نەبوونی متمانە لە نێوان نەخۆش و پزیشک وەک ئەوە وایە مەکینەیەکی درومان بەکاربخەیت بەڵام داوی تێدا نەبێت !هەروەک چۆن متمانەو پەیوەندی باشی نێوان قوتابی و مامۆستا هۆکارێکی گرنگە بۆ بە دەست هێنانی نمرەی بەرز!. بۆیە متمانەی نێوان نەخۆش و پزیشک هۆکارێکی سەرەکیە لە سەرکەوتنی پڕۆسەی چارەسەرکردن..
چۆن متمانەیەکی پتەو دروست بکرێت لە نێوان نەخۆش و پزیشکدا؟
۱. لەسەر پزیشک پێویستە، ڕێز لە هەست و باری دەروونی نەخۆش بگرێت و بزانێت کە نەخۆش نەخۆشە! پێش چارەسەری نەخۆشیەکەی پێویستە باری دەرونی نەخۆش سەقامگیر بکرێت.
٢. لەسەر پزیشک پێویستە لە پڕۆسەی چارەسەرکردن هیچ جیاکاریەکی (ئاینی، سیاسی، کۆمەڵایەتی، نەتەوەیی و ڕەگەزی) نەکات و ئەوها سەیری نەخۆش بکات کە کەسێکی خانەوادەی خۆی چارەسەر دەکات.
٣. لەسەر پزیشک پێویستە پەیوەندیەکی پیشەییانە دروست بکات لەگەڵ نەخۆش، وە ڕێز بگرێ لە بیرو ڕای نەخۆش بۆ ڕێگاکانی چارەسەر و پێویستە ڕێنمایی زانستی تەواو بدات بە نەخۆش و هەوڵ بدات ئاستی هۆشیاری تەندروستی نەخۆش زیاتر کات و بە هەموو شێوەیەک نهێنی نەخۆش بپارێزێت.
لەسەر نەخۆش و خانەوادەکەی پێویستە
۱. بەوپەڕی ڕێزو متمانەوە سەیری کاری پزیشک بکەن، ڕێز لە توانای بەرزی زانستی پزیشک بگرن، لەوە تێبگەن کەسێک دوای ۲٥ ساڵ لە شەونخونی و هەوڵ دان و خوێندن ئینجا بووە بە پزیشکێکی پسپۆڕ.
٢. نەخۆش پێویستە هاوکاری پزیشک بکات و زانیاری تەواو بدات بە پزیشک بۆ دیاریکردنی نەخۆشیەکەی، وە ڕێنماییەکانی پزیشک جێبەجێ بکات و باوەڕی بە پزیشکەکەی بێت و تێبگات کە ئامانجی پزیشک چارەسەر کردنی نەخۆشە.
٣. لە بواری پزیشکی کۆمەڵە پسپۆڕیەکی جیاواز هەیە نەخۆش پێویستە لەوە تێبگات کە هەر پزیشکێک لە بوارەکەی خۆی نەخۆش چارە دەکات نەک هەموو نەخۆشێک چارەبکات..
حکومەت
لەسەر حکومەت پێویستە مافی تەواو بدات بە پزیشکان، وە لەوە تێبگات پیشەی پزیشکی پیشەیەکی هەستیارە، بۆ ئەوەی پزیشکێک بەوپەڕی دڵسۆزیەوە کارەکەی خۆی بکات پێویستە باشترین مافی پێبدەیت.
ڕاگەیاندن و میدیا
لەسەر ڕاگەیاندن و میدیا پێویستە هەموو هەوڵێک بدەن بۆ ئەوەی متمانەیەکی باش دروست بکەن لە نێوان نەخۆش و پزیشك، چونکە لە نەبوونی متمانە زەرەرمەندی یەکەم نەخۆشە، بە داخەوە میدیای کوردی ڕۆڵێکی باشی نەبووە لە دروست کردنی ئەو متمانەیە.
کۆمەڵگەو ڕای گشتی
کۆمەڵگەو ڕای گشتی پێویستە لە گرنگی و پیرۆزی کاری پزیشک تێبگەن، لەوە تێبگەن پزیشک هەموو ژیانی خۆی لەگەڵ نەخۆش و نەخۆشخانەکان بەسەردەبات، لەوە تێبگەن پزیشک وەکو تاکێک لە کۆمەڵگە پێگەیشتوە، وە پزیشکیش مرۆڤە، وە مرۆڤیش شایەنی هەڵەیە، بۆیە لە کاتی ڕودانی هەڵەیەک لە کەرتی تەندروستی کارێکی نەشیاوە ئەو هەڵەیە بە هەڵەی پزیشک ناوببرێت، چونکە ئەوە وا دەکات متمانە نەمێنێت لە نێوان نەخۆش و پزیشک بە گشتی. وە گەر سەلمێنرا هەر پزیشكێک هەڵەیەکی کرد و بە ئەنقەست زیانی بە نەخۆشێک گەیاند ئەوا پێویستە پزیشکەکە ڕووبەڕوی یاسا بکرێتەوە و یاسا کەیسەکە یەکلایی بکاتەوە و سەرپێچیکار سزای یاسایی بدرێت، بۆیە نابێت گشتاندن بکرێت و تەڕ و وشك پێكەوە بسوتێنرێت .
بۆیە:
با هەموان پێکەوە هەوڵ دەین متمانەی نێوان نەخۆش و پزیشک پتەو کەین، هەموان بەوەوە جوانین بە ڕێز و قەدرەوە لەگەڵ یەکتر بژین لە کۆمەڵگە.