باڵەخانەی نەخۆشخانە حکومییەکان ستاندارد نین و بەشێکی زۆریان کۆنن و ئاوەڕۆیان خراپە بەتایبەت نەخۆشخانەی رزگاریی فێرکاری.
هەروەها ئاماژە بە نەخۆشخانەی راپەڕینی تایبەت بە منداڵان و سەنتەری هێلینا دەکات و دەڵێت: ”شوێنەکانیان بچووکن و پێویستە فراوان بکرێن، چونکە گوشارێکی زۆریان لەسەرە”، هاوکات عەباس محەممەد باسی بەشەکانی چاودێریی چڕ لە پارێزگای هەولێر دەکات و دەڵێت: تەنیا 80 تەختی چاودێریی چڕ هەیە و ئەگەر تێکڕای ژمارەی دانیشتووانی پارێزگاکە ملیۆن و نیوێک بێت؛ دەکاتە یەک تەختی چاودێریی چڕ بۆ هەر 18 هەزار کەسێک.
لەبارەی هەڵسەنگاندنەکانیان بۆ یەکەکانی بووژانەوە دڵ عەباس محەممەد گوتی، ”14مانگە یەکەی بووژانەوە دڵ بە مەبەستی نۆژەنکردنەوە کە بڕیاربوو بە چوار مانگ تەواوبکرێت داخراوە و هێشتا دەستبەکار نەبووە”، هۆکارەکەش رووندەکاتەوە کە تائێستا پێداویستییەکانی یەکەکە دابیننەکراوە.
ئەو جێگرەی سەرۆکی لیژنەی تەندروستیی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ئاماژە بە ناوەندەکانی ددان دەکات و دەڵێت: ‘بنکەی تەندروستیی خێزانیی ئازادی’ بەهۆی نەبوونی ‘بەنجی ددان’ شەش مانگ کارکردن تێیدا وەستا کە نرخی بەنجەکە تەنیا پێنج سەد دیناری عێراقییە.
عەباس محەممەد دەڵێت: ”ئەگەر دەرمانی پێویست لە نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییە حکومییەکان هەبێت، ئەوا دەرمانخانەی تایبەت لە دەوروبەری نەخۆشخانەکان دروست نەدەکرا، چونکە بەدواداچوونەکانمان دەیسەلمێنن، زیاتر لە دوو دەرمانخانەی تایبەت لە دەوروبەری هەر نەخۆشخانەیەکی حکومی دروستکراون”.
بە گوتەی عەباس محەممەد، بەشێکی ئامێرەکانی تاقیگە لە نەخۆشخانە حکومییەکان لەکارکەوتوون، چونکە بەشێکیان گرێبەستیان لەگەڵ کۆمپانیای بەرهەمهێنەر کۆتایی پێهاتووە بەهۆی ئەوەی کە بودجەی پێویست نییە، هەروەها بەشێکی ئامێرەکان نوێکردنەوەی سیستمیان پێویستە.
تەنانەت باسی بەشێک لەو شوێنانەش دەکات کە ناڕێکییان لە پێداویستی تاقیگەدا هەیە وەکو؛
– بنکەی تەندروستیی نەورۆز کە تیوبی میز و گیراوەی تایبەت بە ئامێری CBC نییە.
– سەنتەری هەولێری فێرکاری بۆ نەخۆشییەکانی پێست هیچ ئامێرێک و پێداویستی بۆ پشکنینی هۆرمۆناتی تێدانییە.
– سەنتەری گواستنەوە خوێن دوو ئامێر بە بڕی 427 ملیۆن دینار لەساڵی 2014ـەوە کڕدراوە و کەمتر لە شەش مانگ کاریان پێکراوە، بەڵام تائێستا کارناکەن و پەکیان کەوتووە.