“ژیان بەهاترین شتە لای مرۆڤ کە تەنها یەک جار پێی دەبەخشرێت. پێویستە مرۆڤ بە جۆریک ژیان بەسەربەرێت کە پەشیمانی خۆی بۆ ساڵانێک دەڕنەبڕی کە بێ مەبەست بەسەری بردووە. گرنگە مرۆڤ شەرم لە ڕابووردووی خۆی نەکات و بتوانێ پێش مردنی بڵێت، کە هەموو ژیانی خۆی و تێکرای وزەکانی بۆ جوانترین شت لە ژیاندا تەرخان کردووە، ئەویش تێکۆشانە لە پێناوی رزگاری مرۆڤایەتی”.
لە ژیانی ناکۆک و پڕ ململانێی لە ئاستی کۆمەڵی خۆمان و لەسەرانسەری جیهاندا، تەنها تێکۆشانە کە جێژ بە ژیانی مرۆڤ دەدات و هەست دەکات کە ژیانی خۆی بۆ کاروانێکی ئێجگار پیرۆز تەرخان کردوە کە ئەویش سەربەخۆیی و ئازادی گەلی خۆی و رزگاری مرۆڤایەتییە.
نیکۆلای ئۆسترۆفسکی یەکێکە لەو کەسایەتییە شۆرشگێرانە کە بە کردوە ژیانی خۆی بۆ ئەم مەبەستە تەرخانکرد، و کاروانی ئەزمونی شۆرشگیری خۆی لە پێناوی گۆرانکاریکردن لە ژیان و خەونبینین بە کومەڵێک چەوساندنەوەی تێدا نەبێت و یەکسانی تێیدا مسۆگەر بێت، و تێکۆشانی خۆی و هاورێکانی بەکردەیی بۆ بنیادنانی ئەو کۆمەڵەگایە بووە، و ئەو ئەزمونەشی لە شاکارێکی ئەدەبیدا و لە دوو بەشی رۆمانی “تا پۆڵاش ئاودرا” تۆمارکرد.
یەکەمین چاپی ئەم رۆمانە لە دیسەمبەری 1934 چاپکراوە، و یەکەمین دانە لەو کتێبە خرایە سەر سنگی ئۆسترۆفسکی کە توانی تەنها بە پەنجە هەستی پێبکات، چونکە نوسەر لەو کاتەدا لە ماڵیکی سادە دەژیا کە حکومەتی سۆڤیەت بۆی تەرخانکردبوو. بەتەواوی نابینا و ئیفلیج بوو. تەنها پەنچەکانی دەستی دەجوڵا و هەستی کرد کە بەرگی رۆمانەکەی سەرەنێزەی جەنگاوەرێکە. لەو کاتەدا نوسەر بە نەرمی هاتە ئاخافتن. ووتی: دەمەوێ نوسێنەکانم سەرەنزێزەیەک بێت. لەو کاتەشدا هۆنراوەیکی مایکۆفسکی هاتەوە یادی کە ووتویەتی “دەمەوێت قەلەمەکەم وەک سەرەنزێزە بێت”. بۆیە دەگێرنەوە کە ئۆسترۆفسکی لەو کاتەدا ووتویەتی: کتێبەکەی منیش بۆتە چەکێک.
ژیانی ئۆسترۆفسکی هەمان ژیانی پاوڵ کۆرتشاگینە کە پاڵەوانی رۆمانەکەیەتی،و ژیانێکی ئێجگار سەخت و دژوار بووە. پاوڵ لەسەرەتای منداڵیدا دووچاری چەوساندنەوە بووە و کەسایەتییەکە لە نێو ڕووبەرووبونەوە و یاخیبوون و هەڵبژاردنی بەرەی چەوساوەکان و کارکردن بۆ نەریت و بەهای مرۆڤایەتی گەڵاڵە بووە. لەم کاروانەدا نەخۆشییەکانی سیل و گرانەتا، و پەلاماری دوژمنی دەرەکی و بیروکراسی حزبی، و کارکردن بۆ بەرژەوەندی تاکەکەسی و شاڵاوی تێکدەرانەی نەیارانی سۆسیالزم و کوێری و ئیفلیجبوون چوکی پێ دانەدا.
لە ژێر پەیکەری ئۆسترۆفسکی کە لە خانوکەیدا ماوە، نووسراوە:” فێربە بژیت، تەنانەت ئەگەر ئەگەر ژیانت ئێجگار ناجۆر بێت”.
لەوانەیە خوێنەر پێش خوێندنەوەی ئەم رۆمانە پرسیارێک لە خۆی بکات کە بابەتی سەرەکی ئەم رۆمانە چییە؟!
لەم رۆمانەدا کۆمەلێک بابەتی گرنگ بەدیدەکرێن لەوانە: مافی منداڵ، نەهامەتی خێزانە چەوساوەکان، تاوانەکانی حکومەتی سیزاری حوکمران لە روسیا، بەرەنگاربونەوەی کرێکاران و پرۆلیتاریا، تاوانی خانەدانە حوکمرانەکان، ئەشکەنجەدانی تێکۆشەران لە بەندیخانەکاندا، کاری نهێنی تێکۆشەران، بەرپابوونی شۆرشی ئۆکتۆبەر، تاوانەکانی سوپای سپی، قارەمانێتی و قوربانییەکانی سوپای سوور، رۆڵی لاوان، رێکخستنی کرێکاران و سەندیکاکان، بەشداری ژنان، ئەزمونی کاری رێکخستن، رووبەرووبونەوەی کەرتخوازی و شاڵاوی تێکدەرانە لە نێو حزبدا، رێکخستنی ئەرکی رۆشنبیری و روناکبیری لە حزبدا، رۆڵی ئاین و پیاوانی ئاینی لە ململانییەکاندا، وەزعی نەتەوە و پێکهاتە پەراوێزخراوەکان لە کۆمەڵدا، دایک وخێزان، کاری بە کۆمەڵ، ململانێ لەگەڵ سروشت، بنیاتنانی ژێرخانی ئابوری و هێڵی ئاسنین و کارگەکان،فەلسەفەی جەنگ، پاراستنی سنوور، تێکۆشانی زەحمەتکێشانی سەرجەم نەتەوەکان، ململانێ لە گەڵ خود، فەلسەفەی کارکردن، بەها و نەریتی سۆسیالستی، فەلسەفەی خۆشەویستی، نهێنییەکانی ژیان و مردن.
کاتێک تێکرای ئەم بابەتانە و هەڵوێست دەربارەیان لەم رۆمانەدا دەدۆزیتەوە، پرسیارێک خۆی دەخاتە روو، ئەویش ئایا چۆن تاکە کەسێک توانای نوسینەوەی ئەم شاکارەی هەیە؟
ئەگەر کەسایەتی نیکۆڵای ئۆسترۆفسکی لە نێو کۆمەڵگای سۆڤیەتی جاران و لە جیهاندا نادیار بوایە وکەسانێک نەبوایە، کە بەشدارییان لەگەڵیدا لە تێکۆشان و ئازار و سەرکەوتن و لە چرکە ساتەکانی نوسینەوەی رۆمانەکی لەگەڵیدا نەبوونایە، و کەسانێک ناودار وەک نووسەرانی گەورەی فەرنسا رۆمین رۆلان و ئەندریە جید لە کاتی نەخۆشیدا سەردانی ئۆسترۆفسکی یان نەکردایە و ئاگاداری رۆمانەکی نەبوونایە، هەڵبەتە گومانێک درووست دەبوو، کە چۆن تاکە کەسێک دەتوانی ئنجیلی شۆرش و تێکۆشان بنوسێت، چونکە کاتێک کە ئەم رۆمانە دەخوێنیتەوە وا دەزانی کۆمەڵێک پسپۆر لە بواری هزری مارکسی و بواری دەرووناسی و سۆسیۆلۆجیا و کاری رێکخستن و پسپۆری سەربازی و .. هتد بە کۆمەڵ دانیشتوون و ئەم رۆمانەیان نوسیوە. هەر بۆیە ئەم رۆمانە لە قوتابخانەکانی سۆڤیەتی جاران وانەی خوێندن بووە. بۆیە ئەگەر لێم بپرسن بابەتی ئەم رۆمانە چییە؟ ئەوا وەڵامم ئەوەیە کە رۆمانی تێکۆشان و ژیان.
ئەم رۆمانە تا ئێستا لە شەست وڵاتدا بۆ پەنجاوشەش زمان وەرگیراوە،و شاکارێکی ئەدەبی سوسیالستییە، و ئەرکی ئەم رۆمانە ئەوە نەبووە، کە بەشان وباڵی سۆسیالزمدا بڵێت. لە رۆمانەکەدا خاڵە پۆزەتیفەکانی تێکۆشان و قوربانیدان بۆ بنیادنانی ژیانی یەکسانی و خەون بینین بە سۆشیالستی وکارکردن لە پێناویدا دیارە، بەڵام لە هەمان کاتدا سەرجەم دیاردە نەگەتیف و کەموکورییەکانی ئەم کاروانە زۆر بە ووردی دەستنیشان کراوە، و ئاراستەی رەخنەگرتن لەو دیاردانە، کە دوواتر تەشەنەکردنی بۆتە هۆی هەرەسهێنانی ئەزمونی بنیاتنانی سۆسیالستی، زۆر بە ووردی لەلایەن ئۆسترۆفسکی دەستنیشان کراوە.
هاورێم گشاد حمە سعید ئەرک و قورساییەکی زۆر کەوتە ئەستۆی لە وەرگێرانی ئەم رۆمانە لە زمانی فارسییەوە بۆ کوردی لە چاپێکی بنکەی بەخشی (رادۆگا)ی سۆڤییەتییەوە، کە شێوازی تاجیکی بەسەردا زاڵبوو. دەقە فارسییەکە هەڵەی گەورەی تێیدابووە بۆیە ئەرکی بەراوورد کردنی رۆمانەکە لە گەڵ دەقی عەرەبی کە نوسەری گەورە (غائب تعمە فرمان) ئەم رۆمانەی لە ڕوسییەوە بۆ عەرەبی وەرگێرابوو، بە منی ڕاسپارد و بەیەکەوە بۆ ماوەی شەش مانگ کارمان لە سەر هەردوو بەشی رۆمانەکە کرد.
کاتێک لەگەڵ هاورێ گشاد سەبارەت بە ناوی رۆمانەکە، پرسیارمان لە مامۆستامان پرۆفیسۆری ڕەوانشاد هاورێ عزدین مستفا رسول کرد، پێی باش بوو ناوی ڕۆمانەکە (تا پۆڵاش ئاودرا) بێت.
کاتێک کارمان لەسەر ئەم شاکارە ئەدەبییە دەکرد، مامۆستا بەڕێز حمە فەریق حەسن کاری وەڕگێڕانی ئەم ڕۆمانەی بۆ کوردی دەکرد و، بەم جۆرەش دوو وەرگێران سەبارەت بەم ڕۆمانە هەیە.
لە ئەنجامدانی ئەم کارە پێویستە سوپاس بۆ ئومید ساڵح کە سپۆنسەری دارایی تایپکردن بووە، د.مولود ئیبراهیم کە چاوی بە بەرگی یەکەمی رۆمانەکە کردووە، هیوا مستەفا کە چاوی بە بەرگی دوەم کرد. پشتیوان ڕۆمانەکەی تایپکرد. هێرش مغدید دیزانی کرد. نەبەز مستەفا سەرپەرشتی چاپکردن لە ئەستۆیدا بووە.
ئەم کارە (720) ڵاپەڕەیە، پێشکەشە بۆ تێکۆشەرانی رێگای سەربەخۆیی کوردستان و ئازادی ویەکسانی مرۆڤایەتی و سۆشیالزم.